سلێمانی دەبێتە یەکەم؛ بافڵ تاڵەبانی بۆ سەرمایەداران: ڕێگە بە سەرانەسەندن ‌و شەراكەتی بەزۆر نادەین

18-02-2021 04:09
كۆبوونەوەكەی بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ سەرمایەداران. وێنە؛ پەیجی بافڵ تاڵەبانی لە فەیسبوك.

پەرەگراف

سلێمانی بۆ یەکەمجار دەبێتە یەکەم لەسەر ئاستی ھەرێم لە ژمارەی پڕۆژەکانی وەبەرھێنان و سەرمایەگوزاریدا. بۆ بووژانەوەی زیاتری ئابوریی بەتایبەت لەو پارێزگایە، یەکێتی نیشتیمانی هانی سەرمایەداران دەدات سەرمایەكانیان بەگەڕبخەن‌و بەڵێنی لابردنی ئاستەنگەكان دەدات، لە سەروو هەموویانەوە قۆرخكاریی‌و شەراكەتی بەزۆرو سەرانەسەندن کە لەو ڕووەوە پەنجەی تۆمەت بۆ ئەو حیزبە ڕادەکێشرێت.

لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردودا بڕی ملیارێک و ٤٧ ملیۆن دۆلار لەڕێی ٣٤ پڕۆژەوە لەسنوری پارێزگای سلێمانیدا خراوەتە گەڕ، ئەوەش بەپێی ئامارێک کە ئەمڕۆ ھەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی ئاشکرای کرد.

پارێزگاری سلێمانی دەشڵێت "بەم بڕە بۆ یەکەمجارە سلێمانی لە ٣٠ ساڵی ڕابردوودا دەگاتە پلەی یەکەم لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان".

ھەڤاڵ ئەبوبەکر ئەوە بە هەوڵێکی بەرنامەبۆدانراوی شیاوانە ناودەبات بۆ بوژاندنەوەی ئابوریی و سەرمایەگوزاریی و بوژاندنەوەی بازاڕو نەچونەدەرەوەی دراوی قورس و بەکارهێنانی کەرەستەی خۆماڵیی و دروستکردنی هەزاران دەرفەتی کار.

پارێزگار دەشڵێت "‏‎هەموو ئەمانە بەرهەمی ئارامیی و سەقامگیریی و پلانی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی خۆجێیی سلێمانییە بۆ نەهێشتنی ڕۆتین و قۆرخکاریی و، دروستکردنی زەمینەیەکی شیاوی شەفاف و دادپەروەرانە لەم بوارە ستراتیژییە هەستیارو بەهادارەدا".

هەر لەسەر هەمان پرس، پەرەگراف ناوەڕۆکی کۆبوونەوەیەکی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی لەگەڵ سەرمایەدارو خاوەنکارانی سلێمانی ئاشکرا دەکات، كە دوێنێ بە ئامادەبوونی چەند ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی حیزبەكەی ئەنجامیداوە.

بەشداربوویەكی كۆبوونەوەكە بۆ پەرەگراف دەڵێت "كاك بافڵ وتی لە منەوە بۆ هەركەسێكی دیكە، هەركەس داوای شەراكەتی بەزۆر لێكردن مەیكەن، یاخود ئەگەر داوای پارەو سەرانەی لێكردن مەیدەنێ‌و ئەوانەی ئەو كارانە دەكەن نوێنەرایەتی یەكێتی ناكەن، من بە شەخسیی‌و یەكێتیش وەك حیزب پشتیوانیتان دەكات‌و ڕێگە بەو كارانە نادەین‌و ئاستەنگەكانی بەردەم كاركردنتان ناهێڵین".

هاوسەرۆكی یەكێتی بە گرنگییەوە باسی لەوە كردووە كە دەیانەوێت ئابوریی هەرێمی كوردستان‌و بەتایبەت پارێزگای سلێمانی ببوژێتەوەو لە ماوەی چەند ساڵێكی كەمدا پێشكەوتنی بەرچاو لەو ڕووەوە هەبێت، بۆئەوەش ئاماژەی بە گەڕانەوەی دەسەڵات لە هەولێرەوە كردووە بۆ سلێمانی لە چوارچێوەی ئەو لامەركەزییەی حیزبەكەی داوای دەكات.

سەرچاوەكەی پەرەگراف ئاماژەی بەوەشكرد، سەرمایەدارو خاوەنكاران ڕاو بۆچوون‌و گلەییەكانیان خستووەتە ڕوو، داوایان كردووە ڕۆتینات‌و ئاستەنگەكانی بەردەمیان نەهێڵرێن‌و ئەمنییەتی تەواو دابین بكرێت تا دڵنیایی هەبێت‌و بتوانن سەرمایەكانیان بەگەڕ بخەن.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی "كاك بافڵ باسی لەوە كرد ئەگەر لە ڕابردوودا هەندێك لە سەرمایەداران نیگەرانییان هەبووبێ‌و چووبێتنە شوێنی دیكە بۆ سەرمایەگوزاریی، دەبێت لەمەودوا نەك هەرئەوانە بگەڕێنەوە، بەڵكو هانی خەڵكی دیكەش بدرێت بێتە سلێمانی بۆ كاركردن‌و ئەنجامدانی پڕۆژەو بەگەڕخستنی سەرمایەكەی".

دوای كۆبوونەوەكەش، پەیجی فەرمی بافڵ تاڵەبانی لە فەیسبوك وێنەو زانیاریی لەبارەی كۆبوونەوەكە بڵاوكردووەتەوەو دەڵێت "بافڵ تاڵەبانی لە كۆبوونەوەكەدا ڕایگەیاندووە چیتر ڕێگەنادەن بە ھەر پاساوێكەوە بازاڕ و كاروكاسبی سەرمایەدار، خاوەنكار، بازرگانان، دوكانداران قۆرخ بكرێت و دەستبخرێتە قوتی خەڵك و ھەموو ھەنگاوێكیش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كەسانی مشەخۆر دەگرینەبەر".

ئەو كۆبوونەوەیەو پێدانی دڵنیایی بە سەرمایەدارو خاوەنكاران لە كاتێكدایە، لە ماوەی ڕابردوودا هەندێك لە سەرمایەداران ڕەخنەو گلەییان لە دەستێوەردان‌و قۆرخكاریی‌و سەرانەسەندن هەبوو بەتایبەت لە سلێمانی، بۆئەوەش پەنجەی تۆمەتیان بۆ یەكێتی‌و بەرپرسانی ئەو حیزبە ڕادەكێشا.