ڕاگەیەندراوی دەستەی مافی مرۆڤ لەسەر بێسەروشوێنانی لالەزار و كەیسی ئارام قادر

05-09-2025 08:10

پەرەگراف

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ڕاگەیەندراوێكی دەربارەی بێسەروشوێنانی ڕووداوەكەی لالەزار بڵاو ‏‏كردەوە و باس لە بوونی "بێسەروشوێن" لە لای دژەتیرۆر و كۆماندۆ دەكات. هەروەها گومانی ‏‏‏"ئەشكەنجەدان" لە كاتی وەرگرتنی دانپێدانان دەوروژێنێت و كوژرانی ژمارەیەك كەسی دیكەش ‏ئاشكرا دەكات.‏

بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی دەستەی مافی مرۆڤ، "كەسانێك"ـی دیكە لە ڕووداوەكەی لالەزاردا كوژراون، ‏بەڵام دەزگا ئەمنییەكانی سلێمانی ئامادە نین زانیاری لەسەر ئەو كەسانە بدەن. ئەمە جگە لە ‏نیگەرانیی دەستەكە لەسەر ڕێگرییەكانی دژەتیرۆر و كۆماندۆ بۆ بینینی ئەو تۆمەتبارانەی لالەزار ‏كە لای ئەوان دەستبەسەرن.‏

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ داوای پێكهێنانی "لیژنەیەكی باڵا بۆ لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون و ‏ڕاستی و دروستی"ـی كەیسی ئوتێل لالەزار دەكات و ڕایشیدەگەیەنێت كە "ڕاپۆرتێكی وردمان لەسەر ‏ئەم كەیسە نووسیوە و لە ماوەیەكی نزیكدا بۆ چوار سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستانی ‏دەنێرین".‏

پەیامێك لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەبارەت بە هەندێك بابەتی پەیوەست بە ڕووداوی ‏شەڕەكەی لالەزار لە سلێمانی و كەیسی ئارام قادر:‏

بۆ/ سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكایەتی حكومەت، سەرۆكایەتی پەرلەمان، سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی ‏دادوەری، نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان و كونسوڵخانە و نوێنەرانی وڵاتان لەهەرێمی ‏كوردستان

هەموو لایەك ئاگادارن كە نزیكەی پازدە ڕۆژ بەسەر ڕووداوی شەڕەكەی لالەزار لە شاری سلێمانی ‏تێدەپەڕێت و دەستەی مافی مرۆڤ بەردەوامە لە چاودێری كردنی پێشهاتەكان و سۆراغكردنی هەموو ‏ئەو كەسانەی كە كەس و كاریان زانیاریان لە بارەوەیان نییە و بێ سەر و شوێنن‎.‎

پاش ماوەیەك لە چاوەڕوانی بۆ زانینی سۆراغی ئەو كەسانەی تا ئێستا هیچ هەواڵێكیان لە بارەوە ‏نازانرێت‎.‎
دەزگای ئاسایش/ سلێمانی لەڕێگەی ڕاوێژكارێكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤەوە بە ئێمەی ‏ڕاگەیاند دواین لیستی ناوی بێ سەر و شوێنان كە نێر دراوە بۆ دەزگای ئاسایش، لەلای ئێمە نین ‏تەنها ئەو ئامارەی جاری پێشوو تر كە بە دەستەمان دابوو لەلای ئاسایشی سلێمانین‎.‎

بەپێی زانیاری و بەدواداچوونی ئێمە ئەو كەسانەی نادیارن بەشێكیان لەدژە تیرۆر یان كوماندۆی ‏سلێمانین، ئەو ڕێگا نەدان و زانیاری پێ نەدانە بە كەس و كاریان وە بەدەستەی مافی مرۆڤ گومان ‏هەڵدەگرێت و ئەوەمان پێ دەڵێت ئەو كەسانە ئەشكەنجە درابن و توندوتیژی لەگەڵ یان بەكار ‏هاتبێت لە كاتی دان پێدان بۆیە نایانەوێت كەس بیان بینت‎.‎

پێویستە هەموو لایك بزانن ماوەی هەفتەیەكە دەستەی مافی مرۆڤ لەڕێگەی ڕاوێژكارێكی دەستە ‏داوای كردووە كە تیمێكی دەستە بە سەرۆكایەتی سەرۆكی دەستە د. مونا سەردانی بەشێك لەو ‏ڕاگیراوانە بكات لەناویاندا لاهوری شیخ جەنگی، بەڵام دەزگاكانی ئەمنی سلێمانی ڕەتیان كردووە بە ‏بیانووی ئەوەی كە تیمی دەستە پێشتر هاتووە پێویست ناكات دووبارە بێن لە كاتێكدا بۆ هیچ كەس ‏و لایەنێك نییە سەردان و بەدواداچوون بۆ كەیسەكانی مافی مرۆڤ سنووردار بكات، ڕاستە پێشتر ‏تیمێكی دەستە سەردانی بەشێك لە ڕاگیراوانی ئەم كەیسە كردبوو، بەڵام ڕێژەی ڕاگیراوان زۆرە و ‏پێویستە چەند جارێكی تر تیمی دەستە سەردانیان بكات تاوەكوو لەنزیكە وە هەموویان بیبینێت‎.‎

بەپێی زانیارییەكانی دەستە و سكاڵای بەرەی گەل تا ئێستاش ڕۆژانە ئەندامانی ئەو حیزبە لە ‏سلێمانی و ناوچەكانی تری ئەو سنوورە دەستگیر دەكرێن و هەڕەشەش لە هەندێك كەسی تری ‏نزیك لە لاهور شێخ جەنگی دەكرێت‎. ‎

هەروەها بەپێی بەدواداچوون و زانیارییەكانی دەستە كەسانێك لە ڕووداوی لالەزار كوژراون، بەڵام ‏دەزگا ئەمنییەكان ئامادە نین زانیاری بدەن و بڵاو بكەنەوە ئەوەش دیسان گومان دەخاتە سەر ‏شێوازی كوشتنیان‎.‎

بابەتێكی تری پەیوەست بە ڕووداوەكانی لالەزار هێزە ئەمنییەكان تا ئێستا بەردەوامن لەدەست ‏بەسەر داگرتنی موڵك و ماڵی لاهور شێخ جەنگی و ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە ناوبراو، تەنانەت ‏بە كەناڵی تەلەڤزیۆنی زوومی شەوە، هەمووی بە هەڕەمەكی كراوە و ئێستاش دەكرێت و لێرەوە ‏داوا دەكەین ئەو كارە ڕابگیرێت و سەرۆكایەتی داواكاری گشتی ڕۆڵی خۆی بگێڕیت لەو بابەتە‎.‎

لێرەوە داوا دەكەین دژەتیرۆر و هێزی كۆماندۆ /سلێمانی هەرچی زووە ڕێگە بە دەستەی مافی مرۆڤ ‏بدەن بەدواداچوون بۆ تەواوی ئەو كەیسانە بكەن و ڕێگەش بە كەس و كاری ئەوانە بدەن كە تا ‏ئێستا سەردانیان نەكردوون وە پێویستە زانیاریش لەسەر ئەوانە ڕابگەیەنرێت كە تا ئێستا ‏هەواڵیان نییە‎.‎

دەمانەوێت ئەوەش بۆ ڕای گشتی ڕابگەینین دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ داوای بینینی ئارام قادر ‏سەرۆكی پێشووی حیزبی هاوپەیمانی كردبوو دەزگا ئەمنییەكانی سلێمانی ڕێگەیان نەداوە و تا ‏ئێستا هیچ زانیارییەكیش لەسەر ژیان و تەندروستی ناوبراو و شوێن و جێگەی بە ئێمە و ‏كەسوكاریان نەداوە‎.‎

دووپاتی ئەوە دەكەینەوە دەستەی مافی مرۆڤ لەگەڵ چەسپاندنی یاسای یە بەپێی ڕێكارە ڕێگە ‏پێدراوەكان پشتگیری سەروەری یاسا دەكەین و دژی هەر جۆرە پێشێلكاری و كارێكی هەڕەمەكین و ‏جەختیش لەسەر ڕۆڵی دەستەی مافی مرۆڤ دەكەینەوە كە پێویستە هەرچی زووە كار ئاسانی بۆ ‏سەرۆك و تیمەكانمان بكرێت بۆ بەدواداچوون بۆ هەر كەیسێك لە هەر كوێ و لای هەر دەزگایەك ‏بێت ئەوەش لە چوارچێوەی كار و ئەرك و دەسەڵاتی دەستەیە كە پەرلەمانی كوردستان بۆی دیاری ‏كردووە وەك دەزگایەكی نیشتمانی سەربەخۆ‎.‎

لێرەدا بە هەموو خەڵكی كوردستان ڕادەگەیەنین كە ڕاپۆرتێكی وردمان نووسیوەلەسەر ئەم كەیسە ‏لە ماوەیەكی نزیكدا بۆ چوار سەرۆكایەتی لە هەرێمی كوردستان/ سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكایەتی ‏حكومەت، سەرۆكایەتی پەرلەمان، سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی دادوەری لە هەرێمی كوردستان ‏دەنێرین‎.‎

لە كۆتایدا داوا دەكەین كە لیژنەیەكی باڵا پێك بهێنرێت بۆ لێكۆڵینەوەو بەدواداچوون و ڕاستی و ‏دروستی ئەم كەیسە، لە دەرەنجامەكانی خەڵكی كوردستان ئاگادار بكرێنەوە.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان