پەرەگراف
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی سلێمانی کە ئاگاداری دۆسیەکەیە دەڵێت، شاسوار عەبدولواحد بە بڕیاری دادوەر ئەمشەو لە سلێمانی دەستگیر کراوەو لە دۆسیەیەکی یاساییدا چەندجارێک داواکراوە بچێتە دادگا بەڵام ئامادە نەبووەو سزای بۆ دەرکراوە، بەڵام نەوەی نوێ قسەی جیاوازی هەیە لەسەر دەستگیرکردنەکە.
ئەو سەرچاوەیە بە پەرەگرافی وت "دادوەر بە غیابیی سزای شەش مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاندووەو بۆ جێبەجێکردنی سزاکە پۆلیس دەستگیری کردووە".
بڕیاری سزادانەکەی شاسوار عەبدولواحید بە بەندکردن بۆ شەش مانگ لە دادگای کەتنی دوو لە سلێمانی لە 3-8-2025 دەرچووەو شیاوی تانەلێدانەو دەگەڕێتەوە بۆ سکاڵایەک کە ساڵی 2019 تۆمار کراوەو ئەوکاتیش بەهۆیەوە لێکۆڵینەوە لە شاسوار عەبدولواحد کراوەو دوو هەفتە لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدا زیندانیی کراوە.
لەسەر دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحد، نەوەی نوێ هێرشی تووند دەکاتەسەر یەکێتی نیشتیمانی کوردستان.
فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت "ڕفاندنی کاک شاسوار دوای ئەوە دێت کەلەچەند ڕۆژی ڕابردوو ڕایگەیاند کە ئەگەر لەم هەفتەیە کێشەی موچە چارەسەر نەکرێت و حکومەتی کاربەڕێکەر ڕێکەوتنەکەی جێبەجێ نەکات ئەوا لەهەفتەی داهاتوو بەکرداری نەوەی نوێ هەڵوێستی گرنگی دەبێت".
"وەک فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان ئەو ڕەفتارەی سەرانی یەکێتی ئیدانەو شەرمەزار دەکەین و بەهەموو لایەکی ڕادەگەیەنین کە پاراستنی گیانی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە ئەستۆی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانیدایە" فراکسیۆنەکە وادەڵێت.