شاسوار عەبدولواحید: كەیسەكەم سیاسییە و بە هیچ شێوەیەك یاسایی نییە

06-10-2025 12:06

پەرەگراف

‏"كەیسەكەم بە هیچ شێوەیەك یاسایی نییە، چونكە لە ساڵی 2019ـەوە ئەم كەیسە هەبووە، تا ‏ئێستا ئیشیان لەسەر نەكردبوو، لە 08-02-2025یش فەرمانی دەستگیركردنم بۆ دەرچووە بێ ‏ئەوەی ئاگاداربم، دواتریش بە غیابی حوكم درام"، ئەمە نوێترین قسەی شاسوار عەبدولواحید، ‏سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێیە.‏

شاسوار عەبدولواحید كە پێی وایە كەیسەكەی بەسیاسی كراوە، "كات و شوێن"ـی ‏دەستگیركردنەكەی بە جێگای پرسیار ناو دەبات و دەشپرسێت "ئەی لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوو ‏كە لەو شارەدا بووم و لە ڕێگەی فڕۆكەخانەوە گەشتم كردووە، بۆچی دەستگیر نەكراوم؟".‏

دوێنێ‌ یەكشەممە 05-10-2025، شاندێكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بە سەرۆكایەتیی مونا ‏یاقۆ، سەرۆكی دەستەكە، بۆ بەشداریی لە پرۆسەی دادگاییكردنی سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ‏سەردانی سلێمانیی كرد و دواتریش لە چاكسازیی گەوران سەردانی كرد.‏

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەڵێت "بەهۆی ئەوەی شاسوار عەبدولواحید داوای تەمیزی ‏كەیسەكەی كردووە و چاوەڕێی وەڵامی دادگای تەمیزی هەرێمی كوردستان دەكات، بۆیە ‏دادگاییكردنی دواخست".‏

بەپێی ڕاگەیەندراوی دەستەی مافی مرۆڤ، شاسوار عەبدولواحید وتوویشیەتی "لە ڕووی تەندروستی ‏و شوێن و مامەڵەكردنی هێزە ئەمنییەكانەوە كێشەم نییە". هەروەها داوایشی كردووە دەستەی ‏مافی مرۆڤ "ڕۆڵی گرنگ"ـی خۆی ببینێ و لە ڕووی یاساییەوە چاودێریی دۆسیەكەی بكات.‏

نوێ‌ دەكرێتەوە...‏