ئیسرائیل و حەماس لەسەر قۆناغى یەکەمى ئاگربەستى غەززە ڕێککەوتن

09-10-2025 02:59

پەرەگراف

ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس واژوویان لەسەر قۆناغی یەكەمی ئاگربەستی غەززە كرد. دۆناڵد ترەمپ ڕێككەوتنەكەی ڕاگەیاند و بە "كۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە" ناوی دەبات و دەڵێت "بارمتەكان ئازاد دەكرێن و ئیسرائیلیش هێزەكانی دەكشێنێتەوە بۆ ئەو هێڵەی لەسەری ڕێككەوتوون". وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕایگەیاند "ڕێگە بە چوونەژوورەوەی هاوكاریی مرۆیی و خۆراك بۆ غــەززە دەدرێت".

كاتژمێر ٠٢:٠٠ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە کاتى هەرێمى کوردستان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ڕایگەیاند "ئیسرائیل و حــەماس واژوویان لەسەر قۆناغی یەكەمی ئاگربەستی غــەززە كرد".

كەمێك دواتریش بزووتنەوەی حــەماس ڕایگەیاند "ڕێككەوتنێك ڕادەگەیەنین بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگی غــەززە، كشانەوەی داگیركاری، هاتنە ناوەوەی هاوكاری و ئاڵوگۆڕی زیندانیکراو و بارمتەكان".
ڕێككەوتنەكە بە نێوەندگیریی قەتەر، میسر و توركیا واژوو كرا. ترەمپ و حەماس سوپاسی ئەو وڵاتانەیان كرد.

حــەماس داوا لە سەرۆكی ئەمریكا و دەوڵەتانی گەرەنتیكار و لایەنە عەرەبی و ئیسلامییەكان دەكات، "ئیسرائیل پابەند بكەن بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە بە تەواوی".

هاوكات بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، ڕایگەیاند "سبەینێ (پێنجشەممە) كۆبوونەوەی حكومەت ئەنجام دەدەین بۆ پەسەندكردنی ڕێككەوتنەكە". نەتەنیاهوو دەشڵێت "هەموو بارمتەكانی ئیسرائیل دەگەڕێنینەوە".

ماڵپەڕی ئەكسیوسی ئەمریكی لە زاری بەرپرسێكی ئەمریكاوە بڵاوی كردەوە "جەنگی غەززە كۆتایی هات و پاش ٧٢ كاتژمێر لە پەسەندكردنی ڕێككەوتنەكە لەلایەن كابینەی حكومەتی ئیسرائیلەوە، بارمتەكانی ئیسرائیل ئازاد دەكرێن". دواتريش ترەمپ ڕایگەیاند "ڕۆژى دووشەممەى داهاتوو بارمتە ئیسرائیلییەکان بە زیندوو و مردوویانەوە ئازاد دەکرێن".

بەرپرسانى کۆشکى سپى دەڵێن، لە دواى پەسەندکردنى ڕێککەوتنەکە لەلایەن كابینەی حكومەتی ئیسرائیلەوە، کشانەوەى سوپاى ئیسرائیل بۆ ئەو هێڵەى دیارى کراوە، تەنیا ٢٤ کاتژمێرى پێویستە.

بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی فرانس پرێس، "بارمتە زیندووەكانی ئیسرائیل لە بەرانبەر ئازادكردنی نزیكەی دوو هەزار زیندانكراوی فەلەستینی ئازاد دەكرێن". حەماس لیستى زیندانیکراوە فەلەستیینییەکانى ڕادەستى ئیسرائیل کردووە و چاوەڕوانى دەربڕینى ڕەزامەندییە لەسەرى.

دواى واژووکردنى ڕێککەوتنەکە، نەتەنیاهوو پەیوەندییەکى تەلەفۆنیى لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ ئەنجام دا و سوپاسى کرد، هەروەها بانگهێشتى کرد بۆ پێشکەشکردنى وتارێک لە کنێست (پەرلەمانى ئیسرائیل). ترەمپیش بانگهێشتەکەى قبووڵ کرد و لە ڕۆژانى داهاتوودا دەچێتە ئیسرائیل.

بەر لەوەش، عەبدولفەتاح سیسى، سەرۆککۆمارى میسر، بانگهێشتنامەیەکى هاوشێوەى ئاراستەى سەرۆکى ئەمریکا کرد بۆ سەردانکردنى قاهیرە و ئامادەبوون لە مەراسیمى واژووکردنى ڕێککەوتنى ئاگربەستى غەززە. سەردانى ترەمپ بۆ قاهیرەش چاوەڕوانکراوە.