
پەرەگراف- ڕاگەیاندنی فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕایگەیاند، تورکیا قەدەغەی گەشتەکانی سەر فڕۆکەخانەکەی بۆ ماوەی سێ مانگی دیکە درێژکردەوەو تا 6ی کانوونی دووەمی 2026 بەردەوام دەبێت.
تورکیا لە 3-4-2023دا ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی ئەو فڕۆکانەدا داخست کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ نیشتنەوەیان بەرزبوونەوە بەکاردەهێنن، بڕیارەکەی تورکیا سەرەتا بۆ ماوەی سێ مانگ بوو، بەڵام دووتر چەند جارێک درێژکرایەوەو تا ئەمڕۆ بەردەوامە.
ئەوکات وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئەوکات دوای ڕاگرتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی، هۆکاری داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی سلێمانیدا ئاشکرا کردو وتی: "بەهۆی چالاکییەکانی پەکەکەوەیەو لە چوارچێوەی هەوڵەكانی رووبەرووبوونەوەی پارتی كرێكارانی كوردستانە". وەزارەتی دەرەوەی تورکیا وتیشی "چالاکییەکانی پەکەکە لە سلێمانی زیادیان کردووەو دزەیان کردووەتەناو فڕۆکەخانە، ئەوەش هەڕەشە لە ئاسایشی فڕۆکەوانی دەکات".
بەرپرسانی سلێمانی بەردەوام تۆمەتەکانی تورکیا ڕەتدەکەنەوەو جەخت لە مەدەنی بوونی فڕۆکەخانەکە دەکەنەوە.