ئەمریکا چوار گرووپى چەکداریى عێراقیى نزیک لە ئێرانى خستە لیستى تیرۆرەوە

17-09-2025 04:08

پەرەگراف

ماركۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، ڕایگەیاند "وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا گرووپە میلیشیاكانی بزووتنەوەی نوجەبا، كەتائیبی سەید شوهەدا، بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا ئەوفیا و كەتائیبی ئیمام عەلی دەخاتە لیستی ڕێكخراوە تیرۆریستییە دەرەكییەكانەوە". ڕۆبیۆ، ئەو گرووپە چەكدارییانەی بە "میلیشیای عێراقیی نزیك لە ئێران" ناو بردووە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، كۆماری ئیسلامیی ئێرانی تۆمەتبار كرد بە "پێشكەشكردنی هاوكاریی بەردەوام" بەو گرووپانە، بۆ ئەوەی "پلان بۆ ئەنجامدانی هێرش لە سەرانسەری عێراق دابڕێژن و كارئاسانی بۆ ئەنجامدانیان بكەن، یان جێبەجێیان بكەن".

"گرووپە میلیشیاكانی نزیك لە ئێران، هێرشیان كردووەتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد و بنكەكانی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش"، ئەمە ئەو تۆمەتانەیە كە وەزیرەكەی ئەمریكا دایە پاڵا ئەو گرووپانە.

بڕیارەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئەو گرووپانەدا كە ئەمڕۆ 17-09-2025 دەركراوە، دەكەوێتە چوارچێوەی سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار" بۆ سەر ئێران كە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا جەختی لێ‌ دەكاتەوە.