قەرەیلان: دەوڵەتی تورکیا هەنگاوی نەناوەو 'هەڕەشە، یاریی و فێڵ' سوودی نابێت

14-09-2025 12:40

پەرەگراف

موراد قەرەیڵان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) دەڵێت، پەکەکە جدییە لەسەر پڕۆسەی ئاشتی و سووتاندنی چەکەکان ڕوانینێکی ستراتیژییە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا هێشتا هەنگاوی پێویستی نەناوەو دەبێت دوو هەنگاوی بنەڕەتی بنرێن کە پەیوەندییان بە ئازادیی ئۆجەلان و زمان و کلتوری کوردییەوە هەیە. 

قەرەیڵان، رۆژی شەممە، 13-9-2025، پەیامێکی بۆ 33ـیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی رۆشنبیریی کورد لە دۆرتمۆندی ئەڵمانیا نارد، تێیدا رەخنەی لە دەوڵەتی تورکیا گرت بەوەی لە پڕۆسەی ئاشتیدا هەنگاو نانێت و دەڵێت، پێویستە دوو هەنگاوی سەرەکی بنرێن "پێویستە دوو هەنگاوی گرنگ بنرێن. یەکەم، رێبەر ئاپۆ دەبێت بە شێوەیەکی فیزیکی ئازاد بێت. دووەمیش، زمانی کوردی و کولتووری کوردی دەبێت ئازاد بن و یەکسانیی کولتووری هەبێت".

قەرەیلان ئەوە دەخاتەڕوو کە پەکەکە ئێمە لە 12یەمین کۆنگرەیدا، بڕیاری گرنگ و ستراتیجیی پەسند کرد بۆ چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەو دواتریش هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێیان کردن، "بەڵام دەوڵەتی تورکیا تاوەکو ئێستا جگە لە چەند هەوڵێکی ئاسایی، هیچ هەنگاوێکی نەناوە".

"ئێمە چەکەکانمان سووتاند! ئەوە شتێکی ئاسان نییە. ئەگەر ئێمە بە ستراتیجییەوە سەیری ئەم پرۆسەیەمان نەکردبا، وامان نەدەکرد. بۆیە هەمووان، بەتایبەتیش دەوڵەتی تورکیا، دەبێت جیدییەتی ئێمە ببینێت"، قەرەیلان دەشڵێت "ئێمە وەک گەلی کورد، وەک بزووتنەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهێزین. ئەمە شتێکە دەبێت هەموو کەسێک بیزانێت. لەبەر ئەوە هەڕەشە، یاری و فێڵ سوودیان نابێت، بەڵام ئەگەر راستگۆیی هەبێت، هەر بەڕاستی دەرگای ئێمە بۆ ئاشتییەکی درێژخایەن واڵایە. پێویستمان بەمە هەیە، هەتاوەکو بزانین کە بەڕاستی چووینەتە ناو پرۆسەیەکی ئاشتییەوە".