
پەرەگراف
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ڕایگەیاند، سبەینێ 20-09-2025، هەڵمەتی کۆکردنەوەی سەگی بێلانە دەست پێ دەکەن و ماوەی یەک هەفتە بەردەوام دەبێت.
شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، ئەم هەڵمەتە بەهۆی زۆربوونی سەگی بێلانە لە گەڕەک و شەقامەکان و هاوکات نزیکبوونەوەی کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان ئەنجام دەدات.
هاووڵاتیان دەتوانن بەشداری لە هەڵمەتەکەدا بکەن و لە بەرانبەردا پاداشت وەربگرن. بە جۆرێک بۆ هەر سەگێک کە ڕادەستی شەڵتەری بکەن، سێ هەزار و بۆ هەر سەگێک کە ڕادەستی تیمەکانی بکەن، دوو هەزار دینار وەردەگرن.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی دەڵێت "کارەکانی تیمەکانی کۆکردنەوەی سەگ و ڕادەستکردنەوەیمان بە شەڵتەرەکە لەلایەن ئەو کەسانەی کە شارەزاییان لە گرتنی سەگدا هەیە، چڕتر کردووەتەوە، تا بە کەمترین ماوە زۆرترین سەگ کۆبکرێتەوە".
مەرجەکانی بەشداریی هاووڵاتیان لە هەڵمەتەکە ئەوەیە کە سەگەکان لەناو سنووری شارەوانیی سلێمانیدا بن، هەر سەگێک کە بەچکەی هەبێت، پێویستە کە بەچکەکانیشی لەگەڵدا بێت.