دادگای پێداچوونەوەی هەولێر بە سزای ڕۆژنامەنووس و چالاكانی بادیناندا دەچێتەوە

25-02-2021 02:46

پەرەگراف

دادگای پێداچوونەوەی هەولێر داواكاریی پێداچوونەوە بە سزادانی ئەو چالاك و ڕۆژنامەنووسانەی وەرگرت كە ڕۆژی 16ی مانگ لەلایەن دادگای تاوانەكانی دوو لە هەولێر سزای شەش ساڵ زیندانیكردنیان بۆ دەركرا.

داواكاریی پێداچوونەوە بە سزادانی پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسە، لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی هەولێرەوە وەرگیراوە و لەمڕۆوە كار لەسەر دۆسیەكە دەكرێت.

پارێزەرانی دۆسیەكە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنییان لەبەردەم دادگای پێداچوونەوەی هەولێر ئەنجام دا. یەكێك لە پارێزەران وتی "ئێمە وەكوو تیمی پارێزەرانی داكۆكیكار لە مافی ئەو ڕۆژنامەنووس و چالاكە مەدەنییانە، كە بینیمان بڕیاری دادگا بە سەپاندنی شەش ساڵ زیندانیكردن بەسەریاندا، نایاساییە و زوڵمە لەو ڕۆژنامەنووس و چالاكانە، ئەمڕۆ بە ڕێگەی یاسایی تانەمان لەو بڕیارە دا".

بەپێی ڕێكارە یاساییەكان، دۆسیەی ئەو سزادراوانە لە داداگای تاوانەكانی دوو لە هەولێرەوە ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوەی هەولێر دەكرێت بۆ لێكۆڵینەوە و پێداچوونەوەی ورد بە بەڵگەكان و سزاكەدا.

لە كاتی پێشكەشكردنی داواكاریی پێداچوونەوە بە سزاكەدا لە دادگای پێداچوونەوەی هەولێر، ژمارەیەكی زۆر لە پارێزەری خۆبەخشی دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان ئامادە بوون كە لە دهۆك، هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و كەركووكەوە هاتبوون.

لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا، عیماد حەمید، بەڕێوەبەری ناوەندی نیشتمانی بۆ مافی مرۆڤ، بە نوێنەرایەتی فیدراسیۆنی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی بەیاننامەیەكی خوێندەوە كە تێیدا دەڵێن "دركمان بە مەترسی كردووە لە بەڕێوەچوونی دادگاییكردن و سزادانی دەستگیركراوەكان".

"نادادییەكی گەورەمان بەدی كرد لە سزادانی ئەو چالاك و ڕۆژنامەنووسانە. كۆمەڵێك تۆمەتیان ئاراستە كراوە كە لە بنەڕەتدا لە ڕووی یاساییەوە تاوان نین. ئەمە جگە لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی نائاسایی لەناو هۆڵی دادگا كە هەست بەوە نەدەكرا مەبەست لە دادگاییكردنەكە چەسپاندنی یاسا و بەدیهێنانی داپەروەری بێت"، فیدراسیۆنی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی وا دەڵێن.

فیدراسیۆنەكە سەپاندنی شەش ساڵ سزا بەسەر ئەو ڕۆژنامەنووس و چالاكانەدا بە "تۆڵەسەندنەوە" ناو دەبات، بە پاساوی ئەوەی كە "لە درێژەی دادگاییكردنەكە و وەرگرتنی وتەی تۆمەتباراندا، نەتوانرا هیچ بەڵگەیەكی سەلمێنەر بخرێتە ڕوو بۆ ئیدانەكردنی تۆمەتباران".

فیدراسیۆنی كۆمەڵی ڕێكخراوەكانی مەدەنی داوای لە ئەنجوومەنی دادوەری و دادگای پێداچوونەوە كردووە كە "لەپێناو چەسپاندنی دادپەروەری و پاراستنی شكۆی هەرێم، بە چاوێكی وردتر و دادپەروەرانەتر" پێداچوونەوە بە بڕیاری سزادانی ئەو چالاك و ڕۆژنامەنووسانەدا بكات.

ڕۆژی 16-2-2021، دادگای دووی تاوانەكان لە هەولێر، سزای شەش ساڵ زیندانیكردنی بەسەر پێنج كەس لە چالاك و ڕۆژنامەنووسانی بادینان (شێروان شێروانی، ئەیاز كەرەم، گۆهدار محەمەد، هاریوان عیسا و شڤان سەعید)دا سەپاند.

* سزادراوانی بادینان "مانیان لە خواردن گرتووە" و شوێنیان لە زیندان "خراپە"

ئەو بڕیارەی دادگا ناڕەزایی توند و بەرفروانی لەناو كەسوكاری دەستگیركراون و ڕۆژنامەنووسان و هاووڵاتیانیش لێ‌ كەوتەوە. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ڕاكخراوەكانی مافی مرۆڤ و وڵاتان هاتوونەتە سەر هێڵ.