بانكی ڕافیدەینی عێراقی لە واشنتن گرێبەستێكی بۆ ‏‏"بەرەنگاربوونەوەی سپیكردنەوەی پارە و پارەداركردنی تیرۆر" ‏واژوو كرد

15-08-2025 06:30
واژووكردنی گرێبەست لەنێوان بانكی ڕافیدەین و كۆمپانیای كەی توو ‏ئینتیگریتی (‏K2 Integrity‏)ـی ئەمریكی

پەرەگراف

بانكی ڕافیدەینی عێراقی لە واشنتن گرێبەست و ڕێككەوتنێكی بۆ ‏‏"بەرەنگاربوونەوەی سپیكردنەوەی پارە و پارەداركردنی تیرۆر" ‏لەگەڵ كۆمپانیایەكی بەناوبانگی ئەمریكی واژوو كرد. بانكەكە ‏ئەم گرێبەستە بە "دەستكەوتێكی جۆریی بانكی" وەسف دەكات و ‏دەڵێت "ئەمە متمانەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە چاكسازییە ‏داراییەكانی عێراق نیشان دەدات".‏

ئەم گرسێبەستەی بانكی ڕافیدەین لە كاتێكدایە هەر ئەمڕۆ كۆنگرێسمانێكی ئەمریكی ‏بانكەكەی بە "پارەداركردنی تیرۆر" تۆمەتبار كرد و وتی "بانكی ڕافیدەین مامەڵە ‏لەگەڵ حوسییەكانی یەمەندا دەكات".‏

بانكی ڕافیدەین گرێبەستەكەی لەگەڵ كۆمپانیای كەی توو ‏ئینتیگریتی (‏K2 Integrity‏)ـی ئەمریكی ئەنجام داوە ‏كە لە بوارەكانی ڕاوێژكاریی دارایی و چاودێریدا كار دەكات. ‏بانكی ڕافیدەین، كۆمپانیاكە بە "پێشەنگ لەسەر ئاستی ‏جیهان" ناو دەبات.‏

گرێبەستەكە لە بارەگای باڵیۆزخانەی عێراق لە واشنتنی ‏پایتەختی ئەمریكا واژوو كرا.‏

بانكی ڕافیدەین دەڵێت "كۆمپانیای (كەی توو ئینتیگریتی) ‏پاكێجێكی خزمەتگوزاریی ڕاوێژكاری و تەكنیكی و ‏گەشەپێدانی ئاستبەرز پێشكەش دەكات، كە ئامادەكردنی ‏ڕاپۆرتی بەپێی بەرزترین ستانداردە نێودەوڵەتییەكان لە ‏هەردوو بواری بەرەنگاربوونەوەی سپیكردنەوەی پارە و ‏پاڵپشتیی دارایی تیرۆر، هەروەها جێبەجێكردنی ‏سیستەمەكانی پابەندبوون كە لە بانك و دامەزراوە داراییە ‏گەورەكانی جیهاندا پەیڕەو دەكرێن، لەخۆ دەگرێت".‏

د. كەریم عەلی فەتلاوی، بەڕێوەبەری گشتی و سەرۆكی ‏ئەنجومەنی كارگێڕیی بانكی ڕافیدەین، جەخت دەكاتەوە كە "ئەم ‏هاوبەشییە، بازدانێكی جۆرییە لە ڕێڕەوی چاكسازیی بانكیدا". ‏دەشڵێت "ئەم ڕێككەوتننامەیە بەشداریی دەكات لە بەهێزكردنی ‏متمانە بە بانكە عێراقییەكان و كردنەوەی ئاسۆی فراوانتر بۆ ‏هاریكاری لەگەڵ ئەو بانكانەی كاری حەواڵە دەكەن لە سەرانسەری ‏جیهاندا".‏

هەر ئەمڕۆ 15-08-2025 و چەند كاتژمێرێك بەر لە گرێبەستەكە، جۆو ویڵسن، ‏كۆنگرێسمانی ئەمریكی، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس دەڵێت "بانكی ڕافیدەین كە سەر ‏بە دەوڵەتی عێراقە، مامەڵەی دارایی لەگەڵ حوسییەكانی یەمەن ئەنجام دەدات". ‏دەشڵێت "ئێمە ناوێكمان بۆ ئەم وڵاتانە هەیە، ئەویش سپۆنسەری تیرۆرە".‏

جۆو ویڵسن ڕایگەیاند، لە كاتی ئامادەكردنی بودجەی ئەمریكا، كار بۆ بڕینی ‏پارەداركردنی عێراق دەكەن، داواش لە گەنجینەی ئەمریكا دەكەن سزای بانكی ‏ڕافیدەین بدات.‏