مەسرور بارزانی: ژمارەیەک بڕیاری گرنگماندا بۆ خێراترکردنی چاکسازییەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە

15-09-2025 05:57

پەرەگراف 

بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بەدواداچوونی ڕێکار و هەنگاوەکانی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجامدرا.

مەسرور بارزانی دەڵێت، دەستخۆشیی لەو پێشکەوتنانە کردووە کە تا ئێستا لە پرۆسەی چاکسازییەکانی پێشمەرگە ئەنجامدراون و جەختیشی لە پێویستیی تەواوکردن و سەرخستنی پرۆسەکە کردەوە.

"لەمبارەیەوە ژمارەیەک بڕیاری گرنگمان بۆ خێراترکردنی چاکسازییەکان دا، لەوانە یەکخستنی یەکە ژمێریارییەکان کە پێویستە هەموو پێکهاتەکانی پێشمەرگە، تەنیا یەک یەکەی ژمێریاری هەبێت لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و لە ژێر سەرپەرشتیی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت لە ڕووی ژمێریاریی و داراییەوە، بە گوێرەی یاسا و ڕێنماییە داراییەکان. هەروەها بڕیاری ڕێکخستنەوەی پێکهاتە و بەیکەربەندیی دابەشبوونی هێزەکانی پێشمەرگە درا بە جۆرێک کە لەگەڵ چاکسازییەکانی حکومەت بگونجێت" سەرۆکوەزیران وادەڵێت.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، تایبەت بووە بە ئاسانکاریی لە ڕاییکردنی مامەڵەی خانەنشینی هێزەکانی پێشمەرگە بەجۆرێک بەرژەوەندی پێشمەرگە لەبەرچاو بگیرێت.

"لەمبارەیەوە لایەنە پەیوەندیدارەکانمان ڕاسپارد پەلە بکەن لە ڕاییکردنی مامەڵەکان و جەختمان کردەوە کە نابێت کێشە یاسایی و تەکنیکیەکان ببنە ڕێگر لەبەردەم خەرجکردنی مووچە و شایستەکانیان" مەسرور بارزانی وادەڵێت. 

دەشڵێت "هەروەها داواش لە حکومەتی فیدراڵ دەکەین، مووچە و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە، لەگەڵ هاوتاکانیان لە سوپای عێراق یەک بخات، چونکە بە پێی دەستوور، پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمی بەرگری عێراق و پێویستە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانیان لەم چوارچێوەیەدا بێت".