نێچیرڤان بارزانی: باوەڕ ناكەم بەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كابینەی حكومەتی هەرێم پێك بهێنرێت

08-10-2025 06:45

پەرەگراف

پاش نزیكەی ساڵێك لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، هێشتا كابینەی حكومەت پێك نەهێنراوە. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی پارتی، دەڵێت "لەگەڵ یەكێتی قۆناغی زۆر گرنگمان بڕیوە، بەڵام باوەڕ ناكەم بەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كابینەی حكومەتی هەرێم پێك بهێنرێت".

سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەرباری ڕەخنەگرتنیش لە عێراقە بەوەی كە "بەناو فیدراڵییە و لە ناوەرۆكدا ناوەندییە"، بەڵام ئەمڕۆ لە دیداری میریدا جەختی كردەوە كە "قووڵایی ستراتیژیی هەرێمی كوردستان بەغدادە و دەبێت لەگەڵ بەغداد بگەینە ئەنجام".

هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 20-10-2024 بەڕێوە چوو، یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمانیش لە 02-12-2024 ئەنجام درا، لەوكاتەوە پارتی و یەكێتی لە دانوستاندان بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێم، بەڵام تا ئێستا لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان ڕێك نەكەوتوون و بەوهۆیەوە هەڵبژدارنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و كۆبوونەوەكانی ئەو دامەزراوە یاساییەش پەكی كەوتووە.

لە كاتی بەشداریكردنی لە پانێڵێكی دیداری میری كە لە شاری هەولێر بەڕێوە دەچێت، نێچیرڤان بارزانی دانی بەوەدا نا كە "پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم زۆری خایاند"، بەڵام دەڵێت "ئەوەی كە گرنگە، ئەوەیە پەیوەندیی ئەم دوو هێزە (یەكێتی و پارتی) زۆر لە جاران باشترە".

"ڕاستە نەگەیشتووینەتە پێكهێنانی حكومەت، بەڵام قۆناغی زۆر گرنگمان بڕیوە، بۆ نموونە: ئێمە دەربارەی بۆچوونی سیاسیی خۆمان بۆ ئایندەی ئەم وڵاتە و چۆنێتیی ئیدارەكردنی لەگەڵ بەغداد، وەرەقەیەكی هاوبەشمان دروست كردووە، ئەوەی زۆرتر ماوەتەوە لەسەر ئەوەیە چ پۆستێك بۆ كێ بێت"، نێچیرڤان بارزانی وای وت.

سەبارەت بە كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی، سەرۆكی هەرێم پێی وایە "گەورەترین كێشەی عێراق ئەوەیە كەس نازانێت سیستمێكی فیدراڵییە یان ناوەندی؟"، ئەو دەڵێت "لە ڕووی كرداری ڕۆژانەوە، زۆر زۆر ناوەندییە، بەناو پێی دەگوترێت عێراقی فیدراڵی، بەڵام لە ناوەڕۆكدا عێراق هەموو شتێكە بەس فیدراڵی نییە".

نێچیرڤان بارزانی هۆكاری كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداد بۆ "جێبەجێنەكردنی دەستووری عێراق وەكوو خۆی" دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت "ئەوەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەیكەن، لە هیچ سیستمێكی فیدراڵیدا نییە".

سەرۆكی هەرێم، هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراقیشی لە ڕووی گرنگییەوە بە هاوشێوەی هەڵبژاردنی ساڵی 2005 چوواند و بە "دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێ لە عێراق‌ و ناوچەكە" ناوی برد، بۆیە داوای لە خەڵكی كوردستان ‌و عێراق كرد كە بەشداریی هەڵبژاردنەكە بكەن.