ئاگربەستى سەرتاسەرى لە سووریا ڕاگەیەندرا

07-10-2025 02:20
ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدى پاش واژووکردنى ڕێککەوتنى پێشووى نێوانیان لە ١٠ی ئازاری ٢٠٢٥

پەرەگراف

شاندێکى ڕۆژئاواى کوردستان بە سەرۆکایەتیى مەزڵووم عەبدى لە دیمەشق لەگەڵ ئەحمەد شەرع و بەرپرسانى باڵاى حکومەتى کاتى کۆبووەوە. وەزیرى بەرگریى سووریا ڕایگەیاند "لەسەر ئاگربەستى سەرتاسەرى لە سووریا ڕێککەوتین".

مورهەف ئەبوو قەسرە، وەزیری بەرگریی حكومەتی كاتیی سووریا، ڕایگەیاند "كەمێك لەمەوبەر لەگەڵ مەزڵوم عەبدی لە دیمەشقی پایتەخت كۆبووینەوە و لەسەر ئاگربەستێكی گشتگیر لە هەموو بەرەكانی شەڕ و خاڵە سەربازییەكان لە باكوور و باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕێككەوتین".

وەزیری بەرگریی سووریا جەختی كردووەتەوە كە ڕێككەوتنی ئاگربەست "دەستبەجێ" جێبەجێ‌ دەكرێت.

پیشتر ئاژانسی هەواڵی (هاوار نیوز)ـی نزیك لە هەسەدە و یەپەگە بڵاوی كردەوە، بەیانیی ئەمڕۆ شاندێكی ئیدارەی خۆسەر كە پێكهاتوون لە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر و ڕۆهلات عەفرین، فەرماندەی یەكینەكانی پاراستنی ژن (یەپەژە)، گەیشتووەتە دیمەشق.

شاندەكەی ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆككۆماری ڕاگوزەری سووریا و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا كۆبووەتەوە.

سەردانەكە پاش گرژییەكانی شەوی ڕابردووی هەردوو گەڕەكی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوودی كوردنشینی شاری حەلەب دێت. هەروەها پاش ئەوە دێت كە دوێنێ‌ بەرپرسانی ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ تۆم باراك، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا و ئەدمیرال براد كوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا (سێنتكۆم) كۆبوونەوە.