کۆمسیۆن بۆ پەرەگراف: زیاتر لە ٢١ ملیۆن دەنگدەر تۆمارکراون بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن

14-09-2025 10:02

پەرەگراف

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق، ئاماری کۆتایی دەنگدەران و دابەشکردنی ناوەند و وێستگەکانی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پەسەند کرد کە بڕیارە لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 ئەنجام بدرێت.

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆن بە پەرەگرافی وت، ئەنجومەنی کۆمسیاران ئاماری کۆتایی دەنگدانی گشتی و تایبەت و ئاوارەکانی پەسەندکرد. 

بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆن کۆی گشتی دەنگدەرانی تۆمارکراو ٢١,٤٠٤,٢٩١ دەنگدەرن، بەم شێوەیە دابەشکراون:

• دەنگدانی گشتی: 20,063,773 دەنگدەر، لە سەرانسەری 8,703 ناوەند و 39,285 وێستگە دەنگ دەدەن.

• دەنگدانی تایبەت: 1,313,980 دەنگدەر (لەوانەش ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان و هەندێک لە کارمەندانی دەوڵەت)، لە سەرانسەری 809 ناوەند و 4,501 وێستگە.

• دەنگدەرانی ئاوارە: 26,538 دەنگدەر، لە سەرانسەری 97 ناوەند و 321 وێستگە.

بڕیارە دوو ڕۆژ پێش دەنگدانی گشتی دەنگدانی تایبەت ئەنجام بدرێت، بەمەش ئەندامانی هێزە چەکدارەکان و پۆلیس و پۆلە دیاریکراوەکانی دیکە دەتوانن زووتر دەنگ بدەن.