وەزارەتی سامانە سروشتییەكان: لەگەڵ وەزارەتی نەوت لەسەر میكانیزمی هەناردەكردنەوەی نەوت ڕێككەوتین
پەرەگراف
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕێككەوتن لەسەر "میكانیزمی هەناردەكردنەوەی نەوت" لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند و دەڵێت "50 هەزار بەرمیل بۆ پێویستیی ناوخۆی هەرێم گلدەدرێتەوە و بەرهەمەكەی دیكە بۆ هەناردەكردن ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ دەكرێت".
دەقی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان:
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق لە سەر میكانیزمی هەناردەكردنەوەی نەوت ڕێككەوتن و كۆنووسی ڕێككەوتنەكەش لەلایەن 23 كەسایەتی شاندی هەردوولا واژۆ كراوە 17 ئەندامی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بوون.
كۆبوونەوەكان لە ١٧ مانگی ٧ دەستیانپێكرد و لەم ماوەیە سەردانی تەواوی كێلگەكانی هەرێم كراوە و دوای هەڵسەنگاندنی كێشەكانی هونەری گفتوگویەكی زۆر، لە ١١ی مانگی ٨ رێكەوتن لە سەرمیكانیزمی هەناردەكردنی نەوتی كێڵگەكانی هەرێم كراوە ، كە بە گوێرەی بەرهەمی ڕۆژانەی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت، ئەویش دوای ئەوەی 50 هەزار بەرمیل بۆ پێویستی ناوخۆی هەرێم گلدەدرێتەوە، بەرهەمەكەی دیكە بۆ هەناردەكردن ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ دەكرێت.
هەروەها بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان ماوەتەوە حكوومەتی فیدراڵ لەگەڵ حكوومەتی توركیا قسە بكات و پرۆسەكە جێبەجێ بكرێت.