سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق "ڕێگرە لە دروستكردنی لیژنەی لێکۆڵینەوە" بۆ دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان

21-02-2021 04:18
ڕۆژنامەنووس و چالاکوانە سزادراوەکان.

پەرەگراف

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، سەرۆكایەتیی پەرلەمانەكەی تۆمەتبار دەكات بەوەی كە "ڕێگرە لە دروستكردنی لیژنەی لیكۆڵینەوە" بۆ دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان. پەرلەمانتارێكیش هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە "محەمەد حەلبوسی نایەوێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتی و مەسعوود بارزانی تێك بدات".

یوسف محەمەد، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت "لە كۆتایی مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە وەك فراكسیۆنی گۆڕان بە واژووی زیاتر لە 50 پەرلەمانتار داوای پێكهێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەمان كرد بۆ بەدواداچوونی فڕاندن و گرتنی چالاكوان و ڕۆژنامەنوسانی بادینان و پێشێلكارییەكانی تری ماف و ئازادییە گشتی و سیاسی و رۆژنامەوانییەكان لە هەرێمی كوردستان".

یوسف محەمەد لە نووسینێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك ئاماژە بەوەش دەكات كە هەرچەندە داواكارییەكەیان "بەپێی ماددەكانی (83- 85)ی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی نوێنەران" بووە، بەڵام "سەرباری بەڵێنەكانیان، تا ئێستا سەرۆكایەتیی پەرلەمان ڕێگرە لە ڕێكارەكانی دروستكردنی لیژنەكە".

هەر لەوبارەیەوە غالب محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق كە پێشتر لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێكی دیكە هەڵمەتێكیان بۆ ئازادكردنی ڕۆژنامەنووس و دەستگیركراوانی سنووری بادینان ڕاگەیاندبوو، بە پەرگرافی وت "بە واژووی 51 پەرلەمانتار داوای پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵنەوەمان كردبوو، بەڵام پێم وایە لەبەر ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان پەیوەندیی لەگەڵ پارتی هەیە و دەیەوێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو سوود لە مەسعوود بارزانی ببینێت، نایەوێت هیچ بكات".

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەش كرد كە ئەو پرسەیان بردووەتە لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی عێراقیش، بەڵام دەڵێت "لیژنەیەكی شكستخواردووە و بە دوای هیچ دۆسیەیەكدا ناچێت".

غالب محەمەد بۆ پەرەگراف جەختی كردەوە كە "ئێمە بەردەوامین لەسەر بەدواداچوونی ئەو دۆسیە".

ڕۆژی 14-10-2020 هەردوو پەرلەمانتار سەركەوت شەمسەدین و غالب محەمەد، هەڵمەتێكیان بۆ ئازادكردنی ڕۆژنامەنووس و دەستگیركراوانی سنووری بادینان لە پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند. لە یەكەم هەنگاویشدا هەڵمەتێكی هۆشیاركردنەوەيان لەناو پەرلەمانتاران ئەنجام دا، چونكە وەكو خۆیان ئاماژەیان پێ‌ كردبوو "كوتلە سیاسییەكانی ئێرە زۆر زانیارییان لەسەر پرسەكە نەبوو".

هەرچەندە لە هانگاوەكانی دواتردا هەوڵیان دا پەرلەمانی عێراق دانیشتنێك سەبارەت بە دۆسیەی دەستگیركروانی بادینان و پێشێلكاریی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدات، بەڵام تا ئێستا سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق نەیخستووەتە بەرنامەی كارەوە.

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت "بێدەنگیی سێ دەسەڵاتەكەی عێراق لە فشاركردن لە دەسەڵاتدارانی هەرێم بۆ ئازادكردنی چالاكوان و ڕۆژنامەنووسان جێی ڕەخنەیە".

ڕۆژی 16-2-2021، دادگای دووی تاوانەكان لە هەولێر، سزای شەش ساڵ زیندانیكردنی بەسەر پێنج كەس لە چالاك و ڕۆژنامەنووسانی بادیناندا سەپاند. ئەو بڕیارەی دادگا ناڕەزایی توند و بەرفروانی لەناو كەسوكاری دەستگیركراون و ڕۆژنامەنووسان و هاووڵاتیانیش لێ‌ كەوتەوە. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ڕاكخراوەكانی مافی مرۆڤ و وڵاتان هاتوونەتە سەر هێڵ.

* سزادراوانی بادینان "چوار ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە" و شوێنیان لە زیندان "خراپە"

كۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (سی پی جەی- CPJ) ڕەخنە لە بڕیارەكەی دادگای هەولێر دەگرێت و نوێنەری كۆمیتەكە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ‌و باكووری ئەفریقا بۆ پەرەگراف دەدوێت‌ و بڕیارەكە بە "ناڕەوا" لە قەڵەم دەدات ‌و داوای ئازادكردنی دەستگیركراوەكان دەكات.

كۆمیتەكە ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتییە و چاودێریی دۆخی ئازادیی ڕۆژنامەوانی دەكات لە سەرتاسەری دونیا، لە نزیكەوە چاودێریی دۆخی هەرێم ‌و دۆسیەی سزادانی ڕۆژنامەنووس‌ و چالاكانی بادینان دەكات.

ئیگناسیۆ میگێل دێلگادۆ، نوێنەری سی پی جەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌ و باكووری ئەفریقا، دەڵێت "لەگەڵ پارێزەرەكەی شێروان ئەمین شێروانی ‌و چەند سەرچاوەیەكی دیكە قسەمان كردووە و پێمان وایە سزاكە ناڕێك ‌و ناڕەوایە، ئەو بەڵگانەی لە دادگاییكردنەكەدا خراونەتە ڕوو كەم ‌و ناڕاستەوخۆ و جێی باوەڕنین".

هەروەها ئۆفیسی ڕاگەیاندنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا، ڕایگەیاند "بە وردی چاودێریی دەستگیركردن و پاشان دادگایكردنەكانی ئەم دواییەی ڕۆژنامەنووسان و چالاكوانانمان كردووە. ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەربارەی پرسی ئازادیی ڕادەربڕین و لەو نێوەندەشدا ئازادی بۆ ڕاگەیاندكاران، بەردەوام لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان".

"كۆمەڵگا دیموكراتییەكان ڕێز لە ئازادیی ڕادەربڕین دەگرن و پشتیوانی لە توانای ڕاگەیاندكاران دەكەن بۆ ئەنجامدانی كارەكانیان بە بێ ترس لە تۆڵە لێسەندنەوە"، ئۆفیسی ڕاگەیاندنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا وا دەڵێت.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دوو ڕۆژ پاش بڕیارەكەی دادگا لە ڕاگەیەندراوێكدا وتی "دادگای پێداچوونەوە ئەركیەتی بە پشتبەستن و ڕێزگرتن لە یاسا و مافەكانی مرۆڤ و مافی یاسایی سكاڵالێكراو و سكاڵاكار، بە كەیسەكەدا بچێتەوە تا هەمووان هەست بكەن وەك یەك مافیان پارێزراوە".

"دادگا و دادوەرانی بەڕێز دەبێت شكۆی سەربەخۆیی خۆیان لەپێناو سەروەریی یاسادا بپارێزن، تا شكۆی مرۆڤ و شكۆی وڵات لە سایەی شكۆی یاسادا پارێزراو بێت"، سەرۆكی هەرێم وا دەڵێت.

هاوكات قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم ڕایگەیاند، دۆسیەی سزادانی دەستگیركراوانی بادینان پرسێكی‌ یاساییە‌، بە‌ڵام بە‌ شێوە‌یە‌كی گشتی گومانی لای هاوڵاتیان دروست كردووە و ئە‌وە‌ش دە‌بێتە‌‌ مایە‌ی لە‌كە‌داركردنی ناو و ناوبانگی هە‌رێم.

جێگری سەرۆكی حكوومەت بۆ میدیای حیزبەكەی وتیشی "بۆیە‌ دەبێت دادگای تەمیز بڕیاری دروست بدات كە تێیدا سەروەریی یاسا و ئازادی و دیموكراسی پارێزراو بێت و لەوە زیاتر ناوبانگی كوردستان لەكەدار نەكەین".

لە دوای كاردانەوەكانی سەرۆكی هەرێم و جێگری سەرۆكی حكوومەت، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم لە تویتێكدا وتی "داوا لە هەموو لایەك دەكەم كە ڕێز لە سیستەمی دادوەریی لە هەرێمی كوردستان بگرن بۆ ئەوەی بتوانێت بە شێوەیەكی سەربەخۆ و بێ دەستوەردان كارەكانی ئەنجام بدات".

ئەم قسەیەی سەرۆكی حكوومەت لە كاتێكدایە كە هەر لە دوای دادگیاییكردنەكە، بەشدار حەسەن، یەكێك لە پارێزەرانی دۆسیەی دەستگیركراوان، وتی "دەمەوێت بۆ ڕایگشتی ڕوون بكەمەوە كە وتارەكەی سەرۆكی حكوومەت سەلمێنەری ئەوە بوو كە ئەمانە دادگایی دەكرێن و بڕیارەكە پێشوەختە دراوە".

مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، هەفتەی ڕابردووتر سەبارەت بە دەستگیركردنی چالاكان و ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند "ئەوانەی كە گیراون لە بنەمادا نە چالاكوانن نە ڕۆژنامەنووس، هەندێك لەوانە سیخوڕ بوون و سیخوڕییان بۆ وڵاتانی دیكە كردووە، هەندێكیشیان تێكدەر و چەكدار بوون هەوڵی تەقاندنەوەی باڵەخانە و پێگەی خەڵكی بیانی لێرە و كوشتن و ڕفاندن و تێكدانی دۆخەكەیان داوە".
ئەو وتانەی سەرۆكوەزیران، ناڕەزایی فراوانی لێكەوتەوەو بە "دەستوەردان" لە كاروباری دادوەریی ‌و حوكمدانی پێشوەختە لە قەڵەم درا بەر لەوەی دادگا دۆسیەكان یەكلایی بكاتەوە.

لە دەیان چالاك و ڕۆژنامەنووسی بادینان كە دەستگیركراون، هەریەكە لە (شێروان شێروانی، ئەیاز كەرەم، گۆهدار محەمەد، هاریوان عیسا و شڤان سەعید) یەكی شەش ساڵ زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێندراوە، پارێزەران تانە لە بڕیارەکە دەدەن و چاوەڕوانی دادگای پێداچوونەوە دەکرێت بۆ بڕیاری کۆتایی.