
پەرەگراف
گرێبەستی پەرەپێدانی چوار كێڵگەی نەوتی كەركووك و نۆژەنكردنەوەی دامەزراوە غازییەكانی پارێزگاكە لەگەڵ كۆمپانیا بەریتاییەكە كارا كرا، ئەویش دوای واژووكردنی لەلایەن نوێنەری هەردوو كۆمپانیای نەوتی باكوور و كۆمپانیای غازی باكوور لەگەڵ كۆمپانیای بریتش پترۆلیۆم (BP).
گرێبەستی كاراكردنەكە بە سەرپەرشتیی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، بەڕێوە چوو. عەبدولغەنی ڕایگەیاند كە وەزارەتی نەوت سوورە لەسەر زیادكردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو و غاز لە كەركووك، لەپێناو پاڵپشتیی ئابووریی نیشتمانی و دابینكردنی پێداویستییەكانی سووتەمەنی.
وەزیری نەوت، گرێبەستی پەرەپێدانی چوار كێڵگەكەی كەركووكی بۆ "گرێبەستێكی ئومێدبەخشە" وەسف كرد، كە كێڵگەكانی (كەركووك بە هەردوو قوبەی ئاڤانا و بابا گوڕگوڕ- جەمبوور- بای حەسەن و خەباز) لەخۆ دەگرێت، ئەمە جگە لە نۆژەنكردنەوەی دامەزراوەكانی كۆمپانیای غازی باكوور بەمەبەستی زیادكردنی ئاستی بەرهەمهێنانی غاز بۆ دابینكردنی سووتەمەنیی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا.
وەكوو حەیان عەبدولغەنی ڕایگەیاند، تێكڕای ئاستی بەرهەمهێنانی بەرایی بریتییە لە (328 هەزار) بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، ئەمە وەكو دەستپێكی گرێبەستەكە. وتیشی "وەزارەت دەیەوێت هەم بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە كەركووك بەرز بكاتەوە، هەم وەبەرهێنانیش لە غازی هاوەڵدا بكات، ئەمە جگە لە ڕاكێشانی دەستی كار لە سنووری كەركووك و ئەو پارێزگایانەی كە لێیەوە نزیكن، لەگەڵ فەراهەمكردنی سووتەمەنی بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا و پیشەشازییە ناوخۆییەكانی دیكە".
ڕۆژی 10-03-2025، وەزارەتی نەوتی عێراق واژووكردنی گرێبەستی بۆ پەرەپێدانی چوار کێڵگەی نەوتی کەرکووک لەگەڵ کۆمپانیای بی پی بەریتانی ڕاگەیاند. گرێبەستەکە بە سەرپەرشتیی وەزیری نەوت واژوو کرا، بە ئامانجی زیادکردنی بەرهەمی نەوتی کەرکووک لەڕێی پەرەپێدانی کێڵگەکانی ئاڤانا، باباگوڕگوڕ، بای حەسەن، خەباز و جەمبوور.
وەزیری نەوتی عێراق واژووکردنی گرێبەستی پەرەپێدانی کێڵگەکانی کەرکووکی بە "دەستکەوتێکی گەورە" ناو برد و وتی: پەرەپێدان و نۆژەنکردنەوەی کێڵگەکان، بڕی بەرهەمی نیشتمانی زیاد دەکات، هاوکات بەرهەمی غازیش بەرز دەکاتەوە بۆ پاڵپشتیکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا.
مانگی ئابی 2024 یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەنێوان بریتیش پترۆلیۆم و وەزیری نەوتی عێراق واژوو کرا بۆ پەرەپێدانەوەی کێڵگەی نەوتی کەرکووک کە لە نزیکەی 250 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بەرهەم دەهێنێت.
مۆرای ئۆچینکلۆس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای بریتیش پێترۆلیۆم (بی پی) پێشتر ڕایگەیاند، پێنج ناوچەی دەوڵەمەند بە یەدەگی نەوت لە کێڵگەکەدا هەیە کە خۆی دەبینێتەوە لە 20 ملیار بەرمیل نەوت، هەلومەرج و باردۆخ لە ئێستادا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لەبارە، حکومەتی عێراق کە ئامادەیە لەگەڵ ئێمەدا لە دۆخێکی ئەمنی زۆر سەقامگیرتردا کاربکات.
ئەم هەنگاوەی کۆمپانیاکە ئاماژەیە بۆ گەڕانەوەی فراوانی کارەکانی بریتیش پێترۆلیۆم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. کۆمپانیای بریتیش پێترۆلیۆم لە ئێستادا بەشێوەیەکی سەرەکی کار لە کێڵگەی نەوتی ڕومێلە لە بەسرە دەکات کە ئەو کێڵگەیە نزیکەی یەک لەسەر سێی بەرهەمی نەوتی خاوی عێراق بەرهەم دەهێنێت.