
پەرەگراف
ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە جەخت دەكاتەوە كە لەم قۆناغەدا "بەرەوپێشچوون"ـی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، لەسەر "هەنگاوە یاسایی و سییەكان"ـی بەندە. عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕایشیدەگەیەنێت "سەدەی نوێی كۆمار (توركیا) دەبێت لەسەر بنەمای ئاشتی و دیموكراسی بونیاد بنرێت". پێشنیازیش بۆ شاندی دەمپارتی دەكات كە "لە هەموو پەیوەندییە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكاندا، گفتوگۆی دیموكراسی باڵادەست بكرێت".
دوێنێ هەینی 03-10-2025، ئەندامانی شاندی ئیمراڵی (پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار، پەرلەمانتارانی دەمپارتی و پارێزەر فایەق ئۆزگور ئەرۆڵ)، سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)یان لە ئیمراڵی كرد و ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوێكیان لەوبارەیەوە بڵاو كردەوە.
كۆبوونەوەی شاندی ئیمراڵی لەگەڵ ئۆجەلان سێ كاتژمێر و نیوی خایاندووە. شاندەكە دەڵێت "ئۆجەلان وەك هەموو جارەكان بە ورەیەكی بەرز و متمانەبەخۆبوونێكی بەرزەوە دەركەوت".
بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی دەمپارتی، ڕێبەری پەكەكە وتوویەتی "پڕۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراسی كە ساڵی ڕابردوو دەستی پێ كرد، شەڕ و پێكدادانی لە وەستاند و ڕێگری لە زۆر مەترسیی گەورە كراوە". ڕۆڵی هەموانیشی لەو پرۆسەیەدا بەرز نرخاندووە.
"شارستانییەت دوای سێ سەدە لە پێكدادانە وێرانكەر و زیانە گەورەكانی شەڕە جیهانییەكان، دیموكراسی و گفتوگۆی وەك مۆدێلێكی گرنگی چارەسەر پێشخست. ئەم ڕێبازە دەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆیی و دەرەكییەكانی توركیا بە بنەما بگیرێت"، ڕێبەری پەكەكە وای وتووە.