وەزیری نەوت: زیاتر لە یەك ملیۆن بەرمیل نەوت لە هەرێم وەرگیراوە

04-10-2025 01:43

پەرەگراف

وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، تا ئێستا زیاتر لە یەك میلۆن بەرمیل نەوتی ‏هەرێمی كوردستان لەلایەن كۆمپانیای سۆمۆوە وەرگیراوە، كەشتییەك نەوتیش بار ‏كراوە و ڕەوانەی ئەو شوێنە دەكرێت كە گرێبەستی فرۆشتنی نەوتەكەی لەگەڵ ‏كراوە.‏

ئەو بڕە نەوتەی كە وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی پێ‌ دەكات، لە ماوەی یەك ‏هەفتەدا لە دوای دەستپێكردنەوەی پرۆسەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی ‏كوردستان ڕادەست كراوە. هەرچەندە هێشتا بە تەواوی ڕوون نییە كە ڕۆژانە ‏چەند هەزار بەرمیل نەوت ڕادەست دەكرێت، بەڵام بەپێی لێدوانەكە، دەكاتە ‏دەوروبەری 150 هەزار بەرمیل، لەكاتێكدا بەپێی ڕێككەوتن دەبێت لە سەرتاوە ‏ڕۆژانە بەلای كەمەوە 230 هەزار بەرمیل ڕادەست بكرێت.‏

ئەمڕۆ شەممە 04-10-2025، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، بە ‏ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند، بەر لە چەند ڕۆژێك پرۆسەی پەمپكردنی ‏نەوتی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی هەناردەكردنەوەی بۆ بەندەری جەیهانی ‏توركیا لە ڕێگەی بۆرییەوە، دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە ڕاگیرانی بە ئەنجام ‏گەیشتووە و بۆ یەكەمجار حكومەتی فیدراڵی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی ‏كوردستانی وەرگرتووە و پرۆسەی هەناردەكردنی بۆ دەرەوەی عێراق لە ئەستۆ ‏گرتووە.‏

سەبارەت بە بڕی ئەو نەوتی كە تا بەیانیی ئەمڕۆ ڕادەست كراوە، وەزیری نەوتی ‏عێراق بە "زیاتر لە یەك ملیۆن بەرمیل" ناوی بردووە و لەو بڕەش یەك كەشتی ‏نەوت بار كراوە كە توانای هەڵگرتنی 650 هەزار بەرمیلی هەیە، نەوتهەڵگرەكە لە ‏بەرندەری جەیهان جێگیر بووە و بەزوویی ئاڕاستەی ئەو شوێنە دەكرێت كە ‏گرێبەستی پێفرۆشتنی نەوتەكەی لەگەڵ ئەنجام دراوە.‏

عەبدولغەنی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی بە "دەستكەوتێكی گەورە"ـی ‏هەردوو حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان ناو بردووە.‏