هیچ دەقێكی نوێ‌ سەبارەت بە پشكی هەرێم لە پرۆژەیاسای بوودجەی عێراقدا جێگیر نەكراوە

11-02-2021 03:39

پەرەگراف - سەنگەر سالار

تا ئێستا هیچ دەقێكی نوێ‌ سەبارەت بە پشكی هەرێم لە پرۆژەیاسای بوودجەی عێراقدا جێگیر نەكراوە. شیعەكان لەوبارەیەوە یەكدەنگ نین و هێشتا دیار نییە پرۆژەیاسەكە كەی دەخرێتە دەنگدانەوە.

ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت "هیچ دەقێكی نوێ‌ سەبارەت بە پشكی هەرێم لە پرۆژەیاسای بوودجەدا جێگیر نەكراوە و ئەوەی هەیە تەنیا قسەی میدیاكانە".

"لایەنە شیعەكان یەكدەنگ نین لەسەر بابەتی ڕادەستكردنی نەوت و پشكی هەرێم، بەڵام هیچ پێشنیارێكیشیان بۆ لیژنەی دارایی نەهێناوە"، جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ پەرەگراف وای وت.

ئەمە لە كاتێكدایە هەندێك میدیای كوردی هەواڵی ئەوەیان بڵاو كردووەتەوە كە پێشنیارێكی نوێ‌ سەبارەت بە پشكی هەرێم و ڕادەستكردنی نەوت لە پرۆژەیاسای بوودجەدا جێگیر كراوە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی بۆ پەرەگراف جەختی كردەوە كە "یەك دەق هەیە، ئەویش ئەوەی حكوومەتی عێراقە كە لە پرۆژەیاساكەدا دانراوە، بەڵام لایەنە شیعەكان بەو دەقە ڕازی نین و هیچ پێشنیارێكیشیان بۆ لیژنەی دارایی نەهێناوە".

سەبارەت بەو دەقانەی لە میدیاكاندا بە ناوی پێشنیاری لایەنە شیعەكانەوە بڵاو دەكرێتەوە، جەمال كۆچەر وتی "لەوانە بۆچوونیان بەو شێوەیە بێت، بەڵام تا ئێستا بۆ لیژنەی دارایی نەنێردراوە".

"لایەنەكان دەتوانن پێشنیار ئاراستەی لیژنەی دارایی بكەن. دواتر لەناو لیژنە دەنگی لەسەر دەدرێت، ئەگەر دەنگی نەهێنا ڕەت دەكرێتەوە و لە پرۆژەیاساكەدا دانانرێت، بەڵام پێشنیار نەبووە تا لیژنەی دارایی دەنگی لەسەر بدات"، جەمال كۆچەر بۆ پەرەگراف وای وت.

كارەكانی لیژنەی دارایی لە چوارچێوەی پرۆژەیاسای بوودجەدا تەواو بووە و تەنیا بابەتی پشكی هەرێم ماوە كە تا ئێستا حكوومەتی هەرێم و بەغدا نەیانتوانیوە بگەنە ڕێككەوتنێكی نوێ‌ لەبارەیەوە.

ئەو پەرلەمانتارەی كورد دەڵێت "تا ئێستا دیار نییە كەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بوودجە كۆدەبێتەوە، بەڵام لیژنەی دارایی ڕۆژی شەممە كۆدەبێتەوە".

هاوكات هۆشیار عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی درایی پەرلەمانی عێراق، لە نووسنێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك باسی لەوە كردووە كە "گفتوگۆكانی كۆتایی لەسەر موازەنەی ۲٠۲۱ دەكەونە هەفتەی داهاتوو".

ئەویش جەخت دەكاتەوە كە "هێشتا ماددەی یازدە یەكلا نەبووەتەوە و لەبەردەم چەند پێشنیارێكدایە، زۆرینەیان لە چوارچێوەی ئەو دەقە دەخولێنەوە كە ۲٥٠ هەزار بەرمیل نەوت یا داهاتەكەی لە هەرێم داوا دەكات، تەنها داڕشتنەكان جیاوازن".

هۆشیار عەبدوڵڵا بەرپرسانی هەرێم تۆمەتبار دەكات بەوەی كە "جدی نین لە ڕێكەوتن و پابەند بوون".

"ئەو گرووپەی داكۆكی لە سیاسەتی هەڵەی نەوتیی هەرێم دەكەن، خەمی گیرفانی خۆیانە نەك هەرێمی كوردستان"، هۆشیار عەبدوڵڵا وا دەڵێت.

هەرێمی كوردستان ئامادەی جێبەجێكردنی ئەو ماددانەیە كە لە پڕۆژە بودجەی 2021ی عێراقدا هاتووە و تایبەتن بە نەوت‌و بودجە، بەڵام پێناچێت دەقی ماددەكان وەكخۆیان بمێنن، زۆرینەی شیعەكان داوای ڕادەستكردنی تەواوی مەلەفی نەوت لە هەرێم دەكەن.

پێشتر حكوومەتی عێراق لەگەڵ حكوومەتی هەرێم ڕێككەوتووە و لە پڕۆژەیاسای بوودجەدا جێگیر كراوە و نێردراوە بۆ پەرلەمان، بەڵام لە پەرلەمان ئاڕاستەیەكی بەهێز هەیە كە دژی هەرێمی كوردستانە‌و ئەگەری گۆڕانكاری هەیە لەو بەشەی پڕۆژە بوودجەكە كە تایبەتە بە هەرێم.

ئەو پشكەی بۆ هەرێم دیاریكراوە لە پڕۆژەكەدا، 13 ترلیۆن و 904 ملیار و 12 ملیۆن و 452 هەزار دینارە، ئەوەش زیاترە لە كۆی مووچەی یەك ساڵی فەرمانبەرانی هەرێم بەبێ لێبڕین، هەرێم مانگانە پێویستی بە 894 ملیار دینارە بۆ مووچە كە بۆ 12 مانگ دەكاتە 10 ترلیۆن‌و 728 ملیار دینار، بەوپێیەش ئەو بڕەی وەك پشكی هەرێم دیاریكراوە لە پڕۆژە بودجەی ساڵی داهاتووی عێراق، زیاتر لە 3 ملیار دیناری زیاترە لەوپارەیەی هەرێم پێویستی پێیەتی بۆ مووچەی 12 مانگ بەبێ لێبڕین.

لە بەرامبەر ئەو پشكەی بۆی دیاریكراوە، هەرێمی كوردستان پابەند كراوە بە ڕادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بە نرخی نەوتی هەناردەكراو لە كۆمپانیای سۆمۆی عێراق، لەگەڵ ئەوەشدا هەرێم پێویستە داهاتە فیدراڵییەكان ڕادەست بكات.

بەپێی پڕۆژەكە ئەگەر هەرێم پابەندی ڕادەستكردنی نەوت‌و داهاتەكان نەبێت، ئەوا لەو پشكە دەبڕدرێت كە بۆی دیاری كراوە.

لە بەشێكی دیكەی پڕۆژە یاساكەدا باس لە قەرزەكانی سەر هەرێم كراوە، ئەوە خراوتە ڕوو، هەرێمی كوردستان پێویستە لە ماوەی 30 ڕۆژدائەو قەرزو پابەندییە داراییانە ئاڕاستەی بەغداد بكات كە لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2019 بەهۆی نەناردنی شایستەكانی لەلایەن بەغداوەتووشی بووە، دیوانی چاودێریی دارایی عێراق‌و هەرێم لە ماوەی 90 ڕۆژدا وردبینیی بۆ ئەو لیستانە دەكەن.

لە پڕۆژەكەدا ئەوەش هاتووە، حساباتی نێوان هەرێم ‌و عێراق لە 2004 بۆ 2020 پاكتاو دەكرێت، ئەوەش دوای وردبینیی لە لایەن دیوانی چاودێری دارایی عێراق‌و هەرێم.

تێڕوانینی دژە كورد ‌و هەرێمی كوردستان لە پەرلەمان‌ و گۆڕەپانی سیاسی عێراق لە بەهێزبووندایە و ئەو بێمتمانەییەی بەهۆی جێبەجێنەكردنی ڕێككەوتنەكانی پێشووترەوە دروست بووە، باری سەرشانی هەرێمی قورستر كردووە.

لایەنە عێراقییەكان خاڵی لاوازی هەرێمی كوردستان دەزانن كە نەبوونی پارەیە بۆ مووچەو ناڕەزایی فراوانی شەقامی كوردیی لێكەوتووەتەوە، لەگەڵ خراپیی دۆخی دارایی حكومەتی ناوەند لە بەغداد، ناشیانەوێت وەك ساڵانی ڕابردوو مامەڵە لەگەڵ هەرێم بكەن.