وتەبێژی پارتی: دەنگنەدانی یەكێتی بە سەرۆكی هەرێم كاریگەری لەسەر ڕێككەوتنەكەی نێوانمان دەبێت

01-06-2019 01:34
مەحمود محەمەد وتەبێژی فەرمیی پارتی. وێنە؛ پەرەگراف


پەرەگراف

وتەبێژی پارتی ڕایگەیاند، یەكێتی لە ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی پاشەكشەی كردووەو دەنگنەدانیان بە كاندیدی پارتی بۆ سەرۆكی هەرێم كاریگەریی لەسەر ڕێككەوتنەكەی نێوانیان دەبێت.

ئەو وتانەی مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دوای كۆبوونەوەی سەركردایەتی حیزبەكەی هات كە بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی بەڕێوەچوو.


وتەبێژەكەی پارتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا ئەوەشی خستەڕوو، لە ڕۆژانی داهاتوودا ڕێككەوتنەكانیان لەگەڵ یەكێتی‌و ئەو پاشكۆیەش بڵاودەكەنەوە كە پەیوەستە بە چارەسەری پرسی كەركوك.

"تاقەشتێك كە دەبوو پێش هەڵبژاردن‌و دانانی سەرۆكایەتی حكومەت ئەنجام بدرێت ڕێككەوتنێك بوو لەسەر پشك‌و پێگەی یەكێتی‌و ئەوەشمان لە 5-5 ئەنجامدا، كەواتە شتێك نەمابوو ئەنجام نەدرێت بەرلە پێكهێنانی كابینە، بەڵام بەداخەوە ئەوان لە پڕۆسەكە پاشەكشەیان كردو لەناكاو بوو، زۆر بە بێسەروبەری پاشەكشەیان كرد‌و لە ڕۆژی دەنگدان بە سەرۆكی هەرێم ئەنجامیانداو پێشتر ئاگادار كردنەوەیان نەبوو" مەحمود محەمەد وای وت.

وتەبێژەكەی پارتی تەئكیدی لەوەش كردەوە، بڕیاری حیزبەكەی ئەوەیە بەپێی یاسا بەردەوام دەبن لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم. ئەوەشی خستە ڕوو، ئەوەی لەسەر پارتی بووە جێبەجێیان كردووە، وتی"ئێستا ئەوان(یەكێتی) ڕازی نین بە ڕێككەوتنەو هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی لە ئەستۆی ئەوانەو دەبێت خەڵكی كوردستان ئەوە بزانێت".

یەكێتی بەشداری نەكرد لە كۆبوونەوەی پەرلەمان ‌و دەنگدان بە نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆكی هەرێم، بەوەش كاندیدەكەی پارتی تەنها 68 دەنگی بەدەستهێنا بۆ ئەو پۆستە، یەكێتی هۆكارەكەی بۆئەوە گەڕاندەوە پارتی پابەند نەبووە بە ڕێككەوتنی نێوانیان بۆ دیاریكردنی كەسێك لە حیزبەكەی ئەوان بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، هەرئەوكات پارتی ڕایگەیاند، بارزانی‌و كۆسرەت ڕەسوڵ كە پرسی یەكلاییكردنەوەی پارێزگاری كەركوك بەوان سپێردرابوو ڕێككەوتوون لەسەر فەرەیدوون عەبدولقادر بۆئەو پۆستە بەڵام یەكێتی لەو ڕێككەوتنە كشاوەتەوە.

وتەبێژەكەی پارتی هەرلەسەر هەمان پرس، ئەمڕۆ وتی "كاتێك ڕێككەوتنەمان هەیەو دوو كەس كە یەكیان شەخسی جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانییەو ئەوی تریش لای ئەوان بە حساب كەسی یەكەمی یەكێتییە تەخویل بكرێن كاتێك كەسێك دیاریی دەكەن‌و پێشتر ئەندامی مەكتەبی سیاسییانەو ئێستا یەكێتییە بەڵام ئەوان پێی ڕازیی نەبن، ئەوە دەبێت بە سیاسەتەكانی خۆیاندا بچنەوەو هاشوهوشی ڕاگەیاندن كاریگەریی لەسەر پارتی نابێت".

لە وەڵامی ئەوەی هەڵوێستەكەی یەكێتی كاریگەریی دەكاتەسەر ڕێككەوتنەكەی نێوانیان؟ مەحمود محەمەد وتی "چۆن نایكات؟ ئێمە ڕێككەوتووین كە كۆی ئەم خاڵانە ڕێككەوتنە، ئەگەر تۆ بە مەیلی خۆت هەندێكت هەڵبژارد‌و لەگەڵیدا بویت‌و هەندێكی تری لەگەڵیدا نەبویت، پارتی ناتوانێت ئەمە وەكوخۆی قبوڵ بكات".