پەرەگراف- هەڤاڵ غالب
قاچاخچێتی و هاوردەكردنی كەلوپەلی قەدەغەكراو لە خاڵە سنورییەكانی هەرێم، ئەنجومەنی وەزیرانی ناچاركرد كە هەردوو وەزارەتی ناوخۆو پێشمەرگە بۆ دروستكردنی هێزێكی هاوبەش ڕابسپێرێت، بەڵام نزیكەی مانگێك بەسەر ئەو بڕیارە تێدەپەڕێتو هێشتا هەنگاوی كرداریی بۆ نەنراوەو قاچاخچێتیو كاری نایاساییو گەندەڵیی لە دەروازەكان بەردەوامە.
دوای چەندین مانگ فشاری ڕاگەیاندنو پەرلەمانتاران، ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم بە ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی لە كۆبوونەوەی ڕۆژی 7ی مانگی ڕابردوو، هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگەی ڕاسپارد هێزێكی تایبەت و هاوبەش پێكبهێنن بۆ ڕێگەگرتن لەهەر پێشێلكاری و سەرپێچی و كارێكی نایاسایی، لە سەرجەم دەروازە سنوورییەكان.
فەریق جەمال ئیمنیكی سوپاسالاری پێشمەرگە بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، تائێستا هیچ هێزێك دروست نەكراوە، هەرچەندە هەردوو وەزیری ناوخۆ و پێشمەرگە كۆبونەتەوەو قسەیان لەسەر كردووە، وتی "تائێستا هیچ وردەكارییەك نەگەیشتۆتە وەزارەتی پێشمەرگەو هیچ ڕێكارێكی ئیداریی نەبڕیوە لە وەزارەتی پێشمەرگە".
هاوكات فەریق جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ پەرەگراف باسی لەوەكرد ئاگاداری ڕێكارەكانی ئەو پرسە نییە، وتی "لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لەسەردراوە، دواتر وەزیری پێشمەرگەو ناوخۆ كۆبونەوەتەوە و من لە كۆبونەوەكە نەبووم نازانم وردەكاری چییە".
بەپێی بڕیاری حكومەتی هەرێم، ئەو ھێزە ھاوبەشەی پێكدەهێنرێت، دەسەڵاتی قانونیی پێویستی دەبێت بۆ جێبەجێكردنی یاسا و ڕێكارەكان لە دەروازەكان و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی و كاری ناقانونی لە سەرجەم دەروازەكان بەبێ جیاوازی.
عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان كە زۆرترین قسەی لەسەر قاچاخچێتیو گەندەڵیی خاڵە سنورییەكان كردووە، ئەمڕۆ لە فەیسبوك ئەوەی خستەڕوو، لە مانگی 3ــی2020 بڕیاری ڕێگری لە قاچاخچێتی دراوەو جێبەجێنەكراوە، لە ھەمانكاتدا بڕیاردراوە پێداچونەوە بە گرێبەستی ئەو كۆمپانیایانە بكرێت كە "مانگانە بە 13 ڕێگا دەیان ملیۆن دۆلار وەردەگرن!" ئەویش جێبەجێنەكراوە.
ئەو پەرلەمانتارە ڕەخنەی ئەوەش دەگرێت، كە هێشتا هێزی هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگەو ناوخۆ پێكنەهێنراوە بۆ ڕێگریی لە قاچاخچێتی، دەڵێت "ئەوەی كراوە تەنیا چەند جۆرێك كاڵای قاچاخی وەك ھەنگوین و ئاژەڵ و ئۆتۆمبێل لە سنوری سلێمانی و گەرمیان ڕاگیراوە. خاڵە سنورییەكان پەڵەیەكی ڕەشە.. ئەم تاڵانی و گەندەڵییە خەتای عێراق نیە".
عەلی حەمەساڵحو دابان محەمەد پەرلەمانتارانی گۆڕان، سەرەتای ئەم هەفتەیە لەسەر داوای خۆیان پارێزبەندییان لەسەر هەڵگیرا تا بچنە بەردەمی دادگا بەهۆی سكاڵایەكی دەروازەی باشماخ، بەهۆی ئەوەی كۆتایی ساڵی ڕابردوو بابەتێكیان بڵاوكردەوەو تێیدا ئاماژەیان بە قاچاخچێتی لەو دەروازەیە كرد.
لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان لە دۆخێكی سەختی داراییدایەو حكومەت پارەی نییە بۆ مووچەی مانگانە، بەڵام وەك پەرلەمانتاران دەڵێن، داهاتی قاچاخچییەكان مانگانە دەیان ملیۆن دۆلارە لە دەروازەكانی هەرێم، ئەوەش زیانگەیاندنە بە داهاتی گشتیی.
شاخەوان ڕەئوف، سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی كوردستان بۆ پەرەگراف وتی "بڕیاری دروستكردنی هێزە هاوبەشەكە دراوە، لە ڕێگەی وەزارەتی ناوخۆ بەدواداچونمان كردووە دەڵین ئەم هێزە ئامادەكاریی دەوێت، بەڵام كاری تێدا كراوە".
بەوتەی سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش، ئەو هێزە بۆ ڕێگرییە لە قاچاخچێتی لە هەموو سنورەكان، "ئێمەش وەك پەرلەمانی كوردستان هەربڕیارێك لە بەرژەوەندی هاوڵاتیان و كۆكردنەوەی داهات بێت، پشتیوانی دەبین".
ناڕەزایەتی پەرلەمانتاران لەسەر دۆسیەی قاچاخچێتیو گەندەڵیی خاڵە سنورییەكان لە چەند لایەنێكەوەیە، بەشێكیان قۆرخكارییو كاری نایاسایی ژمارەیەك كۆمپانیایە كە داهاتێكی زۆر بە ناڕەوا بۆ خۆیان كۆدەكەنەوە، بەشێكی دیكەی پەیوەندی بە نەدانی گومرگو هاوردەكردنی كاڵای قەدەغەكراو هەیە بە ڕێگای فەرمییو لە دەروازەكانەوە.