سێ‌ باند دەستگیر كران؛ هەرێم وەكو "ترانزێت" بۆ گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر بەكاردەهێنرێت

02-03-2021 08:08

پەرەگراف

بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەری سەر بە ئاسایشی گشتیی سلێمانی دەستگیركردنی "سێ‌ باندی بەكارهێنان و بازرگانیی ماددەی هۆشبەری لە 48 كاتژمێر"دا ڕاگەیاند. بەڕێوەبەرایەتییەكە دەڵێت "هەرێمی كوردستان وەكو ترانزێت" بۆ گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر بۆ وڵاتانی دیكە بەكار دەهێنرێت.

سێ‌ باندەكە لە "23" كەس پێكهاتوون كە 20یان پیاو و سیانیان ئافرەتن. لە نەتەوەكانی تورك، عەرەب و كوردن و لەناویاندا خەڵكی دەرەوەی هەرێمی كوردستان هەیە.

عەمید پشتیوان بەهادین، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا دەستگیركردنی ئەو باندانەی ڕاگەیاند و وتیشی "چەندین جۆر ماددەی هۆشبەریان پێ‌ بوو و چەندین جۆر ئامێریان بۆ كێشانی ماددەی هۆشبەر بەكار هێنابوو".

"سەرجەمیان لە كاتی كێشان، بازرگانی و گۆڕینەوەی ماددەی هۆشبەردا دەستگیر كراون. هیچ كەسێكمان بە گومان دەستگیر نەكردووە"، عەمید پشتیوان بەهادین وای وت.

بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان لە ماوەی "سێ‌ مانگدا 123 كەس"ی دەستگیر كردووە كە "ماددەی هۆشبەر بەكار دەهێنن، یان بازرگانیی پێوە دەكەن".

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر وتیشی "بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو زیادی كردووە، بەڵام بە ڕێژەیەك نییە كە جێگای ترس بێت بۆ هاووڵاتیان".