وەزارەتی سامانە سروشتییەکان: هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دووبارە دەستی پێكردەوەو بەردەوامە

پەرەگراف- وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند: ئەمڕۆ بەهۆی دروستبوونی چەند كێشەیەكی تەكنیكی لە بەندەری جەیهانی توركی، هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەرەكە ڕاوەستا، لەكاتی ئێستادا ئەم كێشانە بەتەواویی چارەسەركراون و هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دووبارە دەستی پێكردەوەو بەردەوامە.
ڕۆژی 27-9-2025 هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێی کۆمپانیای سۆمۆی عێراق دەستی پێکردەوە دوای 30 مانگ ڕاوەستان.
پارەی فرۆشی نەوتی هەرێم دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی فیدراڵی لە بەغذادو بەپێی ڕێککەوتنی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق پێویستە مووچەی هەرێم ڕەوانە بکرێت.
مووچەخۆرانی هەرێم هێشتا مووچەی مانگی حەوت وەردەگرن و مانگەکانی هەشت و نۆیان لای حکومەتە، حکومەتی هەرێم داوا دەکات هیچ مووچەیەکی ئەمساڵ نەفەوتێت، بۆ ئەوەش پێویستە بەغداد لە مانگێکدا دوو مووچە ڕەوانە بکات، بەڵام هێشتا دیار نییە بەغداد ئەوکارە دەکات یان نا.