
پەرەگراف- ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، مەسرور بارزانی نامەیەکی بۆ سودانی ناردووە و داوای کردووە گرنگی بە بۆچوونی ئەنجوومەنی دەوڵەت نەدرێت لەبارەی کێشەکانی پەیوەست بە داهات و دارایی لە نێوان هەردوو حکومەت.
سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، حکومەتی هەرێم ئامادەیە بەشی گەنجینەی فیدراڵی بۆ مانگەکانی هەشت و نۆ بدات، لە بەرامبەر ناردنی مووچەی ئەو دوو مانگە، بەڵام هێشتا حکومەتی عێراق ڕەزامەندی نەداوە بۆ ناردنی مووچەی ئەو دوو مانگە.
لەبارەی ڕێککەوتن لەسەر بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کە بۆ ماوەی سێ مانگ ڕێککەوتن کراوەو هەرێم مانگانە ١٢٠ ملیار دینار ڕادەستی بەغداد دەکات، حکومەتی عێراق داوای ڕای ئەنجومەنی دەوڵەتی کردووە لەسەر ئەم پرسە، بەڵام هەرێمی کوردستان ڕای ئەنجومەنەکە ڕەت دەکاتەوە.
ئومێد سەباح وتی "بەداخەوە ئەنجومەنی دەوڵەت کە ئەنجومەنێکی ڕاوێژکارییەو بڕیارەکانی پابەندکەرنین بۆ هیچ لایەک بەتایبەت حکومەتی هەرێم کە لایەنێک نییە داوای ئەو ڕاوێژەی کردبێت، تەفسیرێکیان کردووە بۆ بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی ناوخۆی هەرێم کە پێچەوانەی دەستوورو یاسایە، لە دواین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاردرا کە نامەیەک بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق بنێردرێت و سەرۆکی حکومەتی هەرێم نامەکەی واژۆ کردووەو داوا کراوە ڕای ئەنجومەنەکە بەهەند وەرنەگیرێت".
"بژاردەی ئێمە ئەوەیە لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی نێوان هەردوو حکومەت چۆن لەسەر نەوت ڕێککەوتین لەسەر داهاتی ناوخۆیش ڕێکبکەوین، پێشنیارو پرۆپۆزەڵی باشی دەستووری و یاساییمان پێشکەش کردووەو هیوادارین حکومەتی فیدراڵی بەدەمیەوەبێت، پێموایە ئەمەش نابێتە کێشەو هیوادارین بگەینە ڕێککەوتن" سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران وای وت.