
پەرەگراف
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق دەڵێت، ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی هەڵبژاردن ئاستیان بەرزەو گەرەنتیی خاوێنی پرۆسەی هەڵبژاردن دەکەن کە بڕیارە 11-11 بەڕێوەبچێت.
حەسەن سەلمان راوێژكاری یاسایی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژادنەكانی عێراق، دەڵێت، لە پرۆسەی دەنگداندا دەنگدەر ناتوانێت ببێت بە جێگرەوەی دەنگدەرێكی دیکە، "چونكە سێ هاوتاكردن هەیە كە دەبێت جێبەجێ بكرێت بۆ ئەوەی كارتی دەنگدان بە دەنگدەر بدرێت، كە ئەویش بریتییە لە پەنجەمۆری راستەوخۆی دەنگدەر لە رۆژی دەنگدان (واتا پەنجەمۆرو ناسینەوەی روخسار)، كارتی بایۆمەتری و ئامێری پشتڕاستكردنەوەی ئەلیكترۆنی".
"دەبێت ئەم سێ پرۆسەی هاوتاكردنە بەتەواوەتی بكرێت بۆئەوەی دەنگدەر بەتەواوەتی گوزارشت لە خۆی بكات كە لە رۆژی دەنگداندا مافی خۆی جێبەجێ دەكات، ئەمە زامنی خاوێنی پرۆسەی هەڵبژاردن دەكات و رێگرە لەبەردەم یاریكردن بە دەنگەكانەوە" حەسەن سەلمان وادەڵێت.
بەوتەی ئەو ڕاوێژکارەی کۆمسیۆن، كۆمسیۆن پەرەیداوە بەو ئامێرە ئەلیكترۆنییانەی كە لە هەڵبژاردنی ئەمساڵ بەكاردەهێنرێن، "كامێرای ناسینەوەی بۆ ئەو دەنگدەرانە داناوە كە لە رۆژی دەنگدان پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە؛ وەك ئەوەی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا لە ساڵی 2021 روویدا كە بەشێك لە دەنگدەران بەهۆی ئەوەی پەنجەمۆریان نەخوێندرایەوە لە دەنگدان بێبەشكران، بەڵام ئەمجارە كامێرایەك لە ئامێری پشتڕاستكردنەوە بەستراوە، وێنەی دەنگدەر دەگرێت و دواتر ئاماژە لە ناوەكەی دەدرێت، بۆیە ئەو كەسە جارێكی تر مافی ئەوەی نابێت دەنگبداتەوە".