پەرەگراف
هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە)، لەبارەی "جووڵەی گێچەڵئامێز و گوماناوی" گرووپە چەكدارییەكان و مەترسیی هەرەسهێنانی ڕێككەوتنی نێوانیان، هۆشداری دەداتە حكومەتی دیمەشق. ڕایدەگەیەنێت كە تا ئێستا هێزەكانیان دانیان بە خۆیاندا گرتووە، بەڵام لە ئەگەری بەردەوامبوونی بەئامانجگرتنەكان، وەڵامیان دەبێت.
لە ڕاگەیەندراوێكدا كە شەوی دووشەممە 11-08-2025 بڵاوی كردووەتەوە، هێزەكانی سووریای دیموكرات ڕایگەیاند "گرووپەكانی سەر بە حكومەتی دیمەشق، ماوەی چەند ڕۆژێكە گێچەڵ بە هێزەكانمان دەكەن، لە چەند ناوچەیەك بەتایبەتی لە دەوروبەری شارۆچكەی دێر حافر و گوندەكانی دەوروبەری، دەستیان بە جووڵەی گوماناوی كردووە".
هەسەدە، ئەو گرووپانە بە "بەردەوامبوون لەسەر پێشێلكردنی ئاگربەست" تۆمەتبار دەكات، لە كاتێكدا وەكوو خۆی دەڵێت، هێزەكانی هەسەدە "پابەندی دانبەخۆداگرتن بوون و وەڵامی ئەو گێچەڵپێكردنە بەردەوامانەیان نەداوەتەوە".
بەڵام هێزەكانی سووریای دیموكرات هۆشداری دەدات كە "ئەگەر بەردەوام بن لە بەئامانجگرتنی هێزەكانمان، ناچار دەبین لە چوارچێوەی بەرگریی ڕەوادا وەڵامیان بدەینەوە".
شارۆچكەی دێر حافر لە پارێزگای حەلەب، دەكەوێتە 50 كیلۆمەتری ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەب. زۆرینەی ناوچەكانی دەوروبەری بەدەست هێز و گرووپەكانی سەر بە حكومەتی كاتیی سووریاوەیە.
هەروەها سەبارەت بە دۆخی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب كە دوو گەڕەكی كوردنشینن، هەسەدە لە ڕاگەیەندراوەكەیدا دەڵێت "گرووپەكانی سەر بە حكومەت لەوێش كۆبوونەتەوە و پشكنینیان چڕكردووەتەوە. لە گێچەڵپێكردنێكی ڕوون و ئاشكرایشدا، فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بەردەوام بە ئاسمانی هەردوو گەڕەكەكەدا دەسووڕێنەوە".
هەسەدە هەوڵی ئەو گرووپانەی بە "پێشێلكاریی ئاگربەست و ناكۆك لەگەڵ ناوەرۆكی ئەو ڕێككەوتنەی كە ئەنجوومەنی گەڕەكەكانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە 1ـی نیسانی ڕابردوودا لەگەڵ حكومەتی دیمەشق واژوویان كردووە"، ناو دەبات، دەشڵێت "بووەتە جێی ناڕەزایەتیی دانیشتووانی ئەو گەڕەكانە و سەلامەتیی هاووڵاتییانی مەدەنیی خستووەتە مەترسییەوە".
هێزەكانی سووریای دیموكرات داوا لە حكومەتی سووریا دەكات ئەو گرووپە "لەیاسادەرچووانە" كۆنترۆڵ بكات و ڕێگە نەدات ببنە هۆی "هەرەسهێنان"ـی ڕێككەوتن و لێكتێگەیشتنە واژووكراوەكانی نێوانیان.
هەسەدە لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەیدا جەختی لە دووركەوتنەوە لە "هەر هەنگاوێك كە گرژییەكان زیاد دەكات" و ڕوو لە حكومەتی دیمشەق دەڵێت "پارێزگاری لە ئاشتیی كۆمەڵایەتی لە شاری حەلەب و ناوچەكانی دیكە بكەن".