سزادراوانی بادینان "چوار ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە" و شوێنیان لە زیندان "خراپە"

20-02-2021 06:58

پەرەگراف

زیندانییە سزادراوەكانی بادینان "چوار ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە" و سكاڵایان لەوە كردووە كە شوێنی مانەوەشیان لە زیندان "خراپ و قەرەباڵغە".

ئەمڕۆ زیندانیكراوەكان لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندییان بە كەسوكاریانەوە كردووە و باسی بارودۆخی خۆیان لەناو زیندان كردووە.

ڕووگەش عیززەدین، هاوسەری شێروان شێروانی، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "ئەمڕۆ شێروان خۆی پەیوەندیی پێوە كردم. لێم پرسی شوێن و خواردنتان چۆنە؟ وتی: لەو ڕۆژەوەی سزامان بەسەردا سەپێندراوە، مانمان لە خواردن گرتووە".

ڕووگەش عیززەدین جەختی كردەوە "ئەوانەی كە سزایان بەسەردا سەپێندراوە، لە دوای 16ی مانگەوە كە دووەم ڕۆژی دادگاییكردنەكە و سزادانیان بوو، مانیان لە خواردن گرتووە".

هاوكات محەمەد عەبدوڵڵا، پارێزەری شێروان شێروانی، بۆ پەرەگراف وتی "لە دوای دەرچوونی بڕیاری سزادانیان كە پێیان وایە زوڵمێكی گەورەیان لێ‌ كراوە و تۆمەتی ناڕەوایان دراوەتە پاڵ، زیندانییەكان مانیان لە خواردن گرتووە".

ئەو پارێزەرەش دەڵێت "زیندانیكراوەكان بارودۆخی تەندروستی و شوێنی مانەوەیان باش نییە. شوێنەكەیان زۆر قەرەباڵغە".

وەكو هاوسەرەكەی شێروان دەڵێت، گۆهدار زێباری كە یەكێكە لە سزادراوان، لە پەیوەندیی تەلەفۆنییدا لەگەڵ كەسوكاری، وتوویەتی كە "شوێنی مانەوەیان زۆر ناخۆشە، بە پارێزەرەكان بڵێن چارەسەرێكمان بۆ بدۆزنەوە. لە ژوورێكداین جێگای 30 كەسە، بەڵام 100 كەسی تێدایە".

ڕووگەش عیززەدین سەبارەت بە ناوەرۆكی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی لەگەڵ شێروانی هاوسەری زیاتر بۆ پەرەگراف دوا و وتی "شێروان لە قسەكردندا باش و خۆڕاگر دیار بوو. هەواڵی ئێمەی پرسی، منیش وتم باشین، خەمت نەبێ‌ هەموو ڕێكخراوە جیهانییەكان و نەتەوەیەكگرتووەكان و باڵیۆزخانەی ئەمریكا و سەرۆكی هەرێمیش ڕاگەیەندراویان بۆ پاڵپشتیی ئێوە دەركردووە".

شێروان شێروانی داوای ئەوەی كردووە كە بە خەڵك بوترێت ئەو "بێتاوانە"، هاوسەرەكەشی پێی وتووە كە "تۆ نەك تەنیا جێگای شانازیی بۆ من، جێگای شانازیت بۆ جیهان".

ڕۆژی 16-2-2021، دادگای دووی تاوانەكان لە هەولێر، سزای شەش ساڵ زیندانیكردنی بەسەر پێنج كەس لە چالاك و ڕۆژنامەنووسانی بادیناندا سەپاند. ئەو بڕیارەی دادگا ناڕەزایی توند و بەرفروانی لەناو كەسوكاری دەستگیركراون و ڕۆژنامەنووسان و هاووڵاتیانیش لێ‌ كەوتەوە. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ڕاكخراوەكانی مافی مرۆڤ و وڵاتان هاتوونەتە سەر هێڵ.

كۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (سی پی جەی- CPJ) ڕەخنە لە بڕیارەكەی دادگای هەولێر دەگرێت و نوێنەری كۆمیتەكە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ‌و باكووری ئەفریقا بۆ پەرەگراف دەدوێت‌ و بڕیارەكە بە "ناڕەوا" لە قەڵەم دەدات ‌و داوای ئازادكردنی دەستگیركراوەكان دەكات.

كۆمیتەكە ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتییە و چاودێریی دۆخی ئازادیی ڕۆژنامەوانی دەكات لە سەرتاسەری دونیا، لە نزیكەوە چاودێریی دۆخی هەرێم ‌و دۆسیەی سزادانی ڕۆژنامەنووس‌ و چالاكانی بادینان دەكات.

ئیگناسیۆ میگێل دێلگادۆ، نوێنەری سی پی جەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌ و باكووری ئەفریقا، دەڵێت "لەگەڵ پارێزەرەكەی شێروان ئەمین شێروانی ‌و چەند سەرچاوەیەكی دیكە قسەمان كردووە و پێمان وایە سزاكە ناڕێك ‌و ناڕەوایە، ئەو بەڵگانەی لە دادگاییكردنەكەدا خراونەتە ڕوو كەم ‌و ناڕاستەوخۆ و جێی باوەڕنین".

هەروەها ئۆفیسی ڕاگەیاندنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا، ڕایگەیاند "بە وردی چاودێریی دەستگیركردن و پاشان دادگایكردنەكانی ئەم دواییەی ڕۆژنامەنووسان و چالاكوانانمان كردووە. ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەربارەی پرسی ئازادیی ڕادەربڕین و لەو نێوەندەشدا ئازادی بۆ ڕاگەیاندكاران، بەردەوام لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان".

"كۆمەڵگا دیموكراتییەكان ڕێز لە ئازادیی ڕادەربڕین دەگرن و پشتیوانی لە توانای ڕاگەیاندكاران دەكەن بۆ ئەنجامدانی كارەكانیان بە بێ ترس لە تۆڵە لێسەندنەوە"، ئۆفیسی ڕاگەیاندنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا وا دەڵێت.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دوو ڕۆژ پاش بڕیارەكەی دادگا لە ڕاگەیەندراوێكدا وتی "دادگای پێداچوونەوە ئەركیەتی بە پشتبەستن و ڕێزگرتن لە یاسا و مافەكانی مرۆڤ و مافی یاسایی سكاڵالێكراو و سكاڵاكار، بە كەیسەكەدا بچێتەوە تا هەمووان هەست بكەن وەك یەك مافیان پارێزراوە".

"دادگا و دادوەرانی بەڕێز دەبێت شكۆی سەربەخۆیی خۆیان لەپێناو سەروەریی یاسادا بپارێزن، تا شكۆی مرۆڤ و شكۆی وڵات لە سایەی شكۆی یاسادا پارێزراو بێت"، سەرۆكی هەرێم وا دەڵێت.

هاوكات قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم ڕایگەیاند، دۆسیەی سزادانی دەستگیركراوانی بادینان پرسێكی‌ یاساییە‌، بە‌ڵام بە‌ شێوە‌یە‌كی گشتی گومانی لای هاوڵاتیان دروست كردووە و ئە‌وە‌ش دە‌بێتە‌‌ مایە‌ی لە‌كە‌داركردنی ناو و ناوبانگی هە‌رێم.

جێگری سەرۆكی حكوومەت بۆ میدیای حیزبەكەی وتیشی "بۆیە‌ دەبێت دادگای تەمیز بڕیاری دروست بدات كە تێیدا سەروەریی یاسا و ئازادی و دیموكراسی پارێزراو بێت و لەوە زیاتر ناوبانگی كوردستان لەكەدار نەكەین".

لە دوای كاردانەوەكانی سەرۆكی هەرێم و جێگری سەرۆكی حكوومەت، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم لە تویتێكدا وتی "داوا لە هەموو لایەك دەكەم كە ڕێز لە سیستەمی دادوەریی لە هەرێمی كوردستان بگرن بۆ ئەوەی بتوانێت بە شێوەیەكی سەربەخۆ و بێ دەستوەردان كارەكانی ئەنجام بدات".

ئەم قسەیەی سەرۆكی حكوومەت لە كاتێكدایە كە هەر لە دوای دادگیاییكردنەكە، بەشدار حەسەن، یەكێك لە پارێزەرانی دۆسیەی دەستگیركراوان، وتی "دەمەوێت بۆ ڕایگشتی ڕوون بكەمەوە كە وتارەكەی سەرۆكی حكوومەت سەلمێنەری ئەوە بوو كە ئەمانە دادگایی دەكرێن و بڕیارەكە پێشوەختە دراوە".

مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، هەفتەی ڕابردووتر سەبارەت بە دەستگیركردنی چالاكان و ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند "ئەوانەی كە گیراون لە بنەمادا نە چالاكوانن نە ڕۆژنامەنووس، هەندێك لەوانە سیخوڕ بوون و سیخوڕییان بۆ وڵاتانی دیكە كردووە، هەندێكیشیان تێكدەر و چەكدار بوون هەوڵی تەقاندنەوەی باڵەخانە و پێگەی خەڵكی بیانی لێرە و كوشتن و ڕفاندن و تێكدانی دۆخەكەیان داوە".

ئەو وتانەی سەرۆكوەزیران، ناڕەزایی فراوانی لێكەوتەوەو بە "دەستوەردان" لە كاروباری دادوەریی ‌و حوكمدانی پێشوەختە لە قەڵەم درا بەر لەوەی دادگا دۆسیەكان یەكلایی بكاتەوە.

لە دەیان چالاك و ڕۆژنامەنووسی بادینان كە دەستگیركراون، هەریەكە لە (شێروان شێروانی، ئەیاز كەرەم، گۆهدار محەمەد، هاریوان عیسا و شڤان سەعید) یەكی شەش ساڵ زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێندراوە، پارێزەران تانە لە بڕیارەکە دەدەن و چاوەڕوانی دادگای پێداچوونەوە دەکرێت بۆ بڕیاری کۆتایی.