وتەبێژی حکومەتی هەرێم: نووسراومان کردووە بۆ ڕادەستکردنی نەوت بە سۆمۆ و پێویستە مووچە ڕەوانە بکرێت

17-09-2025 04:27

پەرەگراف

وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، نووسراوی فەرمییان کردووە بۆ ڕادەستکردنی بەشە نەوت بە کۆمپانیای سۆمۆی عێراقی و دەڵێت، پێویستە مووچە ڕەوانە بکرێت و نەناردنی بێ موبەریرە.

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرسی نەوت و مووچە ئەم ڕاگەیەندراوەی بڵاوکردەوە:

لەکۆبونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ٤۸ کاتژمێر دراوەتە وەزیری نەوتی عێراق بۆ ئەوەی بابەتی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت.

*کۆمپانیاکانی بواری بەرهەمهێنانی نەوت ڕازیبوون بەوەی بەپێی یاساکانی عێراق مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و دەستبەرداری ئەو بابەتە بوون کە بە یاسا بیانییەکان مافی ئەوان پارێزراو بێت.

*حکومەتی هەرێمی کوردستان نوسراوی فەرمیکردووە کە بەشە نەوتی خۆی ڕادەستی سۆمۆ بکات.

*پێویستە لەگەڵ ڕادەستکردنی نەوت موچەی مانگی ۷ و مانگەکانی دواتری موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت.

*لە ئەسڵی بابەت، هیچ کام لەم ڕێوشوێنانە پێویست نەبوون، هیچ هۆکارێک نییە بۆ نەناردنی موچەی هەرێمی کوردستان و تەنها یاساکانی بودجەو یاسای کارگێڕی دارایی ودەستور ببنە ناوبژیوان ئەوا یەک هۆکاریش نامێنێت بۆ خەرجکردنی موچە لەپاڵ بڕیاری دادگای فیدراڵی، حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم داواکارییەکان و ئەرکەکانی سەرشانی خۆی جێبەجێکردون و نەناردنی موچە بێ موبەریرە!

*ئێستا توانای بەرهەمهێنانی نەوت بەرەو ئاسایبوونەوە چووەو ڕۆژانە بڕی ۲۳۳ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدێت، دەستپێکردنی ناردنە دەرەوەی نەوت لە خزمەت دۆخی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت.

هەموو هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی حکومەتی فیدراڵ لەو پێناوەیە کە هیچ موچەیەکی موچەخۆرانی هەرێم نەفەوتێت.

*لەبابەتی داهاتی ناوخۆش یاسا چی بۆ ئێمە دیاریکردووە پێوەی پابەندین بێ زیاد و کەم.