كاندیدی دیموكراتەكان بۆ سەرۆكی شارەوانیی نیویۆرك: دەرچم، نەتەنیاهوو دەستگیر دەكەم

13-09-2025 04:21

پەرەگراف

زوهران مەمدانی، كاندیدی دیموكراتەكان بۆ سەرۆكی شارەوانیی نیویۆرك، بەڵێن دەدات كە ئەگەر ئەو پۆستە بباتەوە، بڕیاری دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بۆ دەستگیركردنی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل جێبەجێ دەكات.

مەمدانی جەخت دەكاتەوە كە بڕیارەكەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بە ڕەسمی دەناسێنێت و دەڵێت "ئەگەر لە هەڵبژاردنەكاندا براوە بم، فەرمان بە پۆلیسی نیویۆرك دەكەم لە ئەگەری هاتنی نەتەنیاهوو بۆ شاری نیویۆرك، هەر لەفڕۆكەخانە دەستگیری بكەن".

كاندیدی دیموكراتەكان لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز، بنیامین نەتەنیاهوو بە "تاوانباری جەنگ كە تاوانبارە بە جینیۆسایدی خەڵكی غـ.ـەززە" ناو دەبات.

ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز هاوكات لە زاری یاساناسانەوە بڵاوی كردووەتەوە كە "جێبەجێكردنی فەرمانێكی لەوشێوە، لە ڕووی كردارییەوە ئەستەمە و تەنانەت دەكرێت پێشێلكاریی یاساكانی فیدراڵیی ویلایەتەیەكگرتووەكان بێت".

زوھران كەوامی مەمدانی (لەدایكبووی ١٨ـی تشرینی یەكەمی ١٩٩١). چالاكوانێكی سۆسیالیستی و سیاسی ئەمریكییە. ئەندامی پارتی دیموكرات و سۆسیالیستە دیموكراتەكانی ئەمریكایە و لە ساڵی ٢٠٢١ـەوە نوێنەرایەتیی ناوچەی ٣٦ـی ئەنجومەنی ویلایەتی نیویۆرك لە ناوچەی كوینزەوە دەكات. ئێستا ئەو كاندیدی دیموكراتەكانە بۆ سەرۆكی شارەوانیی نیویۆرك لە ھەڵبژاردنەكانی ساڵی ٢٠٢٥.

ھەڵوێستەكانی سەبارەت بە دۆزی فەلەستین، مشتومڕی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا ھێناوە. یەكێكە لەو كەسانەی كە پێدی وایە "دژەزایۆنیزم یەكسان نییە بە دژەجوولەكە".