مەسعود بارزانى: یاساى هەڵبژاردن نادادپەروەرانەیە و دەبێت بگۆڕدرێت

12-10-2025 05:04

پەرەگراف

پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەولێرەوە بە فەرمی بانگەشەی هەڵبژاردنی دەست پێ‌ كرد. مەسعود بارزانی دەربارەى کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغداد دەڵێت "هیوادارم ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتێكی نوێ‌ بهێنێتە پێش و ئەو هەڵانەی كە كراون، چ لای ئەوانەوە و چ لای ئێمەوە، دووبارە نەبنەوە".

دروشمی بانگەشەی پارتی بریتییە لە "هاوبەشی، هاوسەنگی، سازان"، كە بارزانی لە وتاری دەستپێكی بانگەشەكەدا وتی "ئەمانە ئەو سێ‌ بنەما بوون كە ساڵی 2003 دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، بڕیارمان دا عێراقێكی نوێی لەسەر دابمەزرێنین".

مەسعود بارزانی لە وتارەكەیدا، یاسای ئێستای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی بە "نادادپەروەرانە" وەسف كرد و وتی "یاسایەك نییە كە مافی هەر كەسێك بەپێی قەبارە و سەنگی خۆی بدات، هەر كەس و لایەنێك سنووردار كراوە". ڕایشیگەیاند "لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا دەبێت ئەم یاسا بگۆڕدرێت".

سەرۆکى پارتى هۆکارى چارەسەرنەبوونى کێشەکانى نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى عێراقى بۆ جێبەجێنەکردنى دەستوور گەڕاندەوە. بارزانى ژمارەیەک لەو ماددانەى دەستووریشى خوێندەوە کە باس لە مافەکانى هەرێمى کوردستان دەکەن و حکومەتەکانى عێراقى تۆمەتبار کرد بەوەى کە جێبەجێیان نەکردوون.

سەبارەت بە كێشەی نەوت و غاز، مەسعود بارزانی وتی "ساڵی 2007 لە پیرمام، چەندین كۆبوونەوە لەنێوان شاندی هەرێم و شاندی حكومەتی فیدراڵ و پسپۆڕانی وڵاتان كرا، بە ئامادەبوونی باڵیۆزانی ئەمریكا و بەریتانیا. گەیشتینە ڕێككەوتنێكی ڕێكوپێك لەسەر یاسای نەوت و غاز".

"پرۆژەكە چووە ئەنجوومەنی وەیرانی عێراق، وەزیرێك وتبووی كورد ناتوانن جیاوازیی نێوان نەوت و ئاو بكەن، ئێمە بۆچی خۆمان تووشی ئەو پابەندییە بكەین؟! نەیانهێشت یاساكە بڕوات. بۆیە كێشەی نەوت و غاز خەتای بەغدایە"، بارزانی وای وت.

سەرۆكی پارتی هیوایشی خواست ڕێككەوتنی سێقۆڵیی نێوان حكومەتی هەرێم، حكومەتی فیدراڵ و كۆمپانیاكانی نەوت "بەردەوام بێت و ببێتە هۆی ئەوەی هەرچی زووە یاسای نەوت و غاز دەربكرێت".