گۆڕان شوێنی سێ ئەندامە دەستلەكاركێشاوەكەی خانەی ڕاپەڕاندنی پڕ كردەوە

13-02-2021 04:18
ئەندامە هەڵبژێردراوەكانی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان. لە لای ڕاستەوە (كامیل قادر، ئاسۆ ڕەحیم، سەفین مەلا قەرە).

پەرەگراف

جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا، شوێنی ئەو سێ ئەندامەی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەكەی پڕ كردەوە كە دەستیان لە كار كێشاوەتەوە.

هەریەكە لە (كامیل قادر بە 40 دەنگ بۆ پۆستی سكرتێری جڤاتی نیشتمانی) و (سەفین مەلا قەرە بە 44 دەنگ بۆ پۆستی سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان) و (ئاسۆ ڕەحیم بە 34 دەنگ بۆ پۆستی سكرتێری كاروباری باژێڕەكان) لە خانەی ڕاپەڕاندن، هەڵبژێردران.

پرۆسەی هەڵبژاردنەكە لە كۆبوونەوەیەكی تایبەتی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بەڕێوە چوو كە تێیدا لە كۆی 50 ئەندامی جڤاتەكە 47 ئەندام بەشدار بوون. بۆ هەریەك لەو پۆستانەیش دوو كەس خۆی كاندید كردبوو.

خانەی ڕاپەڕاندن باڵاترین دامەزراوەی جێبەجێ كردنە لەناو گۆڕان، ڕێكخەری گشتی بزووتنەوەكەی سەرپەرشتی دەكات، لە كۆی حەوت ئەندامی خانەكە سیانیان دەستیان لەكار كێشاوەتەوە، ئەوەش بەهۆی ڕەخنەو نیگەرانییەكانیان لە سیاسەت‌و ئەداو بەڕێوەبردنی گۆڕان.

جەلال جەوهەر، سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان، عەدنان عوسمان سكرتێری جڤاتی نیشتمانی ‌و شەماڵ عەبدولوەفا سكرتێری كاروباری باژێرەكان ئەو سێ ئەندامەی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕانن كە دەستیان لەكار كێشاوەتەوەو شوێنەكانیان پڕكرایەوە.

بزووتنەوەی گۆڕان لەناوخۆیدا دابەشی دوو بەرە بووە كە هەڵوێست‌و تێڕوانینی جیاوازیان هەیەو بەرەیەكیان وەك ئۆپۆزسیۆنی حكومەتی هەرێم دەردەكەوێت، ئەو دۆخە وایكردووە فراكسیۆنی بەغدادی بزووتنەوەكە بەتەواوی لە گۆڕان دابڕاوەو پێشتر پەرەگراف ئەوەی ئاشكرا كرد كە هەوڵی دەركردنیان لە بزوتنەوەكە دەدرێت.

هاوكات فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستانیش بووە بە دوو بەشەوەو نیوەیان ناڕازیی‌و ڕەخنەگرن‌و پابەندی بزووتنەوەكە نین لە دەربڕینی هەڵوێستیاندا‌و بۆچوونیان نزیكە لە فراكسیۆنی گۆڕان لە بەغداد‌و لە چەند پرسێكدا پشتیوانییان بۆ یەكتریی دەربڕیوە.

گۆڕان تائێستا ویستوویەتی خاوەنداریی لە هەردوو ئاڕاستە ناوخۆییەكەی بكات، میدیای فەرمیی‌و نافەرمیی بزووتنەوەكە هەڵوێستە جیاوازەكانیشیان بڵاوكردووەتەوەو بایەخیان پێداون، بەڵام ئەگەر هەنگاو بە ئاڕاستەی دەركردنی فراكسیۆنی بەغدادی گۆڕان بچێتەسەر، ئەوا بزووتنەوەكە تووشی تەنگژەیەكی دیكەی ناوخۆیی‌و جەماوەریی دەبێتەوە.