
پەرەگراف
جووڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند، بڕیاریان داوە لە کابینەی داهاتووی حکومەتی عێراقدا بەشداریی بکەن کە لە دوای هەڵبژاردنەکەی 11-11ی ئەمساڵی پەرلەمانی عێراق پێکدەهێندرێت.
نەوەی نوێ کە ئێستا سەرۆکەکەی لە زیندانەو لە دادگای سلێمانی 5 مانگ زیندانیکراوەو لەسەر سکاڵای پەرلەمانتارێکی پێشتری جوڵانەوەکە، لە ئێستاوە ئەم 5 بەڵێنە دەدات:
• بەشداریی لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق دەکەین و لەنێو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە کێشە و گرفتەکانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان چارەسەر دەکەین.
• سەرجەم مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم لەڕێگای بانکەکانەوە تەوتین دەکەین و کێشەی دواکەوتنی مووچە لە هەرێمی کوردستان کۆتایی پێدەهێنین.
• کارێک دەکەین کە پارتیی و یەکێتیی نەبنەوە بەنوێنەری هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە بەغداد و سەرکێشی بە مووچە و قوت و ژیان و داهاتووی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمەوە بکەن.
• سولفەی زەواج (پێشینەی هاوسەرگیریی) بۆ سەرجەم گەنجان، قەرز بۆ پرۆژەی بچووک و مامناوەند بۆ دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان و خاوەن بەهرەکان، سولفەی عەقار بۆ سەرجەم کرێنشینانی هەرێمی کوردستان لەڕێگای حکومەتی عێراقیی و بانکە عێراقییەکانەوە جێبەجێدەکەین.
• کارێک دەکەین کە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان تۆڵەی خۆیان لە دەسەڵاتی پارتیی و یەکێتیی بکەنەوەو لەڕێگای سندوقی دەنگدانەوە کێشە و گرفتە کەڵەکەبوەکانیان لەڕێگای حکومەتی عێراقییەوە چارەسەر بکەن.