یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی دەستگیركراوانی بادینان بەڕێوەچوو؛ پارێزەرەكان گومانیان لە بەڵگەكانی ئاسایش هەیە

15-02-2021 05:02

پەرەگراف

یەكەم دانیشتنی پرۆسەی دادگاییكردنی دەستگیركراوانی بادینان لە هەولێر بەڕێوە چوو. پارێزەرەكان گومانیان لە بەڵگەكانی ئاسایش هەیە و دەڵێن "دوورن لە ڕاستییەوە". سبەینێ‌ بە ئامادەبوونی تۆمەتبارەكان دادگاییكردنەكە بەردەوام دەبێت.

بەشدار حەسەن، یەكێك لە پارێزەرانی دۆسیەی دەستگیركراوان، ڕایگەیاند "تا ئێستا پرۆسەی دادگاییكردنەكە زۆر بە ڕێكوپێكی بەڕێوە دەچێت، بەڵام تێبینیی ئێجگار زۆرمان لەسەر ئەو بەڵگانە هەیە كە پێشكەش كراون".

"كۆمەڵێك چات خراونەتە ناو دۆسیەكە، ئێمە گومانمان لە هەموو ئەو چاتانە هەیە. ئەو بەڵگانەی ئاسایش پێشكەشی كردوون، جێگای گومانی ئێمەن و دوورن لە ڕاستییەوە"، بەشدار حەسەن وای وت.

ئەمڕۆ دادگاییكردنی هەریەكە لە "شێروان شێروانی، ئەیاز كەرەم، گۆهدار محەمەد، هاریوان عیسا و شڤان سەعید" بەڕێوە چووە. "دۆسیەكانی مامۆستا بەدەل بەرواری و ئومێد حاجی گەڕێندرایەوە بۆ ئاسایشی گشتی و دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایش، چونكە دۆسیەكانیان كەموكووڕیی لێكۆڵینەوەی هەبوو".

پرۆسەی دادگاییكردنەكە لەژێر ڕێكارێكی ئەمنیی تونددا بەڕێوە چوو. ئەو پارێزەرە دەڵێت "هێزێكی ئێجاگر زۆری چەكدار ناو دادگایان كۆنترۆڵ كردبوو". هەرچەندە "سەرەتای دانیشتنەكە سەرۆكی دادگا ڕایگەیاند دانیشتنەكە ئاشكرایە و هەموو كەسێك بۆی هەیە ئامادە بێت"، بەڵام ئەو هێزە گرفتی بۆ چوونە ژوورەوەی خەڵك دروست كردووە.

ئەو پارێزەری دۆسیەی دەستگیكراونی بادینان كە بەشداریی پرۆسەی دادگاییكردنەكەی كردووە، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا جەختی كردەوە "هەموو ئەو لاپتۆپ، مۆبایل، سیدی و میممۆرییانەی كە دەستیان بەسەردا گیراوە، جێگای گومانن. داوامان كردووە هەموو بەڵگەكان بهێنرێتە بەرچاومان و گوێمان لە بەڵگە دەنگییەكان بێت، تا دڵنیا بین كە ئەوە دەنگی ئەو تۆمەتخراوەپاڵانەیە یان نا".

پێشتر لە كاتی وەرگرتنی وتەی دەستگیكراوان لە لای دادوەری ئاسایش، ڕێگە نەدراوە پارێزەرەكان ئامادە بن، هەر بۆیە ئەمڕۆ پارێزەرەكان داوای دووبارە وەرگرتنەوەی وتەی تۆمەتبارەكانیان كردووە بە ئامادەبوونی پارێزەرەكانیان.

سەبارەت بەو تۆمەتانەی كە دراونەتە پاڵ دەستگیركراوەكان، بەشدار حەسەن وتی "دەڵێن سيخوڕییان كردووە بۆ وڵاتانی بیانی، خەریكی تێكدانی ئاسایشی وڵات و ئینقلابكردن بەسەر حكوومەتی هەرێمدا بوون".

پێشتر ئەیهان سەعید، چالاكی مافی مرۆڤ و برای یەكێك لە دەستگیركراوان، بە پەرەگرافی وت "پرۆسەی دادگاییكردنەكە لەژێر ڕێكارێكی توندی ئەمنی بەڕێوە دەچێت. زیاتر لە هەزار كەس لە هێزە سەربازییەكان لە دەوروبەری دادگا جێگیر كراون".

هەرچەندە دوێنێ‌ بە پارێزەرەكان وترابوو كە پرۆسەی دادگاییكردنەكە دواخراوە، بەڵام ئەیهان سەعید دەڵێت "ئەوەی كە بە پارێزەرانیان وتبوو دادگاییكردنەكە دواخراوە، بۆ ئەوە بوو چاوی میدیا و ڕێكخراوە جیهانییەكان لەسەر پرۆسەكە نەبێت".