شەڕی سەختی گەریلاو توركیا بەردەوامە؛ شەڕی ڕاگەیاندنیش لە نێوان پارتی‌و پەكەكە

12-02-2021 02:07
گەریلای پەكەكە - سەربازانی توركیا

پەرەگراف

شەڕو پێكدادانی تووند لە نێوان گەریلاكانی پەكەكە لەگەڵ سوپاو هێزی ئاسمانیی توركیا لە چیای گارە لە هەرێمی كوردستان بەردەوامە، هەردوو لایەنی شەڕەكە ئاماری جیاواز بڵاو دەكەنەوە دەربارەی زیانەكان‌و كوژراو و بریندار.

هاوكات لە نێوان پەكەكەو پارتی دیموكراتی كوردستان شەڕی ڕاگەیاندن دەست پێدەكات، پەكەكە، پارتی بە هاوكاریكردنی سوپای توركیا تۆمەتبار دەكات و وتەبێژی پارتییش وەڵامیان دەداتەوە.

وەزارەتی بەرگریی توركیا، لە نوێترین ڕاگەیەندراویدا گیانلەدەستدانی "33 گەریلا" و خاپووركردنی "زیاتر لە ٥٠ كۆگای چەك و تەقەمەنی"ی پەكەكەی ڕاگەیاند لە ئۆپەراسیۆنی (چنگی هەڵۆ-٢) لە چیای گارە.

وەزارەتەكە باس لەوە دەكات كە لە ئۆپەراسیۆنەكەدا ژمارەیەكی زۆر چەكی ناوخۆیی توركیا بەكار هێنراوە و جەخت دەكاتەوە ''ئۆپەراسیۆنەكە وەك ئەوەی پلانی بۆ دانراوە، بەردەوامە".

هاوكات كۆمیتەی بەڕێوبەریی پەكەكە ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی هێرشەكانی توركیاوە بڵاو كردەوە و تێیدا دەڵێت "پەكەكە جەختی كردووەتەوە كە دووژمنان قەت سەرناكەون و هاوشێوەی هێرشی سەر هەرێمی زاپ لە ٢٠٠٨ و هێرش بۆ سەر هەفتانین لە ٢٠٢٠دا، لە گارەش گورزی قورس بەر دەوڵەتی داگیركەری تورك دەكەوێت و تێك دەشكێندرێن".

پەكەكە لەگەڵ ئەوەی داوای "بەرخۆدان لە گەلی باشووری كوردستان و بە تایبەتی خەڵكی ئامێدی دەكات" لە دژی سوپای توركیا، جەخت دەكاتەوە كە ” گارە بۆ سوپای فاشیستی تورك و نۆكەرەكانیان دەبێتە گۆڕستان”.

تا ئێستا وەزارەتی بەرگریی توركیا كوژرانی سێ‌ سەربازی وڵاتەكەی و برینداربوونی چواری دیكەی ڕاگەیاندووە، بەڵام میدیاكانی نزیك لە پەكەكە كوژرانی نۆ سەربازی توركیایان تەنیا لە یەكەم ڕۆژی شەڕەكەدا ڕاگەیاند.

هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە)یش دەڵێت "ژمارەیەكی زۆر داگیركەر سزا دراون و ژمارەی داگیركەرە سزادراوەكان زۆر زیاترە".

بەرەبەیانی ڕۆژی 10-2-2021 لە كاتژمێر سێ‌، سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنێكی لەژێر ناوی (چنگی هەڵۆ-٢) بۆ سەر گەریلاكانی پەكەكە دەست پێ‌ كرد. توركیا بە فڕۆكە هێزی لە سنووری چیای گارە دابەزاندووە. بەردەوامیش لە ڕێگەی چەندین فڕۆكەوە بۆردوومانی ناوچەكە دەكات.

بەپێی ڕاگەیەندراوی هەپەگە، شەڕێكی قورس لە ناوچەی سیانێ لە گارە بەردەوامە و شەڕ "لەژێر باڵادەستی و دەستپێشخەری"ی پەكەكەدایە.

چیای گارە 2151م لەئاستی دەریاوە بەرزە، دەكەوێتە باكووری ڕۆژهەڵاتی شاری دهۆك.

كۆنسەی بەڕێوبەریی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە)، لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "بۆ جاری یەكەمە كە توركیا لە ڕێگەی زەوییەوە هێرش دەكاتە سەر گارە، بەهۆی ئەوەی لەسەر سنووری باكووری كوردستانەوە دوورە، پێشتر تەنها بە فڕۆكەی جەنگی بۆردوومان دەكرا".

"بە بێ هاوكاری و پشتیوانیی پەدەكە (پارتی دیموكراتی كوردستان)، سوپای تورك ناتوانێت هێرش بكاتە سەر گارە. بۆ ئەم مەبەستەش ماوەی سێ مانگە پەدەكە بە ڕەوانەكردنی هێزەكانی سەر بە خۆی، گارەی بە تەواوەتی گەمارۆ دابوو"، كەجەكە وا دەڵێت.

كۆما جڤاكێن كوردستان لە زاری هەپەگەوە جەختی لەوە كردووەتەوە كە "هێلكۆپتەرەكانی توركیا لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە هەرێمەكانی ژێر دەسەڵاتی پەدەكەوە بە ئاڕاستەی چیای گارە فڕیون و فەرماندەیی شەڕەكە لە شارۆچكەی باكرمانی ئاركێیەوە دەكرێت".

لە وەڵامی كەجەكەدا، مەحموود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕایگەیاند "وێڕای ڕەتكردنەوەی ئەو قسە و تۆمەتە بێ بنەمایانە، جەخت لەوە دەكەینەوە كە پارتی هیچ پەیوەندیی بە ناكۆكی و گرژییەكانی نێوان ئەو دوولایەنەوە نییە".

"لە ڕاستیدا ئەوە پەكەكەیە كە دەستی سوپای توركیای ڕاكێشاوەتە ناو هەرێم و ئاڵۆزی و تێكدان و ناسەقامگیری بۆ هەرێم گواستووەتەوە. كە پەكەكە شەڕی توركیای لەناو خاكی توركیادا نەكردووە و بەردەوام لە هەڵاتندایە و خەڵكی تر بە دوای خۆیدا ڕادەكێشێت، پارتی چ تاوانێكی كردووە؟"، وتەبێژی پارتی وا دەڵێت.

تا ئێستا حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق هیچ قسەیەكیان لەبارەی ئۆپەراسیۆنەكەی سوپای توركیا بۆ سەر چیای گارە نەبووە.

كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) ئاماژە بەوە دەكات كە ئەم هێرشە پاش سەردانەكەی وەزیری بەرگریی توركیا بۆ بەغدا و هەولێر دێت. كەجەكە مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بەوە تۆمەتبار دەكات كە ئەو ڕۆژەی هێرشە دەستی پێكردووە "لەبریی ئەوەی لە دژی ئەو داگیركەرییە بوەستێتەوە، گەریلاكانی تاوانباركرد و ڕەوایی بەو داگیركەرییە دا".

ڕۆژی 10-2-2021 مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا كە سەبارەت بە پرسە هەنووكەییەكانی هەرێمی كوردستان ئەنجامی دا، لە وەڵامی ڕۆژنامەنووسێكدا كە پرسیاری پێشێلكردنی سەروەریی خاكی عێراقی لەلایەن توركیاوە كرد، وتی "پێشێلكردنی سەروەریی عێراق تەنیا لەلایەن لایەنێكەوە نەبووە، زۆر لایەن پێشێلكارییان كردووە".

سەرۆكی حكوومەتی هەرێم پەكەكەی بەوە تۆمەتبار كرد كە بە جێگیربوونی لەو ناوچانە پێشتر پێشێلی سەروەریی عێراقی كردووە و وتیشی "ئەگەر پەكەكە لە ڕۆژی یەكەمەوە ڕێزی لە سەروەریی خاكی هەرێم بگرتایە ئێستا توركیا هێرشی ئەنجام نەدەدا".

هێرشی توركیا بۆ سەر گارە كاردانەوەی بەرفروانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لێ‌ كەوتووەتەوە و چوار پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراقیش لە ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشدا داوای كۆتاییهێنان بە لەشكركێشی توركیا بۆ سەر حاكی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكەن.

هەریەك لە (كاوە محەمەد، ئەحمەد حاجی ڕەشید، سەركەوت شەمسەدین و غالب محەمەد) دەڵێن "ماوەی چەند ڕۆژێكە سوپای توركیا لە ڕێگەی هێزی زەمینی و ئاسمانییەوە و لە قووڵایی دەیان كیلۆمەتر لەناو خاكی هەرێمی كوردستان و عێراق، لەشكركێشی دەست پێكردووە، كە ئەمە پێشێلكارییەكی ڕوونی سەروەریی خاكی عێراق و یاسا نێودوڵەتییەكانە و پێویستە دەستبەجێ هەرسێ سەرۆكایەتیەكەی عێراق و هەرێمی كوردستان بێدەنگی بشكێنن و هەڵوێستیان هەبێت".

"ئێمە سێ جار لەناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە واژووی ٥٠ پەرلەمانتار داواكاریمان پێشكەش بە دەستەی سەرۆكایەتی كردووە بۆ كۆبوونەوەیەك لەسەر لەشكركێشی و داگیركاری توركیا، بەڵام بە داخەوە بە ئەجێندایەكی حیزبیی دیاریكراو ڕێگە نەدراوە سەرۆكایەت ئەم پرسە بخاتە بەرنامەی كارەوە"،

ناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوام لەلایەن توركیاوە كراونەتە ئامانج‌و بۆردومان كراون، ھەروەھا ناوبەناو بۆردومانی كەمپی مەخمور و شەنگال دەكات، ئەوانە ھەمووی بە پاساوی بوونی پەكەكە.

ھاوكات توركیا بە پاساوی شەڕ دژی پەكەكە خاكی هەرێمی كوردستانی بەزاندووە، ئەو وڵاتە چەك‌و پێداویستی سەربازیی هێناوەتە خاكی هەرێم. ئەو ناوچانەی توركیا ئۆپەراسیۆنی تێدا ئەنجامدەدات شاخاویی‌و سەختن، ئۆپەراسیۆنەكان بە پاڵپشتی دەزگای هەواڵگریی‌و هێزی ئاسمانی توركیایە.

توركیا لە 1995وە بنكەی سەربازیی لە هەرێمی كوردستان دامەزراندووەو ساڵی 2017 ژمارەی بنكەكانی زیادكردو ساڵی دواتریش هێزێكی زۆری زەمینیی هێنایە ناو خاكی هەرێم كە لە ناوچەكانی بادینانن لە پارێزگای دهۆك، بەپێی ئامارە نافەرمییەكان زیاتر لە ٢٠ بنكە و سەدان سەربازی توركیا لە خاكی ھەرێمدان.

لەو هێرش‌و سنوربەزاندنانی توركیا ئەنجامیان دەدات، هەرێمی كوردستان هەڵوێستی ڕوونی نییە دژی توركیا‌و بەرپرسانی هەرێم هەركات باسی هێرشەكانی توركیا دەكەن سەرەتا دەڵێن، پێویستە پەكەكە لە خاكی هەرێم بچێتە دەرەوەو گۆڕەپانی شەڕ بەتەواوەتی بگوازێتەوە بۆ باكوری كوردستان.