كوتان بە ڤاكسینی چینیی لە عێراق دەستی پێكرد؛ جیاوازیی چییە لەگەڵ ئەمریكیو بەریتانییەكە؟

پەرەگراف- هەكار مەحمود
كارمەندێكی تەندروستی لە شاری پزیشكی بەغداد یەكەم هاوڵاتیی عێراقی بوو كە ئەمڕۆ ڤاكسینی دژە ڤایرۆسی كۆرۆنای وەرگرت، ئەوەش دوای ئەوەی درەنگانێكی شەوی دووشەممە فڕۆكەیەكی سەربازیی بە بارێكی جیاوازەوە لە فڕۆكەخانەی بەغداد نیشتەوەو یەكەم كاروانی ڤاكسینی دژە كۆرۆنای چینیی هەڵگرتبوو.
ئەو كاروانە لە 50 هەزار پێكوتەی دژە كۆرۆنا پێكهاتبوو، وەك دیاریی لەلایەن چینەوە بەخشراوە بە عێراق.
حەسەن تەمیمی وەزیری تەندروستی عێراق، لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە فڕۆكەخانەی بەغداد ڕایگەیاند، لەگەڵ باڵیۆزی چین ڕێكەوتوون بەم زووانە ملیۆنێك ژەمی دیكەی ڤاكسینی سینۆفارم ڕەوانەی عێراق بكرێت، كە پێشتر لەو وڵاتەیان كڕیوە.
ئەوە یەكەمجارە ڤاكسینی پەتای كۆرۆنا بگاتە عێراق لە دوای ساڵێك لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە، ڤاكسینەكە پشكی هەرێمی كوردستانیشی تێدایە.
د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێم، چەند ڕۆژێك لەمەوبەر لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەو ژمارە ڤاكسینە چینییە، پێنج هەزاریان پشكی هەرێمی كوردستانە، بڕیارە سەرەتاش بۆ ستافی پزیشكی و هێزە ئەمنییەكان بەكاربهێنرێت.
جگە لە ڤاكسینی سینۆفارمی چینی، وەزارەتی تەندروستی عێراق لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی دیكە لە ئەمریكا و بەریتانیا و چین و ڕوسیا ڕێككەوتنی ئەنجامداوە بۆ كڕینی پێكوتەی دژە كۆرۆنا.
ڤاكسینی ئۆكسفۆرد و فایزەر
بەپێی ڕێكەوتنی عێراق و سیستمی كۆڤاكس كە 190 وڵات تێیدا ئەندامنو بە سەرپەرشتی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی بۆ دابەشكردنی ڤاكسینەكانی كۆرۆنا دامەزراوە، پێویستە بەشی %20 لە دانیشتوانی عێراق ڤاكسین دابین بكرێت كە ژمارەی سەرجەمیان 40 ملیۆن كەسە.
لەئێستادا عێراق بڕی 170 ملیۆن دۆلاری لە پارەی ئەو ڤاكسینانە داوە، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتووشدا یەكەم كاروانی ڤاكسینی ئەسترازنیكا – ئۆكسفۆردی پێبگات، هەروەها ڕێككەوتن لەگەڵ بەریتانیاشدا كراوە، بۆ ئەوەی ملیۆنێكو 500 هەزار ڤاكسینی فایزەر بە سێ كاروان بگاتە عێراق.
جیاوازی ڤاكسینی چینی و ئەمریكی و بەریتانی
ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژە بەوە دەكات، ڤاكسینی سینۆفارم بەشێوەی كلاسیكی دروستكراوە، واتە ڤایرۆسێكی لاوازە كە توانای گوێزرانەوەی نییە، واتە چەند بەشێكی مردووی ڤایرۆسەكەیە كە لە تاقیگەدا دروستكراوە، كاتێك دەچێتە جەستەوە تاڕادەیەك چالاك دەبێت و كۆئەندامی بەرگریش لەگەڵ خۆیدا چالاك دەكات دژی ڤایرۆسەكە.
بەڵام فایزەر بیۆنتیك كە بەرهەمی ئەمریكاو ئەڵمانیایە، بە سیستمێكی نوێتر دروستكراوە و زیاتر پشت بە كۆدێكی ناوەكیی دەبەستێت تا لەڕێیەوە بەرگری لەش بەهێزبێت، ئەمە جگە لەوەی ئەمریكا ڤاكسینێكی دیكەی بەناوی مۆدێرنا بەرهەمهێناوە كە بەهەمان شێوە پشتی بە ترشەڵۆكی ناوەكیی بەستووە، هەروەها پێكوتەی ئۆكسفۆردی بەریتانی گۆڕانكارییەكی جینیی لە ڤایرۆسەكەدا كراوە وا دەكات جەستە بەرگری بەرامبەر ڤایرۆسەكە بەهێزبێت.
ڕێژەی كاریگەری ڤاكسینە چینییەكە دەگات 86% بەڵام ڤاكسینی فایزەر و مۆدێرنا ڕێژەی كاریگەرییەكەیان 95%، ئەوەش بەپێی لێدوانەكانی هەردوو كۆمپانیای دروستكەری ڤاكسینەكان، جۆرە بەریتانییەكەش كاریگەرییەكەی بەڕێژەیی 92-90%.
جیاوازییەكی دیكەی ڤاكسینەكان ئەوەیە، سینۆفارم دەتوانرێت لە ساردكەرەوەی ئاساییدا هەڵبگیرێت، بەڵام فایزەر بیۆنتیك پێویستی بە 70 پلە لەژێر سفرەوە هەیە، هەروەها مۆدێرنا دەبێت لە 20 پلەی ژێر سفردا هەڵبگیرێت.
جگە لەو جۆرانە، ڕوسیاش ڤاكسینێكی بەناوی گامالیا دروستكردووە كە لەكاركردنیدا هاوشێوەی ڤاكسینە چینییەكەیەو دەتوانرێت لە پلەی گەرمی ساردكەرەوەی ئاساییدا هەڵبگیرێت، كاریگەرییەكەشی بەڕێژەی 92%.
خاڵی هاوبەشی نێوان ڤاكسینەكانیش ئەوەیە، سەرجەمیان دوو پێكوتەن و لە دووكاتی جیاوازدا بۆ كەسەكە بەكاردەهێنرێن.
تۆماركردنی ئەلەكترۆنی
وەزارەتی پەیوەندییەكانی عێراق بە هاوكاری وەزارەتی تەندروستی پرۆگرامێكی ئەلەكترۆنی داناوە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان ناوی خۆیان بۆ دانانی كاتی كوتانیان دیاری بكەن.
پەیوەندییەكان ئاماژەی بەوەكردووە، هەوڵیانداوە كارەكانیان بە باشترین شێوە و بێ هیچ كێشەیەك ئەنجام بدەن، وەزارەتی تەندروستی پشتگیری لۆجستی پێشكەشكردوون، هەڵمەتەكانی كوتانیش لە نەخۆشخانە و ناوەندەكانی تەندروستی ئەنجام دەدرێن.
هەڵمەتەكانی كوتان سەرەتا لە كارمەندانی تەندروستییەوە دەستپێدەكات، دواتر هێزە ئەمنییەكان و كەسانی بەتەمەن و ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، پاشان هاوڵاتیی ئاسایی.
وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕوپێوییەكی ئەنجامداوە بۆ زانینی ڕای هاوڵاتیان لەسەر هاتنی ڤاكسینی كۆرۆنا، لەئەنجامدا دەركەوتووە تەنها 30% هاوڵاتیان ئامادەن پێكوتەكە بەكاربهێنن و 70%یان ڕەتیدەكەنەوە.