کۆمیسیۆن: ناوى بەربژێرەکان پەسەند کرا و ڕۆژى هەینى بانگەشە دەست پێ دەکات

01-10-2025 11:38

پەرەگراف

جومانە غەلاى، وتەبێژى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق، بە پەرەگرافى ڕاگەیاند "ئەمڕۆ چوارشەممە 01-10-2025، ئەنجوومەنى کۆمیسیاران لیستى ناوى ئەو بەربژێرانەى پەسەند کرد کە مافى بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردن هەیە".

وتەبێژى کۆمیسیۆن وتیشى "ئەنجوومەنى کۆمیسیاران بڕیاریشى دا بە دەستپێکردنی بانگەشەى هەڵبژاردن بۆ بەربژێرە پەسەندکراوەکان لە ڕۆژى هەینى 03-10-2025، کاتژمێر 7:00ـی بەیانیی ڕۆژی شەممە 08-11-2025یش ماوەی بانگەشە کۆتایی دێت".

بەپێی دوایین لیست، ژمارەی بەربژێرەکان "7768" کەسن، کە "5520" بەربژێریان پیاون و "2248"یان ژنن. بەوپێیەش ڕێژەی 71٪ـی بەبژێرەکان پیاو و 29٪ ژنن.

بڕیارە لە ڕۆژى 11-11-2025 هەڵبژارنى خولى شەشەمى پەرلەمانى عێراق بەڕێوە بچێت. کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراق لە ئامادەکارییەکانى بەردەوامە و هەموو لایەنە عێراقى و کوردستانییەکانیش جەخت لە بەڕێوەچوونى لە وادەى دیاریکراوى خۆیدا دەدەنەوە.

کۆمیسیۆن بەڵێنى بەڕێوەبردنى هەڵژاردنى "پاک و بێ ساختەکارى"ـى داوە و جەختیش دەکاتەوە کە "ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی هەڵبژاردن ئاستیان بەرزە و گەرەنتیی خاوێنیی پرۆسەی هەڵبژاردن دەکەن".

حەسەن سەلمان، ڕاوێژكاری یاسایی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژادنەكانی عێراق، پێشتر ڕایگەیاند "لە پرۆسەی دەنگداندا، دەنگدەر ناتوانێت ببێت بە جێگرەوەی دەنگدەرێكی دیکە، چونكە سێ هاوتاكردن هەیە كە دەبێت جێبەجێ بكرێت بۆ ئەوەی كارتی دەنگدان بە دەنگدەر بدرێت، كە ئەویش بریتییە لە پەنجەمۆری ڕاستەوخۆی دەنگدەر لە ڕۆژی دەنگدان (واتا پەنجەمۆر و ناسینەوەی ڕووخسار)، كارتی بایۆمەتری و ئامێری پشتڕاستكردنەوەی ئەلیكترۆنی".

بەوتەی ئەو ڕاوێژکارەی کۆمیسیۆن، كۆمیسیۆن پەرەی داوە بەو ئامێرە ئەلیكترۆنییانەی كە لە هەڵبژاردنی ئەمساڵ بەكاردەهێنرێن، "كامێرای ناسینەوەی بۆ ئەو دەنگدەرانە داناوە كە لە ڕۆژی دەنگدان پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە، ئەمجارە كامێرایەك لە ئامێری پشتڕاستكردنەوە بەستراوە، وێنەی دەنگدەر دەگرێت و دواتر ئاماژە لە ناوەكەی دەدرێت، بۆیە ئەو كەسە جارێكی تر مافی ئەوەی نابێت دەنگ بداتەوە".

ڕۆژى ١٤-٠٩-٢٠٢٥، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق ئاماری کۆتایی دەنگدەران و دابەشکردنی ناوەند و وێستگەکانی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پەسەند کرد. جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆن، بە پەرەگرافی وت "ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ئاماری کۆتایی دەنگدانی گشتی و تایبەت و ئاوارەکانی پەسەند کردووە". 

بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، کۆی گشتیی دەنگدەرانی تۆمارکراو 21,404,291 دەنگدەرن، بەم شێوەیە دابەش کراون:

• دەنگدانی گشتی: 20,063,773 دەنگدەر، لە 8,703 ناوەند و 39,285 وێستگە دەنگ دەدەن.

• دەنگدانی تایبەت: 1,313,980 دەنگدەر (لەوانەش ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان و هەندێک لە کارمەندانی دەوڵەت)، لە 809 ناوەند و 4,501 وێستگە دەنگ دەدەن.

• دەنگدەرانی ئاوارە: 26,538 دەنگدەر، لە 97 ناوەند و 321 وێستگە دەنگ دەدەن.

بڕیارە دوو ڕۆژ پێش دەنگدانی گشتی، دەنگدانی تایبەت ئەنجام بدرێت، بەمەش ئەندامانی هێزە چەکدارەکان و پۆلیس و پۆلە دیاریکراوەکانی دیکە دەتوانن زووتر دەنگ بدەن.