بڵاوبوونەوەی خێرا و مەترسیداری کۆرۆنای گۆڕاو؛ ھەرێم و عێراق و ئێران ھۆشداری دەدەن

14-02-2021 02:39

پەرەگراف

جۆری گۆڕاوی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە خێرایی بە وڵاتاندا بڵاو دەبێتەوە. ڤایرۆسەكە گەیشتووەتە ئێران و گیان لەدەستدانی لێ‌ كەوتووەتەوە. هاوكات عێراق و هەرێمی كوردستان هۆشداری لەبارەی هاتنی ڤایرۆسەكەوە دەدەن و بەغدا ژمارەیەك ڕێوشوێنی نوێی بۆ خۆپارێزی گرتە بەر.

یەك ڕۆژ پاش ڕاگەیاندنی یەكەم حاڵەتی گیانلەدەستدان بە جۆرە گۆڕاوەكەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئێران، وەزیری تەندروستیی ئەو وڵاتە دووەم حاڵەتی گیانلەدەستدانی بە ڤایرۆسەكە ئاشكرا كرد و هۆشداریی دا لە جێبەجێنەكردنی ڕێنماییە تەندروستییەكان.

هاوكات لەگەڵ هۆشدارییەكەی وەزیری تەندروستیی ئێران، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستانیش ڕایگەیاند "هۆشداری دەدات لە ئەگەری دووبارە بڵاوبوونەوەی كۆڕۆنا بە شێوەیەكی خێراتر و مەترسیدارتر، بە تایبەتی پاش بڵاوبوونەوەی زنجیرەی نوێی گۆڕاوی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە ئێستا زۆربەی وڵاتانی جیهان پێوەی دەناڵێنن".

سامان برزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێم، ئەمڕۆ ڕایگەیاند "لە ماوەی ١٢ ڕۆژی ڕابردوودا لە عێراق ڕێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا دوو هێندە بووە، ئێمە جموجووڵ و تێكەڵبوونمان لەگەڵ عێراق هەیە و خۆپاراستنی تاكیش كەم بووەتەوە، ئەوەش خەتەرناكە و هەڵكشان لە ژمارەی تووشبووندا دروست دەكات".

وەزیری تەندروستی وتیشی "لە كۆتای مانگی ئازار و سەرەتای مانگی نیسان، وەجبەیەكی ڤاكسینی كۆرۆنا دەگاتە عێراق و هەرێم، لە ڕێگای كونسووڵی چینەوە پێنج هەزار ژەمە ڤاكسین بۆ هەرێم دابن دەكرێت".

دوێنێش لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتیی عێراق بڕیاری دا، لە ١٨ی ئەم مانگەوە تا ٨ی مانگی داهاتوو، ڕۆژانی هەینی و شەممە و یەكشەممەی هەموو هەفتەیەك قەدەغەی تەواوەتیی هاتووچۆ دەبێت و ڕۆژەكانی دیكەش ڕێكارەكانی خۆپارێزی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا تووندتر دەكرێن".

هەروەها گەشتە ئاسمانییەكان لە عێراق بۆ سەرجەم وڵاتان تا كاتێكی نادیار هەڵپەسێردراوە. لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتیی عێراق دەڵێت "هەر كەسێك پابەندی بەستنی دەمامك نەبێت، بە بڕی ٢٥ هەزار دینار سزا دەدرێت".

هۆشداریی وەزارەتی تەندروستیی عێراق و وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێم پەیوەندیی بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسە گۆڕاوەكە لە ئێران هەیە، بە تایبەت كە هاوسنووری لەگەڵ ئێران مەترسیی بە زوویی گەیشتنیشی ڤایرۆسەكەی بۆ عێراق و هەرێم دروست كردووە.

دوێنێ‌ شەممە 13-2-2021، سەعید نەمەكی، وەزیری تەندروستیی ئێران، لەگەڵ هۆشداری دان لەوەی كە خەریكە پێ‌ دەنێنە شەپۆلی چوارەمی كۆرۆناوە، ڕایگەیاند كە "لەگەڵ هەوڵەكان بۆ ڕێگری لە هاتنە ناوەوەی جۆرە نوێیەكەی كۆرۆنا، هەفتەی پێشوو تووشبوویەكی ڤایرۆسە نوێیەكە كە ژنێكی تەمەن 71 ساڵە، لە تاران گیانی لەدەست دا".

ئەمە لە كاتێكدا ڕۆژی پێشتر، محەمەدمەهدی گویا، بەڕێوەبەری ناوەندی كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییە گوازراوەكان لە وەزارەتی تەندروستیی ئێران، یەكەم حاڵەتی گیانلەدەستدان بە جۆرە نوێیەكەی كۆرۆنای لە وڵاتەكەی ڕاگەیاندبوو كە هاووڵاتییەكی تەمەن 48 ساڵە.

یەكەم حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنا لە عێراق لە 24-2-2020 لە شاری نەجەف تۆمار كرا، تووشبووەكە هاووڵاتییەكی ئێرانی بوو كە بۆ خوێندنی ئایینیی ڕووی لە شاری نەجەف كردبوو.

لە 1-3-2020یش وەزارەتی تەندروستیی هەرێم تۆمار كردنی چوار حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنای لە سلێمانی ڕاگەیاند، تووشبووەكان پێكهاتبوون لە خێزانیكی سێ‌ كەسی و ئافرەتێك كە سەرجەمیان پێشتر سەردانی وڵاتی ئێرانیان كردبوو.

ئێستا نۆ شارۆچكەی سەر بە پارێزگای خوزستانی ئێران ئاستی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا تیایاندا بۆ ڕەنگی سوور بەرز بووەتەوە كە بەرزترین ئاستی بڵاوبوونەوەیە. ئەمە لە كاتێكدا لە دوو هەفتەی ڕابردوودا هیچ شار و شارۆچكەیەكی ئێران بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا تێیدا نەگەیشتبووە ئەو ئاستە مەترسیدارە.

هەرچەندە وەزیری تەندروستیی ئێران تۆماركردنی تەنیا حەوت حاڵەتی تووشبوون بە جۆرە گۆڕاوەكەی كۆرۆنای لە وڵاتەكەی ڕاگەیاندووە كە دوانیان گیانیان لەدەست داوە، بەڵام هەندێك لە میدیا فارسییەكان باس لەوە دەكەن تووشبووانی ڤایرۆسەكە زۆر زیاترن.

وەزیری تەندروستیی ئێران ئاماژەی بەوە كردووە كە "تووشبووە 71 ساڵانەكەی تاران سەفەری بۆ هیچ شوێنێك نەكردووە، ئەوەش نیشانەی ئەوە كە ڤایرۆسەكە بە وڵاتدا بڵاو بووەتەوە و لە سووڕاندایە".

جۆری گۆڕاوی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ یەكەم جار لە كۆتا مانگی ساڵی 2020 لە باشووری ڕۆژهەڵاتی بەریتانیا دەركەوت و بڵاوبوونەوەی خێرای وای كرد ئەو وڵاتە كەرەنتیە بۆ كۆنترۆڵكردنی ڕابگەیەنێت.

ڤایرۆسە گۆڕاوەكە تا ئێستا لە زیاتر لە 50 وڵات بڵاو بووەتەوە. خێرایی لە بڵاوبوونەوەدا یەكێكە لە سیفاتەكانی ڤایرۆسەكە، ئەوەش ترسی لای وڵاتان دروست كردووە.

وەزیری تەندروستیی ئێران دەڵێت "ئێستا پێشهاتی نوێ‌ هەن كە زۆر نیگەرانی كردووین. دەبێت هەموان دووربكەوینەوە لە هاتوچۆی یەكدی و لە كۆبوونەوە خۆمان بەدوور بگرین. من لە هەفتەكانی پێشوودا چەندین جار هۆشداریم دا كە بە سادە تەماشكردنی دۆخەكە خۆمان دەخەینە چاڵە نوێیەكانی نەخۆشییەكە. نیگەرانیم لەبارەی هاتنی جۆرە نوێیەكەی كۆرنا هەبوو".

هاوكات وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمیش داوا لە هاووڵاتیان دەكات "پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەكان و ڕێكارەكانی خۆپارێزی بن".

"ئێستا كە ژیان ئاسایی بووەتەوە لە كردنەوەی هەموو شوێنەكانی كەرتی گشتی و تایبەت و كۆبوونەوەی ڕۆژانەی خەڵك، بە داخەوە ڕێنماییەكانی تەندروستی لە زۆربەی شوێنەكان وەك خۆی جێبەجێ ناكرێ بە تایبەتی بەستنی ماسك و لێك دووركەوتنەوە"، وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێم وا دەڵێت.