پەرەگراف
دوای 5 ڕۆژ لە هەڵبژاردنی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پارتی ئەمڕۆ پیرۆزبایی لە نێچیرڤان بارزانی كرد كە جێگری سەرۆكی ئەو حیزبەیەو هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازێت، هاوكات هێشتا بارەگای بارزانی پیرۆزبایی لێنەكردووە كە لەزۆر پرسدا ئەو بارەگایە هەڵوێستی مەسعود بارزانی ڕادەگەیەنێت بەجیا لە هەڵوێستی فەرمیی پارتیو بەرزتر لە پارتی كار دەكات.
پیرۆزباییەكەی پارتی جۆرێك لە ساردیی پێوەدیارەو لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەركردایەتی ئەو حیزبەدا هاتووە كە مەسعود بارزانی سەرپەرشتی كردووە، ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەكەدا پەیوەندیی بە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمەوە هەیە دەڵێت "لە دەستپێكدا كۆبوونەوە وێڕای خۆشحاڵی، پشتگیری خۆی بۆ هەڤاڵ نێچیرڤان بارزانی دەربڕی لە ئەركی تازەیدا وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان و، پیرۆزبایی لێ كرد".
ئەو پیرۆزباییە درەنگ وەختەی ئەمڕۆی پارتی دوای ئەوەدێت نێچیرڤان بارزانی كە زیاتر لە هەفتەیەكە لە دەرەوەی وڵاتەو بەوهۆیەوە ئەمڕۆش بەشدار نەبووە لە كۆبوونەوەی حیزبەكەی، چەندین پەیامی پیرۆزباییو پەیوەندیی پێگەیشتووە لە ناوخۆو دەرەوەی هەرێمەوە دەربارەی هەڵبژاردنی بۆئەو پۆستە نوێیە، لەو چوارچێوەیەدا كۆشكی سپی ئەمەریكاو سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا پەیامیان ئاڕاستە كردووەو ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیاش پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵدا ئەنجام داوە.
هاوكات بارەگای بارزانی كە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لە دوای نەمانی لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كردوویەتییەوە تائێستا هیچ پەیامێكی نەبووە بۆ نێچیرڤان بارزانی، هەروەها مەسعود بارزانی خودی خۆیشی لەماوەی هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی هەرێم تەنها دوو پەیامی هەبووەو هیچیان پەیوەندیی بە نێچیرڤان بارزانیو پۆستە نوێیەكەوە نەبووە؛ پەیامەكان یەكێكیان تایبەت بووە بە دۆخی كورد لە ناوچەكانی ماددەی 140و ئەوەی دیكەیان ئیدانەی تەقینەوەكانی كەركوك بووە.
پیرۆزبایی نەكردنو دەرنەبڕینی پشتیوانیی پارتی بۆ نێچیرڤان بارزانی لەماوەی 5 ڕۆژی ڕابردوودا، بووەتە مایەی پرسیار لای بەشێك لە بەرپرسانی ئەو حیزبە، بەتایبەت ئەوانەی لە نێچیرڤان بارزانی نزیكن، ئەوەش دەبەستنەوە بە ململانێی باڵی مەسرور بارزانی.
"تەنانەت ڕۆژی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم نێچیرڤان بارزانی داوای لە پەرلەمان كرد بۆ ماوەی 3 كاتژمێر كۆبوونەوەكەی دوابخات بۆئەوەی قسە لەگەڵ یەكێتی بكرێتو ڕازی بكرێن بەشداریی كۆبوونەوەكە بكەنو دەنگی پێبدەن، بەڵام سەرۆكایەتی پەرلەمان بە پێداگریی باڵی مەسرور بارزانی ئەو داوایەیان ڕەتكردەوە" سەرچاوەیەكی باڵا كە ئاگاداری وردەكارییەكانە بۆ پەرەگراف وا دەڵێت، وتیشی "نێچیرڤان بارزانی بۆئەو مەبەستە سەفین دزەیی ناردبووە پەرلەمان، بەڵام گوێی لێ نەگیرا".
تەنها 68 پەرلەمانتار دەستیان بۆ نێچیرڤان بارزانی بەرزكردەوە بۆ بوون بە سەرۆك، لە كاتێكدا چاوەڕوان بوو ئەوانەی دەست بەرز دەكەنەوە كەمتر نەبن لە نزیكەی 90 ئەندامی پەرلەمان، هەربۆیە ئەنجامەكە نێچیرڤان بارزانی تووشی "شۆك" كرد.
پێشتر پەرەگراف ئەوەی ئاشكرا كرد، هاوكێشەكە لە ساتی كۆتاییدا لە دژی نێچیرڤان بارزانی تێكدراوە بە بەرنامەو پلانی پێشوەختەی یەكگرتنی باڵێكی ناو حیزبەكەی خۆیو باڵێك لەناو یەكێتی نیشتیمانی كە دووەم هێزی ناو پەرلەمانەو بەشدار نەبوو لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم.
ڕاگەیەندراوەكەی پارتیو وتەكانی وتەبێژەكەیان جیاوازن
بەرلەوەی پارتی ڕاگەیەندراوە نووسراوەكەی بڵاوبكاتەوە دەربارەی كۆبوونەوەی سەركردایەتیی، وتەبێژی ئەو حیزبە ڕاستەوخۆ دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی ئەنجامدا.
ناوەڕۆكی وتەكانی وتەبێژو ڕاگەیەندراوەكەی پارتی بە جۆرێك جیاوازن، ڕاگەیەندراوەكە تەنانەت بە وشەیەكیش ناوی یەكێتی ناهێنێتو باسلە هەڵوێستەكەی ناكات كە بەشداریی لە كۆبوونەوەكەی پەرلەمان نەكردو دەنگی بە نێچیرڤان بارزانی نەدا بۆ سەرۆكی هەرێم.
بەڵام وتەكانی مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی بەشێكی گرنگی تەرخانبوو بۆ قسەكردن لەسەر ئەو هەڵوێستەی یەكێتیو ئەوەی خستە ڕوو، یەكێتی لە ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی پاشەكشەی كردووەو دەنگنەدانیان بە كاندیدی پارتی بۆ سەرۆكی هەرێم كاریگەریی لەسەر ڕێككەوتنەكەی نێوانیان دەبێت.
"تاقەشتێك كە دەبوو پێش هەڵبژاردنو دانانی سەرۆكایەتی حكومەت ئەنجام بدرێت ڕێككەوتنێك بوو لەسەر پشكو پێگەی یەكێتیو ئەوەشمان لە 5-5 ئەنجامدا، كەواتە شتێك نەمابوو ئەنجام نەدرێت بەرلە پێكهێنانی كابینە، بەڵام بەداخەوە ئەوان لە پڕۆسەكە پاشەكشەیان كردو لەناكاو بوو، زۆر بە بێسەروبەری پاشەكشەیان كردو لە ڕۆژی دەنگدان بە سەرۆكی هەرێم ئەنجامیانداو پێشتر ئاگادار كردنەوەیان نەبوو" مەحمود محەمەد وای وت.
وتەبێژەكەی پارتی تەئكیدی لەوەش كردەوە، بڕیاری حیزبەكەی ئەوەیە بەپێی یاسا بەردەوام دەبن لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم. لە وەڵامی ئەوەی هەڵوێستەكەی یەكێتی كاریگەریی دەكاتەسەر ڕێككەوتنەكەی نێوانیان؟ مەحمود محەمەد وتی "چۆن نایكات؟ ئێمە ڕێككەوتووین كە كۆی ئەم خاڵانە ڕێككەوتنە، ئەگەر تۆ بە مەیلی خۆت هەندێكت هەڵبژاردو لەگەڵیدا بویتو هەندێكی تری لەگەڵیدا نەبویت، پارتی ناتوانێت ئەمە وەكوخۆی قبوڵ بكات".