
پەرەگراف
عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامێك ئاراستەی شێخ و ڕیشسپییەكانی ناوچەكانی جزیرە، دێرەزوور، ڕەقە و تەبقا لە باكوور و باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەكات، تێیدا جەخت لە "برایەتی و پێكەوەژیانی كورد و عەرەب" دەكاتەوە و دەشڵێت "ئەمە گرێ دراوە بە پشتگیریتان لە هەسەدە".
ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە لە پەیامەكەیدا تیشك دەخاتە سەر ئەو پێكەوەبوونەوەی نێوان گەلانی كورد و عەرەب كە لە هێزەكانی سووریای دیموكرات و ئیدارەی خۆسەردا ڕەنگى داوەتەوە و بە "مێژوویی، كۆمەڵایەتی و سیاسی" ناوی دەبات. دەشڵێت "واتا و گرنگییەكی گەورە بەم هەڵوێست و یەكێتییە لە سووریا دەدەم".
ئۆجەلان جەخت لە "یەكسانی، ئازادی و پێكەوەژیان" بۆ هەموو گەلانی سووریا و بونیادنانی سووریایەكی "دیموكراتیك، یەكگرتوو و دادپەروەر" دەكاتەوە. دووپاتیشی دەكاتەوە كە "گرنگە هەر كەسێك كە لەسەر ئەم خاكە پیرۆزە (سووریا) دەژێت، بۆ ئەم برایەتییە مێژووییە تێبكۆشێت".
دەقی پەیامەكەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان:
دۆستانی هێژا:
لە سەرەتادا بە دڵخۆشی، خۆشەویستی و ڕێزدارییەوە سڵاوتان لێ دەكەم.
یەكێتی و پشتگیریتان لەسەر بنەمای سیستەمی نەتەوەی دیموكراتیك خاوەن واتایەكی گەورەیە.
ئێوە بەم یەكێتییەتان بناغەیەكی مێژوویی نوێ كە باوەڕی بە پەیوەندی و هاوپەیمانی نێوان گەلانی كورد و عەرەب بونیاد دەنێن.
لە دڵی مێژوو و ڕابردووتاندا، لە نێوان هەردوو گەلانی كورد و عەرەب پەیوەندی هەیە. لە قوڵایی مێژوودا، دۆستایەتی و برایەتی نێوان گەلانی عەرەب و گەلی كورد هەمیشە لە پێشینە بووە. تەنانەت ئەم دۆستایەتییە، لە سەردەمی دەركەوتنی ئیسلام و بڵاوبوونەوەی بە سەركردایەتی پێغەمبەر محەمەد، ڕێگەی بە زۆربەی كوردەكان دا بە ئاسانی بەشداری ناو ئاینی ئیسلام ببن. هۆكاری سەرەكی پەیوەندی پتەوی نێوان گەلانی كورد و عەرەبە. ئەم پەیوەندییە خوشك-برایەتییە لە نێوان ئەو دوو گەلەدا بۆ چەند سەدەیەك لە دوای ئیسلام بەردەوام بوو و پەرەی سەند.
ئەم پەیوەندییە كە ئەمڕۆ ئێوە بەڕێوەی دەبەن لەلایەنێكەوە مێژووییە و لەلایەنێكی دیكەوە كۆمەڵایەتییە. هەروەها خاوەن بناغەیەكی سیاسیشە، هەربۆیە واتا و گرنگییەكی گەورە بەم هەڵوێست و یەكێتییە لە سووریا دەدەم. پشتگیریی لە خوشك-برایەتی و هاوپەیمانی نێوان گەلانی كورد و عەرەب دەكەم، چونكە بناغەیەكی مێژوویی هەیە.
لەسەر ئەم بنەمایە، خۆمان پێشخست و دیدگامان لەسەر بنەمای خوشك-برایەتی و نەتەوەی دیموكراتیك دا. دەبێت هەمووان یەكسان بن، ئازاد بن، پێكەوەبژێن، خۆیان بەڕێوەببەن. دەبێت لەسەر ئەم بنەمایە یەكسانی و دادپەروەریی بونیادبنرێت. دەبێت كورد و عەرەب پێكەوەبژێن. ئەمەش گرێدراوە بە پشتگیرییتان بە قەسەدەوە. پشتگیریتان بۆ قەسەدە هەڵگری واتایەكی گەورەیە.
دۆستانی هێژا:
ئێوە دەتوانن ڕۆڵیكی گرنگ و مێژوویی لە بونیادنانی سووریایەكی دیموكراتیك، ئارام، یەكگرتوو و دادپەروەر بگێرن. گرنگە عەرەب، كورد، سوریان-ئاشووری و هەر كەسێك كە لەسەر ئەم خاكە پیرۆزە دەژێت بۆ ئەم برایەتییە مێژووییە تێبكۆشێت.
من بەم هیوا و باوەڕییەوە لەباوەشتان دەگرم.
جارێكی دیكە بەڕێزدارییەوە سڵاو لە هەمووتان دەكەم.
هیوای سەركەوتن و تەندروستیتان بۆ دەخوازم.
سڵاوی دۆستانە و برایەتی
٢٨ـی تەمووزی ٢٠٢٥
عەبدوڵڵا ئۆجەلان
دوورگەی ئیمراڵی