دانا ئەحمەد مەجید: گۆڕانکاریی گەورە لە ناوچەکە بەڕێوەیە و خۆمانی بۆ ئامادە دەکەین

13-09-2025 04:10

پەرەگراف

دانا ئەحمەد مەجید، ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕایدەگەیەنێت "گۆڕانکاریی گەورە لە ناوچەکە بەڕێوەیە و عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە". دەشڵێت "بەشێوەیەک ئایندەی ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان وابەستەی یەکن و ڕووداوەکانی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان کاریگەرییان لەسەر عێراق و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان دەبێت".

ڕێکخەری گۆڕان لەمیانەی سەردانیدا بۆ ئیدارەی ڕاپەڕین و كۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک لە هەڵسوڕاوانی گۆڕان لە سنوورەكە، دەربارەی دۆخی ناوخۆیی بزووتنەوەکە ڕایگەیاندووە "پرۆسەی خۆڕێکخستنەوەی ئۆرگانەکان بەردەوامە".

دانا ئەحمەد مەجید دەڵێت "هاوتەریب لەگەڵ گۆڕانکارییەکان، خۆمان ئامادە دەکەین و پڕۆژەی بەدیلی سیاسی لەلایەن ژووری توێژینەوەکان و ئۆرگانە پەیوەندیدارەکان ئامادە کراوە".

"چاومان لەوەیە هەڵسوڕاو و گۆڕانخوازان لە کۆبوونەوە و دیداری گشتیی گۆڕان، بە سەرنج و پێشنیازەکانیان، لە داڕشتنەوەی سیاسەتی بزووتنەوەی گۆڕان بەشدار بن و بەیەکەوە لە ئاست چاوەڕوانیی خەڵک و جەماوەری پڕئومێدی هەرێمی کوردستاندا بین"، ڕێکخەری گۆڕان وا دەڵێت.