حکومەتی هەرێم ڕووماڵکردنی دیمەن و ڤیدیۆی ڕووداوی تاوان و تۆمەتباران و شوێن و كاتی تاوان قەدەغە دەکات

18-09-2025 02:12

پەرەگراف

حکومەتی هەرێم ڕووماڵکردنی دیمەن و ڤیدیۆی ڕووداوی تاوان و تۆمەتباران و شوێن و كاتی تاوان قەدەغە دەکات و ڕێگە بە میدیاو پەڕەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نادرێت ڕووماڵیان بکەن، فەرمانگەی میدیاو زانیاریی دەڵێت، ئەو هەنگاوە لەسەر داوای دەستەی مافی مرۆڤە بۆ رێزگرتن لە ڕێڕەوی لێکۆڵینەوە یاساییەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤ.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە، "بەپێی گشتاندنێكی سەرۆكایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، كە ئاراستەی گشت وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەت كراوە، لەمەودوا ڕێگە بە هیچ كەناڵ و پەڕەی تۆڕی كۆمەڵایەتی نادرێت، دیمەن و ڤیدیۆی ڕووداوی تاوان و تۆمەتباران و شوێن و كاتی تاوانەكان بڵاو بكەنەوە و ڕووماڵی بکەن".

"ئەم گشتاندنە لەسەر بنەمای داواكارییەكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بۆ ئەنجومەنی وەزیران کراوە، كە تێیدا داوای كردووە، بۆ پاراستنی ڕێڕەوی لێكۆڵینەوە و لایەنی دەروونی و كۆمەڵایەتیی ژیانی خەڵك و نەقۆستنەوەی ڕووداوەكان بۆ دووبەرەكیی سیاسی و كۆمەڵایەتی، ڕێگە نەدرێت ڕووماڵی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی تاوان و تۆمەتباران بكرێت، ئەمەش لەپێناو سەلامەتیی گشتیی و ئاسایشی تاك و كۆمەڵگە، رێزگرتن لە رێرەوی لێکۆڵینەوە یاساییەکان و بنەماکانی مافی مرۆڤ" فەرمانگەی میدیاو زانیاری وادەڵێت.