
پەرەگراف- هەكار مەحمود
ئەو تەقینەوەیەی كەشتییەكی بازرگانی ئیسرائیلی لە دەریای عومان كردە ئامانج، گرژی و ئاڵۆزییەكی زیاتری خستە نێوان تەلئەبیب و تاران، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، ئێران تۆمەتبار دەكات بە دەستهەبوون لە تەقینەوەكەداو هەڕەشەی هێرشكردنەسەر ئەو وڵاتە دەكات، بەڵام ئێران بەرپرسیارێتییو دەستهەبوون لەو ڕووداوەدا ڕەتدەكاتەوە.
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، ئەمڕۆ دووشەممە لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ڕادیۆی فەرمی ئیسرائیل، وتی "دیارە ئەم كارە ئێرانییە"، هەڕەشەی وەڵامدانەوەیەكی توندیشی كردو وتی "لەهەموو لایەكەوە هێرش دەكەینەسەر ئەو وڵاتە".
ناتانیاهۆ جارێكی دیكە ئێرانی بە گەورەترین دوژمنی ئیسرائیل ناوبرد،، باسی لەوەش كردووە بە ڕێككەوتن و بێ ڕێككەوتن، ڕێگە نادەن ئێران چەك و هێزی ئەتۆمیی هەبێت، ئەو هەڵوێستەشیان بە جۆ بایدن سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ڕاگەیاندووە، ئەوەش لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا كە دوو هەفتە پێش ئێستا لەگەڵیدا ئەنجامیداوە.
تەقینەوەكە ڕۆژی هەینی ڕابردوو لەسەر كەشتیی (MV Helios Ray) ئەنجامدرا كە لە ڕێگادابووە بۆ سەنگافورە، بەو هۆیەشەوە چەند زیانێكی پێگەیشت، بۆ چاككردنەوەشی ڕۆژی یەك شەممە گەیشتە بەندەری ڕاشد لە دوبەی.
خاوەندارێتی كەشتییەكە دەگەڕێتەوە بۆ بازرگانێكی ئیسرائیلی، ئەمەش بە یەكەم هێرش دادەنرێت كە ڕوبەڕوی كەشتییەكی بازرگانی ئەو وڵاتە ببێتەوە، بەڵام پێشتر كەشتی نەوتیی و بارزگانی دیكە ڕوبەڕوی هێرش بونەتەوە.
یەك ڕۆژ دوای تەقینەوەكە، بینی گانتس وەزیری بەرگری ئیسرائیل، ڕایگەیاند "بەپێی هەڵسەنگاندنی سەرەتایی، ئێران بەرپرسە لە تەقاندنەوەی كەشتی (MV Helios Ray)، لەكاتێكدا سەرقاڵی داگرتنی چەند شمەك و كاڵایەك بووە لە بەندەرەكانی ناوچەكە".
لەبەرامبەردا سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، تۆمەتەكانی ئیسرائیلی لەبارەی وەستان لە پشت تەقاندنەوەی كەشتییە ئیسرائیلییەكە ڕەتكردەوە و وتی "هیچ بنەمایەكی ڕاستی نییە".
لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە ئەمڕۆ دووشەممە لە تاران سازیكرد، خەتیب زادە ئیسرائیلی تۆمەتباركرد بەوەی دەیەوێت "ئاسایشی ناوچەكە تێكبدات"، چونكە هێمنیی "كەنداوی فارس" بۆ وڵاتەكەی زۆر گرنگە.
ئەڵغامی ئاویی
ئاژانسی ڕۆیتەرز لەسەر زاری وەزیری بەرگری ئیسرائیلەكەوە ئاشكرای كردووە، "ئێران ئەڵغامی ئاویی بۆ تەقینەوەكە بەكارهێناوە" لە دەریای عوماندا.
هاوكات ڕامی ئۆنگەر خاوەنی كەشتییەكە، پێشتر بە میدیای ئیسرائیلی ڕاگەیاندبوو، زیانەكانی كەشتییەكە دوو درزە، تیرەی هەر یەكێكیان مەتر و نیوێكە، بەڵام هێشتا دیارنییە تەقینەوەكە موشەك بووە یاخود ئەڵغامێك كە بە كەشتییەكەوە نوسێنراوە.
هەروەها بەرپرسێكی بەرگریی ئەمریكی وتی: درزەكان لە لاكانی كەشتییەكەدا دروستبوون، بەڵام هیچ یەكێك لە ستافەكە بریندار نەبووە و زیانیان پێنەگەیشتووە.
تەقینەوەكە لە كاتێكدایە گرژی و ئاڵۆزییەكی زۆر لە نێوان تاران و تەلئەبیبدا هەیە، بەتایبەت بەهۆی ئەگەری گەڕانەوەی واشنتۆن بۆ ڕێككەوتننامەی ئەتۆمیی ئێران، هەروەها هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل بۆسەر چەند گروپێكی چەكداریی لە سوریا كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیی دەكرێن.
ئەو ئاڵۆزییە نوێیانە دوای ماوەیەك دێت لە كوشتنی موحسین فەخری زادە زانای دیاری ئەتۆمیی ئێران كە لە كۆتایی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو لە نزیك تاران كرایە ئامانج، لەو كاتەشدا ئێران پەنجەی تۆمەتی بۆ ئیسرائیل ڕاكێشاو بە بەرپرسیاری زانی لە ڕووداوەكە.
ئەوە یەكەمجار نییە ئێران تۆمەتبار دەكرێت بە هێرشكردنەسەر كەشتییە بازرگانییەكان لە ئاوەكانی كەنداو، پێشتر ئەمریكا ئێرانی تۆمەتبار كردووە بە هێرشكردنە سەر چوار كەشتیی كە دوانیان سعودی بوون و لە ئایاری 2019 هێرشیان كراوەتەسەر، بەڵام تاران سەرجەم ئەو تۆمەتانەی ڕەتكردۆتەوە.