لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەولێر 17 بڕیار و ڕاسپاردەی تایبەت بە دەستپێكردنی بانگەشەی ‏هەڵبژاردن دەركرد

02-10-2025 04:52

پەرەگراف

لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەولێر 17 بڕیار و ڕاسپاردەی تایبەت بە دەستپێكردنی بانگەشەی ‏هەڵبژاردن دەركرد. جگە لە دیاریكردنی قەدەغەكراوەكانی بانگەشە، ڕایشیدەگەیەنێت كە بۆ ‏ئەنجامدانی گردبوونەوەی جەماوەری بۆ بانگەشە، دەبێت ڕەزامەندی لە لیژنەی ئەمنی وەربگیرێت.‏

لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەولێر پاش كۆبوونەوەی ئەمڕۆی بە سەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو، ‏پارێزگاری هەولێر دەڵێت، ئەو بڕیار و ڕاسپاردانەی "لەپێناو بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ‏پەرلەمانی عێراق بە شێوازێكی شارستانی و سەردەمییانە و بەرگریكردن لە ناو و ناوبانگی ‏پایتەختی هەرێمی كوردستان" دەركردووە.‏

دەقی ڕاگەیەندراوی لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەولێر:‏

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025.10.2، لیژنەی ئەمنی پارێزگا، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، ‏پارێزگاری هەولێر، لە پێناو بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە شێوازێكی ‏شارستانی و سەردەمیانە لە سنووری پارێزگای هەولێر و بەرگریكردن لە ناو و ناوبانگی پایتەختی ‏هەرێمی كوردستان، كە هەمیشە لە هەموو ڕووێكەوە پێشەنگ بووە، هەروەها بە ئامانجی ‏فەراهەمكردن و دەستەبەركردنی ئازادی بۆ هەموو لایەنە سیاسیەكان بەبێ جیاوازی و ‏پارێزگاریكردن لە كاندیدان و پاراستنی ئارامی و پاك ڕاگرتنی شار و بەڕێوەچوونی ماوەی ‏دیاریكراوی بانگەشەی هەڵبژاردن بە سەركەوتوویی، كۆبۆوە، و كۆبوونەوە گەیشتە ئەو بڕیار و ‏ڕاسپاردانەی خوارەوە‎:-‎

یەكەم/ بە هیچ شێوەیەك نابێت بانگەشەی هەڵبژاردن بە كاروانی زۆری ئۆتۆمبێل لە شەقامە ‏گشتییەكان بكرێت، كە ببێتە هۆی دروستكردنی ئاستەنگ لە ڕێگای هاتووچۆی خەڵك، هەروەها ‏نابێت ئامێری بێزاركەر بەكاربهێنرێت، كە ببێتە هۆی ناڕەحەتی هاوڵاتییان‎.‎

دووەم/ نابێت وێنە و پۆستەر و دروشمی كاندیدان لەو شوێنانەی كە ڕێگە دراوە، بە مادەیی لێكدەر ‏وەك ( لەزگە یان غەرە ) لێبدرێت، بەڵكو دەبێت هەڵبواسرێت، یان لەسەر ستاند لە شوێنیك ‏دابنرێت كە ڕێگا نەگرێت، هەروەها بەكارهێنانی ( قوم، لم ، چیمەنتۆ ) بۆ ڕاگرتنی دروشم و ‏پۆستەر و وێنەكان بە هەموو شێوەیەك قەدەغەیە‎. ‎

سێیەم/ نابێت لە چوار ڕێییان و ترافیك لایتەكان وێنە و پۆستەر و دروشمی كاندیدان لێبدرێت‎.‎

چوارەم/ نابێت وێنە و پۆستەری كاندیدان لە فەرمانگە حكومیەكان، نەخۆشخانە، قوتابخانەكان، ‏هتد .. لێبدرێت‎.‎

پێنجەم/ نابێت پۆستەر و دروشمەكانی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن لەسەر دیوار و شوێنە ‏گشتییەكان وەك (مزگەوت، كلێساكان، شوێنە پیرۆزە ئاینیەكان و شوێنە كەلتووری و مێژووییەكان) ‏هەڵبواسرێت‎. ‎

شەشەم/ پارك و باخچە گشتییەكان نابێت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەكاربهێنرێت‎. ‎

حەوتەم/ ڕێگە پێدروا نییە وێنە و تابلۆی بانگەشەی هەڵبژاردن لە (قەدی دارەكان، دورگەی ‏ناوەندیی شەقامەكان) دابنرێت و وێنە و دروشمی كاندیدان لە داری باخچە و پاركەكان بدرێت‎.‎

هەشتەم/ نابێت لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردن ئۆتۆمبێلی ( میری ) حكومی بەكاربهێنرێت‎. ‎

نۆیەم/ ڕێگە پێدار و نییە ڕستەی ئاڵای لایەنە سیاسیەكان بەستوونی ڕۆناككەرەوەی شەقامەكان و ‏هێماكانی هاتووچۆ لە ناوشار و دەرەوەی شار و بەردەم كامێراكانی چاودێری هەڵبواسرێت‎. ‎

دەیەم/ لە هەرە حاڵەتێكی سەرپێچی پاش دیكۆمێنتكردن، بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمسیۆنی ‏هەڵبژاردن پێبژاردن بۆ كاندیدان و لایەنەكان دەكرێت‎. ‎

یازدەیەم/ لە ڕۆژی هەڵبژاردن ژووری عەمەلیات لە پارێزگای هەولێر، بە بەشداری نوێنەری ‏سەرجەم لایەنە سیاسیەكان دەبێت، لە دەستپێكردنی پڕۆسەی دەنگدان تا كۆتایی هاتنی پڕۆسەكە، ‏هەر سەرپێچیەك لە بنكەكانی هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت ئاگاداری ژووری عەمەلیاتی پارێزگای ‏هەولێر دەكرێتەوە، پاشان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار چارەسەر دەكرێت‎. ‎

دوازدەیەم/ بۆ ئەنجامدانی هەر گردبوونەوەیەكی جەماوەری بە مەبەستی بانگەشەی هەڵبژرادن ‏لەشوێنی گشتیی، لە پێناو پاراستنی ئاسایشی شارەكەمان و گربوونەوەكە، دەبێت ڕەزامەندی ‏لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێر وەربگیرێت‎.‎

سێزدەیەم/ هەر بەربژێرێك پابەند نەبێت بە ڕێنماییەكان، پۆستەر و بانگهێشتەكەی لەلایەن ‏تیمەكانی شارەوانی لادەدرێت و كاردانەوەی یاسایی لەگەڵ دەكرێت‎.‎

چواردەیەم/ هەر كەس و لایەنێك بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن چەك ببەخشێتەوە، بەپێی یاسای چەك ‏مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت و ڕووبەڕووی ڕێكاری یاسایی دەبێتەوە‎.‎

پازدەهەم/ بە هەموو شێوەیەك بانگەشەی هەڵبژاردن ( بەجلی سەربازی، ئۆتۆمبیلی سەربازی ) ‏قەدەغەیە، و هەركەس و لایەنێك پابەند نەبێت، ڕووبەڕووی ڕێكاری یاسایی دەبێتەوە‎.‎

شازدەهەم/ پارێزگاریكردن لە وێنەی كاندیدانی ئافرەت و پاراستنیان لەكاتی بانگەشە، ئەركی ‏هەوموولایەكە، هەركەس و لایەنێك بێڕیزی بە وێنەكانیان و شێواندنیان بكات، ڕووبەڕووی ڕێكاری ‏یاسایی دەبێتەوە‎.‎

حەڤدەهەم/ دوای تەوابوونی پڕۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن، كاندیدان بەرپرسن لە كۆكردنەوەی ‏پۆستەر و وێنەكانیان، بە پێچەوانەوە بەپێ بژاردن سزادەدرێن‎.‎

لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێر
‎2025.10.2‎