شەپۆلێكی دیكەی دەستگیركردن لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان؛ داوای هەڵوێستی بە پەلە دەکرێت

08-02-2021 07:56
چالاكانی دەستگیركراوی ڕۆژهەڵاتی كوردستان

پەرەگراف

لە ماوەی مانگێكدا زیاتر لە 100 هاووڵاتی و چالاكی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەلایەن حكوومەتی ئێرانەوە دەستگیر كراون. هەڵمەتی دەستگیركردنی چالاكانی كورد ناڕەزایی توندی لێ‌ كەوتووەتەوە. لە نوێترین كاردانەوەدا 36 ڕێكخراوی مافەكانی مرۆڤ داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەن "هەنگاوی خێرا و پێویست" لەوبارەیەوە هەڵبگرێ‌.

ئەو ڕێكخراوانە كە لەناویاندا ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی هەیە، نامەیەكیان ئاراستەی نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە و تێیدا دەڵێن "خوازیاری هەنگاوی خێرای كۆمەڵگای نێونەتەوەیین لە پێوەندی لەگەڵ كەمپەینی گرتنی هەڕەمەكی و ناڕەوا، بێسەروشوێنكردنی هاووڵاتیانی كورد لە لایەن ئێرانەوە".

هەڵمەتی بەرفراوانی دەستگیركردنی چالاكانی كورد كە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تەواو چڕكراوەتەوە، زۆرینەی ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەوانە بۆكان، مەهاباد، نەغەدە، بانە، دیواندەرە، شنۆ، پیرانشار، مەریوان، سەقز، سنە، كرماشان و جوانڕۆی گرتووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەكانی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو كە چاودێریی ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكات، تۆمەتی "چالاكیی سیاسی، مەدەنی، مەزهەبی و پەیوەندی لەگەڵ حیزبە كوردستانییەكانی دژبەری ئێران" دراوەتە پاڵ دەستگیركراوەكان.

ئەو 36 ڕێكخراوەیش لە نامەكەیاندا دەڵێن "تەنیا تاوانی بەندكراوانی كورد، جێبەجێكردنی مافە یاساییەكانی خۆیان وەك: مافی ئازادیی بەیان، ئازادیی ڕێكخستن، ئەنجامدانی چالاكیی مەدەنی ئاشتییانە و پشتیوانی لە ڕووانگەی پارتە سیاسییەكانی كوردستانە".

بەپێی ئاماری ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە "مانگی یەكی 2021دا لانیكەم 115 هاووڵاتیی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەستگیر كراون". لە ڕۆژانی ڕابردوویشدا ژمارەیەكی دیكە دەستگیر كراون.

36 ڕێكخراوەكەیش بڵاویان كردووەتەوە كە "لە 6-1-2021 تاكوو 1-2-2021، لانیكەم ٩٦ هاووڵاتیی كورد (88 پیاو و 8 ئافرەت) كە بریتین تێكۆشەرانی پارێزگاری لە ژینگە، كرێكاران، خوێندكارانی زانكۆ، كولتوری و تێكۆشەرانی سیاسی لە لایەن هێزەكانی سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتڵاعاتەوە گیراون".

تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستانیش ژمارەی دەستگیركراوانی بە 83 كەس بڵاو كردووەتەوە، كە دەڵێت لەو ژمارەیە "پێنج كەس بە دانانی بارمتە ئازاد كراون و سەرجەم دەستبەسەركراوانی تر‌ هێشتا لە دەستبەسەرگەكانی ڕێكخراوی ئیتلاعاتی سوپا و ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەكانی ورمێ، سنە و مەریواندان".


زیاتر لە هەفتەیەكە كەمپینێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بۆ ئازادكردنی چالاكانی كوردی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەژێر ناوی "ئازادی بۆ چالاكانی كورد" ڕاگەیەندراوە. ڕێكخراو و حیزبە كوردییەكانیش هەڵمەتی چڕیان بۆ دروستكردنی ڕای نێودەوڵەتی لە دژی دەستگیركردنی چالاكانی كورد دەست پێ‌ كردووە.

هەینیی ڕابردوویش، نوێنەری كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستانی ئێران، سەبارەت بە هەڵمەتی دەستگیركردنی چالاكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بە ئۆنلاین لەگەڵ بەرپرسانی نووسینگەی كۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤ و نووسینگەی جاوید ڕەحمان، ڕیپۆرتیەری نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران كۆبووەوە.

"ئێمە زۆر نیگرانی ڕەوشی بەندكراوانی كوردین كە لە مەترسیی جیدی ئەشكەنجە، ڕەفتاری نامرۆیی و هەروەها ئیعترافی زۆرەملی لەژێر ئەشكەنجە كە دواتر لە دادگان بە شێوەیەكی ناڕەوا دژیان كەڵكی لێ وەربگیردرێت"، 36 ڕێكخراوەكە وا دەڵێن.

لە نامەی ڕێكخراوەكاندا داوا لە كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی كراوە كە "بە شێوەیەكی خێرا" داوا لە ئێران بكات "خێرا و بێ مەرج هەموو بەندكراوان ئازاد بكەن". هاوكات پاراستنی بەندكراوان لە ئەشكەنجە و مۆڵەتێكی چەند ساڵەی یاسای (مۆراتۆریۆم) بخرێتە سەر پرسی سزای سێدارە بە مەبەستی هەڵگرتنی هەمیشەیی سزای لەسێدارەدان لە ئێران.