بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی ڕوونكردنەوەیەكی سەبارەت بە ڕووداوەكەی بازگەی تاسڵوجە بڵاو كردەوە

10-02-2021 02:13

پەرەگراف

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی ڕوونكردنەوەیەكی سەبارەت بە ڕووداوەكەی بازگەی تاسڵوجە بڵاو كردەوە و دەڵێت "پێنج بریندار" و "شەهید"ێكی لێ‌ كەوتووەتەوە.

بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی دەڵێت "لە كاتی تیپەڕبوونی ئۆتۆمبێلیكی سەر بە هێزەكانی پێشمەرگە، لە نێوان پێشمەرگەكان و كارمەندانی بازگەكە لێكتێنەگەیشتنێك ڕووی داوە و بووەتە دەمەقاڵی و شەڕ".

بەیانیی ئەمڕۆ لە بازگەی تاسڵوجە شەڕ لە نێوان ژمارەیەك پێشمەرگە و كارمەندانی بازگەكەدا ڕووی دا. بەپێی ڕوونكردنەوەكەی ئاسایشی سلێمانی شەڕەكە "كاتژمێر 10:30" ڕووی داوە.

"لەلایەن پێشمەرگەكانەوە بە چەقۆ هێرش كراوتە سەر چەند كارمەندێكی ئاسایش و بریندار كراون. بە داخەوە (عەریف/ شاخەوان ئەحمەد مەحموود، كارمەندی ئاسایشی بازگەی تاسڵوجە، بەهۆی سەختیی برینەكەی شەهید بوو و پینچ كارمەندی دیكە بریندار بوون"، ئاسایشی سلێمانی وا دەڵێت.

ئاسایش ئاماژەی بەوە كردووە كە توانراوە "ئاڵۆزییەكان كۆتایی پێ بەهێنریت و دەست بەجێ لیژنەی لێكۆڵینەوە پێكهێنرا بۆ ئەوەی یاسا بەرقەرار بێت".

هەروەها جەختی كردووەتەوە كە "هەردوو لایەنی هۆكاری دروستبوونی كێشەكە بە فەرمانی دادوەر ڕاگیراون".