پشتێنەی سەوزایی هەولێر دەستی پێکرد؛ چاندنی ٧ ملیۆن زەیتوون و فستق

17-09-2025 02:06

پەرەگراف

پارێزگاری هەولێر دەستپێکردنی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێری ڕاگەیاند کە چاندنی ٧ ملیۆن داری زەیتوون و فستقەو بەشێکە لە ماستەرپلانی شاری هەولێر و بە شێوەیەکی بازنەیی لە دەوروبەری شارەکە جێبەجێ دەکرێت.

"پرۆژەكە کاریگەرییەکی ئەرێنیی بەرچاوی لەسەر ژینگە و کوالێتیی ژیانی دانیشتووان دەبێت" پارێزگاری هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا وادەڵێت.

پڕۆژەکە بەشێوەی بازنەیی لە دەرەوەی شەقامی 150 مەتریی هەولێر دروست دەکرێت، پانتایی پڕۆژەکە 2 کیلۆمەترە و بۆ پشتیوانیکردنی ئەم پرۆژەیە، 10 پۆندی گلدانەوەی ئاو لەناو پرۆژەكەدا دروست دەکرێن.

بەگوێرەی خەمڵاندنەکان، جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە، ساڵانە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بڕی 140 هەزار بۆ 210 هەزار تۆن لە گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن (CO2)لە هەوای شاری هەولێردا، هەروەها، پرۆژەکە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر کەمکردنەوەی جۆرەکانی دیکەی گازی زیانبەخش لە هەوای شارەكەدا دەبێت.

زیادبوونی ڕێژەی سەوزایی لە پارێزگای هەولێر، کەشوهەوای شارەکە پاکتر دەکاتەوە و مەترسییەکانی گازی ژەهراوی کەم دەکاتەوە، هاوکات، مەترسیی بەبیابانبوون و خۆڵبارین کەمتر دەکاتەوە و دەبێتە هۆی دابەزاندنی پلەکانی گەرما لە شاری هەولێر، بەمەش کوالێتیی ژیان بەگشتی باشتر دەبێت.

پارێزگار دەشڵێت "لەڕووی ئابووریشەوە، چاندنی 7 ملیۆن داری زەیتوون و فستەق، سوودێكی ئابووریی گەورەی دەبێت. ئەم پرۆژەیە سەدان هەلی کار دەڕەخسێنێت و بەرهەمی کشتوکاڵی ناوخۆیی زیاد دەکات، بەمەش پشتیوانی لە ئابووریی ناوچەکە دەکات".

هەر لە هەولێر، ئەمساڵ پێنج پارکی گەورە لە ناوەندی شاری هەولێر دروستدەکرێن و زیاتر لە 40 هەزار داری جیاوازیش دەچێندرێن، بەوەش ڕێژەی سەوزایی و دار و باخچەکان زیاتر دەبن.

 لە پێناو زیادکردنی ڕێژەیی سەوزایی و زیاتر پاراستنی ژینگەی شار، لە ناوەندی شاری ھەولێر لە سەر ڕووبەری 200 دۆنم زەوی دەستکراوە بە دروستکردنی 5 پارکی گەورە، کە تێیدا 40 ھەزار دار دەچێندرێت و ئەمساڵیش هەر پێنج پارکەکە تەواو دەکرێن، ئەوانیش بریتن لە:

1- دروستکردنی پارکێک لە نزیک شەقامی 120 مەتری، لەسەر ڕووبەری 80 دۆنم زەویی و نزیکەی 8 ھەزار داری تێدا دەچێندرێت، لەئێستادا نزیکەی لە 70%ی کارەکانی تەواو بووە.

2- دروستکردنی پارکی رەشکین لەسەر ڕووبەری 47 دۆنم زەویی و 16 ھەزار داری تێدا دەچێندرێت و لە ئێستادا لە 50%ی کارەکانی تەواو بووە.

3- دروستکردنی پارکی گەڕەکی نازدار لە سەر ڕووبەری 4 دۆنم زەویی و 6 ھەزار داری تێدا دەچێندرێت و لە 80%ی کارەکانی تەواو بووە.

4- دروستکردنی پارکی گەڕەکی ژیان لەسەر ڕووبەری 7 دۆنم زەویی و 5 ھەزار داری تێدا دەچێندرێت، کە ئەویش لە 70%ی کارەکانی تەواو بووە.

5- پارکی یەکتربڕی شەقامی 150 مەتری کە ڕووبەرەکەی 60 دۆنمە و کارکردن تیایدا بەردەوامە.

لە شاری ھەولێر 26 پارکی گەورە و 204 باخچەی بچووک و 209 دارستان و 163 دوورگەی ناوەندی و 109 نافوورە هەن.