وەزارەتی تەندروستی كلینیكی تایبەت دەكاتەوە بۆ وازهێنان لە جگەرە

31-05-2019 07:13


پەرەگراف – هەڤاڵ زەنگەنە

ئیحسان ماوەی 31 ساڵە جگەرە دەكێشێت، ئەو لە تەمەنی هەرزەكاریداو لە ڕێگای هاورێكانییەوە فێری جگەرەكێشان بووە، بەڵام تا ئێستا كە لە تەمەنی 47 ساڵیدایە نەیتوانیوە وازی لێبهێنێت سەرەڕای ئەو نەخۆشییە كوشندەیەی توشی بووە.

ئیحسان خێزاندارەو پێشمەرگەیەو دانیشتووی قەزای چەمچەماڵە، مانگی ڕابردوو توشی جەڵتەی دڵ بوو، ئەو بۆ پەرەگراف دەڵێت، پزیشك پێی وتووە یەكێك لە بۆرییە سەرەكییەكانی دڵی گیراوە‌و هۆكاری سەرەكیش جگەرە كێشانە، سەرەڕای نەشتەرگەرییەك كە بۆی كرا، پێویستە لە نزیكترین كاتدا قەستەرە و باڵۆنی بۆ بكرێتەوە.

جگەرە هۆكاری سەرەكیی توشبوونە بە چەندین نەخۆشیی، بەتایبەت نەخۆشییەكانی سیی، سنگ‌و دڵ ئەوەش بەهۆی ئەو ماددە زیان بەخشانەی لە تووتندا هەن.

ساڵانە 31ی ئایار وەك ڕۆژی ڕوبەڕوبوونەوەی بەكارهێنانی توتن(جگەرەو نێرگەلە) دیاریكراوە، لەو ڕۆژەدا چەندین چالاكیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی جگەرەكێشان ئەنجام دەدرێن‌و هەڵمەتی هۆشیاریی بەڕێوەدەچن.

لە هەرێمی كوردستان بۆ هەمان مەبەست، لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی جگەرە لەنێوان دەستەی ژینگە، وەزارەتی تەندروستی‌و بازرگانی پێكهات، سەرۆكی پێشووی ئەو لیژنەیە بۆ پەرەگراف دەڵێت "ساڵانە بە بەهای 70 ملیۆن دۆلار جگەرە دێـتە هەرێمی كوردستانەوە‌و بەراورد بە ڕێژەی دانیشتووان ئەو بڕە جگەرەیە زۆر زۆرە".

هەرچەندە ئاماری نوێ نییە دەربارەی جگەرەكێشانی هەرێم، بەڵام لوقمان شێروانی، سەرۆكی پێشووی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەو نێرگەلە لە هەرێمی كوردستان ئامارێكی ساڵی 2008ی لە بەردەستدایە، "بەپێی ڕاپرسییەك كە ساڵی 2008 لەلایەن دەزگای ژیانەوە لە هەرێمی كوردستان كراوە 30%ی دانیشتوانی هەرێم جگەرەكێشن. وە بەپێی ئامارێكی ساڵی 2015ی وەزارەتی تەندروستی عێراق 23%ی هاووڵاتیانی عێراق جگەرەكێشن‌و بەرزترین ڕێژەش لە پارێزگای دهۆكە".

بەپێی یاسای ژمارە 31ی پەرلەمانی كوردستان كە تایبەتە بە نەهێشتنی جگەرە و نێرگەلەكێشان، هەركەسێك لە شوێنە گشتییەكان جگەرە بكێشێت بە 10 هەزار دینار غەرامە دەكرێت، بەڵام لە واقیعدا ئەوە وەكخۆی جێبەجێ ناكرێت.

لوقمان شێروانی، ئاماژە بەوەدەكات، نێرگەلە زیانەكانی زۆر لە جگەرە زیاترە و یەك نێرگەلە یەكسانە بە یەك پاكەت جگەرە‌و یەك كاتژمێر كێشانی نێرگەلە وەك 5 پاكەت جگەرە وایە‌و زیانەكانیشی زۆر لە جگەرە زیاترە، "چونكە هەم دەستكاری توتنەكە دەكرێت لە تامداو ساردكردنەوەی دووكەڵەكەشی لەناو ئاودا شێداری دەكات‌و هۆكاری دەیان نەخۆشییە".

بەپێی زانیارییەكانی بەردەست لوقمان شێروانی، زیاتر لە 200 جۆر جگەرە هاوردەی بازاڕەكانی عێراق دەكرێن‌و بەشی زۆریان كوالێتییان زۆر خراپە، "بەوتەی شارەزایان بە هۆی كەمیی نرخەكەیەوە گومان دەكرێت هەر توتنیان تێدانەبێت".

كێشانی توتن ساڵانە زیاتر لە 8 ملیۆن كەس دەكوژێت لەسەر ئاستی جیهان ، بەجۆرێك 7 ملیۆنی لە كەسانی جگەرەكێشە و ئەوانی دیكە جگەرەكێشی دووەمینن، واتە خۆیان جگەرەكێش نین، بەڵام لەگەڵ كەسانێك دەژین و كاردەكەن كە جگەرەكێشن و دووچاری دوكەڵ و ژەهرەكانی توتن دەبنەوە، بەپێی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی تەندروستی هەرێم.

د. خاڵس قادر، وتەبێژی وەزارەتەكە بۆ پەرەگراف زیانەكانی جگەرەو توتنی خستە ڕوو، وتی"هۆكاری سەرەكیی توشبوونە بە نەخۆشییەكانی سنگ و ڕەبۆ و كۆئەندامی هەناسە و گیرانی بۆرییەكانی دڵ و جەڵتەی دڵ و مێشك و هەوكردنی بەردەوامی گەدە و كۆئەندامی هەرس و شێرپەنجە بەگشتیی، هەروەها گیرانی بۆرییەكانی خوێن كە زۆرجار قاچی كەسێك بەهۆیەوە دەبڕدرێتەوە".

خاڵس قادر ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی جگەرەكێشان، بە بەشداریی وەزارەتی تەندروستی، ناوخۆ، پلاندانان، ڕۆشنبیری و بازرگانی، وەزارەتەكەیان كار بۆ دروستكردنی یەكەكانی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەكێشان لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان دەكات"

"لە ئێستادا كار بۆ كلینیكی تایبەت بە چارەسەری جگەرەكیشەكان دەكرێت بۆ وازهێنان لە جگەرە، لەڕێگای وەزارەتی تەندروستی عێراق و ڕێكخراوی تەندروستی جیهانییەوە دەرمانی پێویستی بۆ دابین دەكرێت" خاڵس قادر وای وت.

هاوكات لیژنەكانی چاودێریی تەندروستی بەردەوام چاودێریی شوێنەكانی تایبەت بە نێرگەلەكێشان دەكەن.

هەر بەمەبەستی كۆنتڕۆڵكردنی زیاترو كەمكردنەوەی نێرگەلەكێشان، پێدانی مۆڵەت بە كردنەوەی شوێنی نێرگەلە ماوەی 2 ساڵە ڕاگیراوە، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت "ئێستاش ڕێنمایی توند دانراوە و ڕێگا نادرێت لە هەموو شوێنێك دابنرێت، ئەوەش بە هاوكاری تیمەكانی قائیمقامیەتەكان".