وێستگەیەكی كارەبا لە سلێمانی بە 'دوكەڵی ژەهراوی' خەڵك هەراسان دەكات

19-09-2025 02:34

پەرەگراف

دوكەڵی "ژەهراوی"ـی وێستگەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا لە سلێمانی، دانیشتووانی گەڕەك و پرۆژەی چوارچرای نوێ‌ و دەوروبەریشی هەراسان دەكات. دوای چوار مانگ لە هەوڵی دانیشتووانی ناوچەكە بۆ گرتنەبەری ڕێكاری ئیداری و یاسایی بەرانبەر ئەو كۆمپانیای وێستگەكە بەڕێوە دەبات، هێشتا ئەو پێشێلكارییە ژینگەیی و تەندروستییە بەردەوامە.

ژمارەیەك لە دانیشتووانی پرۆژەی چوارچرای نوێ‌ لەوبارەیەوە قسەیان بۆ پەرەگراف كرد. ئەوان دەڵێن "وێستگەیەكی كارەبای 29 مێگاواتی لە ناوچەی پیشەسازیی كۆن و نزیك پرۆژەكەمان، فیلتەری نییە و دوكەڵی ژەهراوی بە ئاسمانی پرۆژەکەدا بڵاو دەكاتەوە، بووەتە هۆی پیسبوونی ژینگەی ناوچەكە و مەترسیی تەندروستیشی هەیە".

وەكوو دانیشتووانی ئەو گەڕەكە باسی دەكەن، وێستگەی كارەباكە "ڕەزامەندیی ژینگەیی نییە"، سەرباری ئاگاداركردنەوەیشی لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتەوە، بەڵام چارەسەری كێشەی دوكەڵەكە نەكراوە و بڵاوبوونەوەی بە ئاسمانی ناوچەكەدا بەردەوامە.

بەپێی نووسراوێك، لە سەرەتای مانگی پێنجی ئەمساڵەوە دانیشتووانی پرۆژەی نیشتەجێبوونی چوارچرای نوێ‌ بەدوای ڕێكارە كارگێڕییەكاندا ڕۆیشتوون بۆ چارەسەری كێشەكە لە ڕێگەی قائیمقامیەت و فەرمانگەی ژینگەی سلێمانییەوە، پاشان دوای بەردەوامیی كێشەكە، داواكارییەكیان بە واژووی 123 هاووڵاتیی نیشتەجێی پرۆژەكە و ئەنجومەنى دانیشتووانى پرۆژەکە، پێشكەش بە لایەنی پەیوەندیدار كردووە بۆ گرتەبەری ڕێكاری یاسایی.

وەكوو لە نووسراوەكەدا هاتووە، وێستگەی كارەباكە لەلایەن "كۆمپانیای بەندێر"ـەوە بەڕێوە دەبرێت و پابەندی ڕێكار و مەرجە ژینگەییەكان نەبووە، بۆیە داوا دەكەن "ڕێكاری یاسایی دژی خاوەنی كۆمپانیاكە بگیرێتە بەر".